سەرۆک وەزیرانی عیراق فەرمان دەکات کۆمپانیا نەوتییەکان 24 سەعات کار بکەن

سەرۆک وەزیرانى عیراق لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ وەزارەتی نەوت جەختی لە گرنگی خێراکردنی چارەسەری کردەیی بۆ بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی عیراق کردەوە، هاوکات رێنمایی دا کە کاری کۆمپانیا نەوتییەکان 24 سەعات بەردەوام بێت، بە شێوازێک کە بەردەوامیی پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و زیادکردنی رێژەکانیان دەستەبەر بکات.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: عەلی فالح زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عیراق ئەمڕۆ دووشەممە 17ى8ى2026 سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی وەزارەتی نەوتی کرد، بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی و نەوت و بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بریکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەرجەم فەرمانگە و پێکهاتەکانی ناو وەزارەت.
ئاماژەى بۆ ئەوە کرد: لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو پلان و ستراتیژییانەی کە وەزارەت ئامادەی کردوون، هەروەها میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی قەیرانی گەرووی هورمز و ئەو چارەسەرە پێشنیارکراوانەی بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی عیراق و زیادکردنی تواناکانی هەناردەکردن.
ئەوەى خستەڕوو: هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئێستای کەرتی نەوت کرا، لەوانەش ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن، لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە نائاساییەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت و ئەو دەرئەنجامانەی کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە هاتوەتە ئاراوە و بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی گەورە لە رێژەی هەناردەکردنی نەوتی عیراق، لەم روانگەیەوە، توێژینەوە بۆ سیاسەت و پلان و چارەسەرە رێپێدراوەکان کرا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی قەیرانەکە و دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و بەهێزکردنی دەروازە جێگروەکانی هەناردەکردن.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگی خێراکردنی چارەسەری کردەیی لە رێگەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی بۆرییە نەوتییەکان و گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی عیراق کردەوە.
ئاشکراى کرد: عەلى زەیدى رێنمایی دا کە کاری کۆمپانیا نەوتییەکان 24 سەعات بەردەوام بێت، بە شێوازێک کە بەردەوامیی پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و زیادکردنی رێژەکانیان دەستەبەر بکات.



