دابەشکردنی 1 ملیۆن پارچە زەوی لە عێراق دەستپێدەکات

دابەشکردنی 1 ملیۆن پارچە زەوی لە عێراق دەستپێدەکات.
پووختەی هەواڵەکە:
- لە سەرەتای مانگی 9ی ئەمساڵەوە، دابەشکردنی 1 ملیۆن پارچە زەوی لە عێراق دەستپێدەکات.
- پارێزگاکانی بەغداد، نەجەف، کەربەلا، ئەنبار، واست و میسان ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە.
- ئەولەویەت بۆ ئەو کەسانەیە کە پێشتر سوودمەند نەبوون و خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون نین.
- حکومەت سیستەمی خاڵبەندی پەیڕەو دەکات و لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری کاردەکات.
وەزارەتی نیشتەجێکردنی عێراق بنکەی زانیارییەکانی بۆ گەورەترین پڕۆژەی دابەشکردنی زەوی تەواو کردووە. پرۆسەکە لە مانگی ئەیلوولدا لە 6 پارێزگا دەستپێدەکات و سوود لەو زەوییانە وەردەگیرێت کە لە خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە نزیکن، بەمەبەستی چارەسەرکردنی تەنگژەی نیشتەجێبوون.
وەزارەتی نیشتەجێکردن و ڕێکارەکان:
- وەزارەت بەپشتبەستن بە تۆماری خانووبەرە، بنکەیەکی زانیاریی وردی بۆ داواکاران دروست کردووە.
- لیژنەی تایبەتمەند خاڵبەندی بۆ تەمەن، باری کۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت پەیڕەو دەکات.
- پرۆسەکە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر پارچە زەوی یان خانوو بە ناویانەوە نەبووە.
- حکومەت کاردەکات بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت ڕاسپێرێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی لەو ناوچانەی زەوییەکانی تێدا دابەش دەکرێت.
پارێزگاکان و شوێنی زەوییەکان:
لە پارێزگاکانی بەغداد، نەجەف، کەربەلا، ئەنبار، واست و میسان سەرجەم ڕێکارەکان تەواو کراون و لە سەرەتای مانگی 9 دەست بە دابەشکردن دەکرێت. ئەو زەوییانەی تەرخان کراون بریتین لەو زەوییانەی کە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بوون و ئیحالە نەکراون، هەروەها ئەو زەوییانەی لای دەستەی وەبەرهێنانن و لە ناوچە خزمەتگوزارییەکانەوە نزیکن. لە پارێزگاکانی دیکەش پرۆسەی دۆزینەوە و تەرخانکردنی زەوی بەردەوامی هەیە.



