زانکۆی سلێمانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی لەگەڵ ئیسپانیا فراوانتر دەکات

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێم، ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و زەمالە بۆ خوێندکاران تاوتوێدەکات.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ بەهێزکردنی ئامادەییی نێودەوڵەتیی زانکۆی سلێمانی و دروستکردنی پردی زانستی لەگەڵ ناوەندە جیهانییەکاندا، پ.د.کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆ، پێشوازی لە دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کرد.
لە دانیشتنەکەدا، جەخت لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم و زانکۆی سلێمانی کرایەوە؛ بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی ئیسپانیا و بەشداریکردن لە کۆڕ و کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و زەمالە (Scholarship) لە ڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە.
لای خۆشیەوە، نوێنەری حکومەتی هەرێم کورتەیەکی لەسەر کار و چالاکییەکانی سێ ساڵی ڕابردووی لە ئیسپانیا خستە ڕوو، کە تێیدا توانراوە نوێنەرایەتیی هەرێم لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەو وڵاتە بەهێزتر بکرێت و بانگهێشتی رەسمیی وەزارەت و دامەزراوەکان بۆ زانکۆکانی کوردستان ڕێکبخرێت، هاوکات ئامادەییی خۆی بۆ بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگییەکان دەربڕی.



