وەزارەتی پەروەردە: پێش دەستپێکردنی خوێندن سەرجەم کتێبەکان دابەش دەکرێن

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنووردارکردنی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز، پرۆسەی گواستنەوەی کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە. ئەمساڵ کتێبەکان لە چاپخانەی مەسار لە وڵاتی ئیمارات چاپ کراون و ڕێکارەکانی گواستنەوەیان قورستر بووە.
حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە، ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا ٧٠٪ی کتێبەکان گەیشتوونەتەوە هەرێمی کوردستان.
ناوبراو دڵنیایی دا کە تاوەکو ٥ی ئەیلوول و پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن، سەرجەم کتێبەکان دەگەن و دابەش دەکرێن.
لەلایەکی ترەوە، پرۆسەی چاکسازی لە پڕۆگرامەکانی خوێندن بەردەوامە و تا ئێستا ٨٠٪ی کارەکانی گۆڕانکاری تەواو بووە، بە جۆرێک بۆ ئەمساڵی خوێندن گۆڕانکاری لە ١١٠ کتێبدا کراوە و بڕیارە تا ساڵی خوێندنی ٢٠٢٨-٢٠٢٩ تەواوی پرۆسەکە بەکۆتا بێت.
هەروەها وەک هەنگاوێکی نوێ، سەرجەم کتێبەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “قوتابخانەی ئەلیکترۆنی” دەخرێنە بەردەستی قوتابیان.



