وەزارەتى بازرگانیی عێراق خەرجکردنی 350 ملیار دینارى شایستەى جووتیارانى ڕاگەیاند

جووتیاران بەو بڕەپارەیەى لەلایەن وەزارەتى بارزگانییەوە بۆ شایستە داراییەکانى دیاریکراوە ناڕازین، بڕیارە سبەى سەرجەم جووتیارانى عێراق لە بەغداد خۆپیشاندان لە دژى خەرجنەکردنى شایستە داراییەکانیان ڕێکبخەن.
ئەمڕۆ وەزارەتى بازرگانیی عێراق، گوژمەیەکى نوێى شایستەى دارایی گەنمى جووتیارانى ڕاگەیاند، کە بڕەکەى 350 ملیار دینارە.
لێدوانی بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی
- تاوەکو ئێستا تەنیا گوژمەی پارەکە ڕاگەیێنراوە
- هێشتا بە کاتی نەدراوەتە وەزارەتی بازرگانی
- تاوەکو ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لەو پارەیە دیارینەکراوە
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەرى سایلۆکانى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا گوژمەى پارەکە ڕاگەیێنراوە و بە کاشى نەدراوەتە وەزارەتى بازرگانى، پشکى هەرێمى کوردستانیش لەو بڕە پارەیە تاوەکو دیارینەکراوە.
بڕیارە سبەی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان بکەن
دیاریکردنى ئەو بڕە پارەیە لە خواستى جووتیارانى عێراق و هەرێمى کوردستاندا نییە، بڕیارە سبەى جووتیارانى سەرجەم پارێزگاکان ڕوو لە بەغداد بکەن و خۆپیشاندان بۆ داواکردنى شایستەى داراییەکانى فرۆشتنى گەنمەکانیان بکەن.
جووتیارانى عێراق داوا دەکەن تەواوى شایستە داراییەکانیان خەرجبکرێت کە بڕەکەى دەگاتە یەک تریلیۆن دینار.



