پڕۆژەی ڕووناکی: 300 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنیان داوەتەوە

پووختەی هەواڵەکە:
- پڕۆژەی ڕووناکی: 18 ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی قەرزی کۆن.
- زۆرینەی ئەو هاوبەشانەى قەرزیان داوەتەوە ماڵانن.
- پڕۆژەی ڕووناکی بۆ هاوبەشان: لە 50 ڕۆژدا پارە نەدەن کارەباکەتان دەبڕدرێت.
بەگوێرە داتا فەرمییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، تاوەکو ئێستا 300 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان قەرزی کۆنیان داوەتەوە. 75٪ـی لە ڕێگەی سیستمی (ئی-پسوڵە) پارەیان داوە.
وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، کە تەنیا 18 ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی قەرزی کۆنی کارەبا و هانی تەواوی هاوبەشان دەدات کە لەم ماوە کورتەدا سوود لە بڕیارەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.
زۆرینەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا قەرزەکانیان داوەتەوە، لە هاوبەشانی ماڵان پێکهاتوون و لە دوای ئەوانیش هاوبەشانی جۆرەکانی دیکە دێن.
- بڕیاری داشکاندنی %50 لە قەرزی کۆن بۆ یەکجارە و درێژ ناکرێتەوە.
- داشکاندنی قەرزی کۆن لە ڕێکەوتی 10ـی ئەیلوولدا بە یەکجاری کۆتایی دێت.
- داشکاندنی قەرزی کۆن پسوڵە نوێیەکانی پڕۆژەی ڕووناکی ناگرێتەوە.
پڕۆژەی ڕووناکی دووپاتی دەکاتەوە کە بڕیاری داشکاندنی 50% بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی، داشکاندنی 25% بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، پیشەوەران و فەرمانگە میرییەکان، تەنیا بۆ یەکجارە و بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە، بەڵکو لە ڕێکەوتی 10ـی ئەیلوولدا بە یەکجاری کۆتایی دێت.



