ئاگەدارییەك لەبارەی جلوبەرگی نوێی قوتابیان

بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە كە جلوبەری قوتابیان لە تەواوی ناوەندەكانی خوێندن گۆڕانكاری بەسەردا بێت و لۆگۆی وەزارەتەكە و ئاڵای كوردستانی بەسەرەوە بێت، جیا لەوەیش رەنگەكان گۆڕاون.
ئێستە كە بەرەو وەرزی كردنەوەی قوتابخانەكان دەرۆین، ژمارەیەكی زۆر لە جلوبەرگی نوێ واتا ئەوانەی كە بوون بە جلوبەرگی ئەمساڵی خوێندن لە بازاڕەكاندا هەن، بەڵام كێشەیەك هەیە كە هاووڵاتییان ئاگەداری بن.
ئەو كێشەیەی لە جلوبەری قوتابیان روویداوە لە جلی قوتابیانی بنەڕەتییە، ئەو رەنگەی كە “مارۆنی” بڕیاری لەسەر دراوە، ئێستە جلێكی تر لە بازاڕدا پەیدا بووە كە لەبری مارۆنی “سووری تۆخە”.
عەبدوڵا نووری فرۆشیارێكی جلوبەرگە و بە “وشە”ی گوت، ئەو جلوبەرگەی هێنراون پێویستە لەسەر ئەو كۆد و رەنگانە بن كە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام ئێستە رەنگێكی سوور كەوتووەتە بازاڕ و بە نرخێكی كەمتر دەفرۆشرێت.
ڕوونیشی كردەوە كە تەواوی جلوبەرگی قوتابیانی بنەڕەتی تا 32 هەزار دینار دەڕوات، بەڵام ئەو رەنگە سوورە كە رەنگی فەرمی نییە بە كەمتر دەفرۆشرێت.
هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە پێویستە هاووڵاتییان ئاگەداری هەڵبژاردنی جلەكان بن لەكاتی كڕیندا.
لە وەزارەتی پەروەردەوە ڕێنوێنی بۆ قوتابخانەكان چووە كە تەنیا ئەو رەنگانە پەسەندە كە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە و هەر گۆڕانكاری و جیاكارییەك لە رەنگەكەدا قبووڵ كراو نییە.



