بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی قامیشلۆدا تێپەڕی

بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، رۆژی 20ی ئابی 1926 بە یەكێك لە رۆژە گرنگەكان لە مێژووی دامەزراندن و نەخشەكێشانی شاری قامیشلۆ دادەنرێت، لەسەردەمی دەسەڵاتی فەرەنسییەكان بەسەر سوریادا. 
كۆنێ رەش مێژوونووسی دیاری رۆژئاڤای كوردستان و نووسەری كتێبی (مێژووی قامیشلۆ) بە دوالاپەڕەی گوت: دوای كۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهان، لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی سایكس -پیكۆ و دابەشكردنی كوردستانی گەورەدا، رێكخستنەوەی وڵاتانی نوێی ناوچەكە جێبەجێ كرا. 
 گوتیشی: بۆ یەكەمجار لە رۆژی 20ی ئابی 1926 فەرەنسییەكان بنكە و بارەگای خۆیان لە قامیشلۆ كردەوە، چونكە قامیشلۆ پێشتر گەڕەكێك بوو لە شاری (نسێبین) لە باكووری كوردستان، بۆیە ئەم رۆژە بووە رۆژی دامەزراندنی شاری قامیشلۆ و فەرەنسییەكان بە شێوەیەكی ئەندازیاریی نوێ نەخشەیان بۆ كێشا.
كۆنێ رەش، دەشڵێت: لەبەر ئارامی و جێگیربوونی هێزەكانی فەرەنسا لە شارەكە، بەشێكی زۆر لە پەنابەرانی كورد لە عەشیرەتەكانی حەسەنان، حەیدەران و ئەو ئەرمەنانەی لە كۆمەڵكوژییەكەی 1915 رزگاریان بووبوو، لەوێ نیشتەجێبوون و رۆلیان بینی لە بنیاتنانی شارەكەدا بە هاوبەشی  لەگەڵ جووەكانی نسێبین. لەوێوە بازرگانی و دوكان و خانوو لەو شارەدا دروستكرا و گەشە بە شارەكە درا.
پێش دامەزراندنی قامیشلۆ تەنیا ئاشی قائیمقامی نسێبین کە خاوەنەکەی قەدور بەگ بوو لەسەر رووباری چەق چەق هەبوو، بەڵام دوای پەیماننامەی فەرەنسا و توركیا و كێشانی سنوورە دەستكردەكان، نسێبین و قامیشلۆ بۆ هەمیشە لەیەكتر دابڕان، زۆربەی سەرچاوەكانم بەڵگەنامە باوەڕپێكراوەكانی فەرەنسییەكان و سەرچاوە خۆماڵییەكانی ناوچەكەمانن.   
كۆنێ رەش، راشیگەیاند: هێڵی شەمەندەفەری بەرلین ـ بەغدا لە ساڵی 1917 گەیەندرایە گوندی تل زیوان، لە رۆژئاڤای كوردستان، ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر گەشەسەندنی شارەكە هەبوو، چونكە بازرگانان بەردەوام كەلوپەلیان لە پارێزگای حەلەب-ەوە دەهێنا بۆ شارەكە، لە دوای ئاشی قەدور بەگ، یەكەم كورد كە لە قامیشلۆ خانووی دروستكرد، د. ئەحمەد نەفس بەگ زازا و عارف بەگ عەباس برای نورەددین زازا بوون، كە بە هاوكاریی مەسیحییەكان خانوویان تێیدا دروست كرد.
لە كۆتاییدا وتی: كاتێك لە ساڵی 1965دا، هاتمە قامیشلۆ، شارەكە بە گەڕەكەكانی، وەك قەدور بەگ، ئەرمەنی، جووەکان، سریانی، بەشێری و ئاشووری ناسرا بوو. هەر گەڕەكێك پێكهاتەیەكی جیاوازی لە خۆگرتبوو، ئێستا پێکهاتووە لە زیاتر لە 20 گەڕەك و زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لەو شارەدا دەژی، بەڵام بە بۆچوونی من قامیشلۆ رەسەنایەتی و رەنگەكانی پێشووی لە دەستداوە، قامیشلۆ پیر بووە، دیمۆگرافیاكەی گۆڕاوە و خەڵكە رەسەنەكەی كۆچیان كردووە، ئەم قامیشلۆیەی كە بە پاریسی خۆرهەڵات و كالیفۆرنیا ناسراوبوو، ئێستا وەك جاران نەماوە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *