بەهاوكاریی حكوومەتی هەرێم ئەمڕۆ 126 خێزان دەگەڕێنەوە بۆ شنگال

لە كەمپی ئێسیای سنووری شارۆچكەی شێخان، ئەمڕۆ 126 خێزان دەگەڕێنەوە سنووری شنگال، گەڕانەوەكەش لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی “IOM” و بە هاوكاریی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران لە پارێزگای دهۆكە.
هەڤگەر ئیحسان ئامێدی بەڕێوەبەری كەمپەكە رای گەیاند، ئەمە گەڕی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەكانی كەمپەكەیە و 126 خێزان لەخۆ دەگرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو خێزانانە تەنیا بۆ یەك شوێن ناچنەوە، بەڵكو بەسەر چەندان ناوچە و كۆمەڵگەی جیاوازی شنگالدا دابەش دەبن.
گوتیشی، ئەم گەڕانەوەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێكخراوی “IOM” و دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، كە یارمەتیی داراییان پێشكەش بە خێزانەكان كردووە بۆ ئەوەی بتوانن تێچووی گواستنەوەكەیان دابین بكەن.
هەڤگەر ئیحسان ئامێدی ئاشكراشی كرد، تا ئێستە هەزار و 815 خێزان لە ناو كەمپەكەدا ماونەتەوە. تا ئێستە هیچ قەرەبوویەك لەلایەن لایەنە پێوەندیدارەكانی ترەوە بۆ ئەم ئاوارانە دابین نەكراوە، تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی “IOM” نەبێت، كە بۆ هەر خێزانێك بڕی ملیۆنێك و 558 هەزار دیناریان وەك خەرجی گواستنەوەی كەلوپەلەكانیان پێداون بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.



