گۆگڵ فلاش 3.7ی جیمێنای رادەگەیەنێت

گۆگڵ مۆدێلی نوێی «جیمێنای 3.7 فلاش»ی تایبەت بە بەرنامەسازی و ئۆتۆماتیکردنی ئەرکەکان بڵاوکردەوە کە هێشتا لە کوردستان کارا نەکراوە.
کۆمپانیای گۆگڵ بە رەسمی مۆدێلی نوێی ژیریی دەستکردی «جێمێنای 3.7 فلاش»ی راگەیاند، کە تایبەت کراوە بە بوارەکانی کۆدینگ و جێبەجێکردنی ئەرکە ئۆتۆماتیککراوەکان. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فۆکەسی سەرەکیی ئەم مۆدێلە لەسەر بەکارخستنی سیستەمی ژیریی دەستکردە کە توانای پلاندانان، بەکارهێنانی ئامرازە جیاوازەکان و راپەڕاندنی ئەرکە ئاڵۆزەکانی فرەهەنگاوی هەیە بە کەمترین دەستوەردانی راستەوخۆی مرۆیی.
ئەم هەنگاوەی گۆگڵ تەنیا سێ هەفتە دوای بڵاوبوونەوەی مۆدێلی «جێمێنای 3.6 فلاش» دێت، بەپێی روونکردنەوەکانی کۆمپانیاکە، مۆدێلە نوێیەکە باشترکردنی بەرچاوی لە راستکردنەوەی هەڵەکان، چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان و دروستکردنی کۆدی ئامادە بۆ بەکارهێنانی بەرهەمداری تێدا کراوە.
سەبارەت بە نرخ و شێوازی بەردەستبوون، گۆگڵ تا کۆتایی ئەمساڵ نرخێکی پێشەکی و هاندەرانەی دیاری کردووە کە ٧٥ سەنتە بۆ هەر ملیۆنێک تۆکنی پێدان (Input Token) و ٣٫٧٥ دۆلارە بۆ هەر ملیۆنێک تۆکنی دەرچوو (Output Token). هاوکات مۆدێلەکە راستەوخۆ لە رێگەی خزمەتگوزاریی «جێمێنای سپارک» (Gemini Spark) بۆ بەشداربووانی هێڵەکانی Google AI Pro و Ultra لە زیاتر لە ١٦٠ وڵاتی جیهاندا خستووەتە گەڕ.
ئەم بڵاوکردنەوە خێرایە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە گۆگڵ هەوڵەکانی لە کێبڕکێی جیهانیی ژیریی دەستکرددا چڕترکردووەتەوە، بە تایبەتی دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئاستی سەردکردایەتیی دەستەی «Google DeepMind» ئەنجام دران و ئەو گوشارە ناوخۆیییانەی لەسەر کۆمپانیاکە بوون بۆ پەرەپێدانی خێراتری زنجیرەی مۆدێلەکانی جێمێنای.


