سەندیكای هونەرمەندان بۆ میدیاكان: شكۆی هونەرمەندان بپارێزن

ئەنجومەنی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان داوا لە سەرجەم دەزگا میدیاییەكانی هەرێم دەكات خۆیان بەدوور بگرن لە ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەی بەهۆی تەمەن یان نەخۆشییەوە بارودۆخی تەندروستییان تێكچووە، جەختیش دەكاتەوە كە نابێت تەندروستیی هونەرمەندان بۆ ڕاكێشانی سەرنج لە سۆشیال میدیا بەكاربهێنرێت و شكۆیان بشكێندرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، ئەنجومەنی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان، نووسراوێكی رەسمی ئاڕاستەی سەرجەم دەزگا میدیاییەكانی هەرێمی كوردستان كردو داوای پاراستنی شكۆی هونەرمەندان دەكات و رایدەگەینێت: هەندێك لەهونەرمەندان بەهۆی هەڵكشانی تەمەن و تێكچوونی باری تەندروستییانەوە، كاریگەریی لەسەر شێوازی قسەكردن و جەستەیان دروست بووە، بۆیە پێویستە هەمووان رەچاوی ئەو دۆخەیان بكەن و بەچاوێكی رێزەوە لێیان بڕوانن.
لەنووسراوەكەدا سەندیكای هونەرمەندان رەخنە لەهەندێك دەزگای میدیایی دەگرێت و دەڵێت: ماوەیەكە هەندێك میدیا چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە دەكەن كە تەندروستییان باش نییە، ئەمەش كاردانەوەی نەرێنی لە سۆشیاڵ میدیا لێدەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی شكاندنی شكۆی هونەرمەندەكە، كە هەندێك لەو دەزگایانە بە مەبەستی راكێشانی سەرنج یان بە ناوی هاوكارییەوە ئەم كارە دەكەن، بەڵام ئەنجامەكەی زیان گەیاندنە بە كەسایەتی هونەرمەند.
لە كۆتایی نووسراوەكەدا، ئەنجومەنی سەندیكای هونەرمەندان داوا لە سەرجەم میدیاكان دەكات، خۆیان بەدوور بگرن لە نیشاندانی ئەو جۆرە چاوپێكەوتنانەی كە زیان بە شكۆ و ناوبانگی هونەرمەندان دەگەیەنێت و لەبەردەم كامێرادا وەك پێویست دەرناكەون، جەختیش دەكاتەوە كە دەبێت هەوڵەكان تەنها بۆ خزمەتكردنی هونەرمەندان بن بە شێوازێكی شایستە.



