ناوەندی دەرەوەی یەکێتی لە ستۆکهۆڵم لەگەڵ رەوەندی کوردی کۆبووەوە

ناوەندی دەرەوەی یەکێتی، لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، کۆبوونەوەیەکی فراوانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییەکان، لایەنە سیاسییەکان، پەرلەمانتارانی سوید و ئەندامانی ڕەوەندی کوردی ڕێکخست.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سالار مەحمود، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە، وتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی ڕەوەندی کوردی لە جۆشدانی خەباتی نیشتمانی و پەرەپێدانی گیانی پێکەوەکارکردندا کردەوە و ئاماژەی بە پێویستیی ڕێکخستنی خەباتی هاوتەریب لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات کرد و پێزانیینی خۆی دەربڕی بۆ تێکۆشانی ڕەوەندی کوردی کە توانیویانە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سڕینەوەی زیهنیەتی پارچەبوون و دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی دابنێن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، عومەر شێخ مووس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕووناکیی خۆی خستەسەر ڕۆڵی مێژوویی ژنانی کورد لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا و داوای کرد تواناکانی ئەم قۆناغەی خەبات بەرەو میکانیزمی هاوچەرخ ڕێکبخرێنەوە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بەڵگەفیلمی «دادە» نمایش کرا، کە گوزارشت بوو لە مێژوو، ژیان و خەباتی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە قۆناغەکانی شاخ و شاردا، کە بە گەرمی لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازیی لێکرا.












