بەندیخانەی موسەیەب
ساڵانی ١٩٦٢-١٩٦٤
فوئادی تایەر سادقق
زڕەی زنجیری ناو بەندیخانە
لە كۆتی پێ كەلەپچەی دەست بپرسن
من چیم و كێم ئەوان چاكم دەناسن
(كامەران موكری)
ئازاد خۆشی دەنۆشێ ، ژێردەست ناخۆشی دەچێژێ .. ئەمە بار و ژیانی کوردە ک ژێردەستکراو و دابەشکراو و داپڵۆسراوە .
ڕۆڵانی نەتەوانی ئازاد و سەربەخۆ خۆشی و ڕابواردن دەگێڕنەوە .. دەستکەوت و دروستکراو و پێشکەوتن کەڵەکە دەکەن .. کەچی ئێمەی کوردی ژێردەستکراو و وڵات تاڵانکراومان ، ستەمکاری داگیرکەرانمان دەگێرینەوە .. باس لە ڕووبارێ خوێنی رێژراومان و فرمێسک و ئازارمان دەکەین .. دەربارەی بەندکردن و کوشتن و وێرانکردنی شارچە ( town ) و گوندەکانمان دەدوێن .. لەسەر ڕاگوێزانی هاووڵاتییانمان و تورکاندن و فارساندن و عەرەباندنی ناوچەکانی کوردستان دەنووسین .. لێرەدا دبێ بیڵێمەوە کە ئەوەی بەسەرمان هاتووە و دێت بەریتانیا تاوانباری یەکەمە کە پاش یەکەم جانگی جیهانی (١٩١٤ – ١٩١٨) بێ ویستی کورد کوردستانی لەتوپەتکرد و ژێردەستی تورک و فارس و عەرەبی ڕەگەزپەرستی تاڵانکەری دواکەوتوویان کرد .. من لە ئەو کوردە بەختیارانەم کە لە ناونەدراوم و لە ژیاندا ماوم !
چهەیە لە ناخۆشی کە کورد نەیدیبێ و بەسەری نەهاتبێ ؟!
کامنەتەوە بۆ ئازادی و سەرتبەخۆیی ئەوەندەی کورد قوربانی داوە ؟!
کامنیشتیمان وەک کورستان ژێردەستی چوار دەسەڵات کراوە ؟!
کورد کە چاوی دەکاتەوە بە هۆی کوردبوونەکەی بەر ستەم و چەوساندنەوە دەکەوێ .. لە خۆشی و فەڕ و سامانی کورستانەکەی بێبەشکراوە .. مافی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی و ژیانی زەوتکراوە !! دەبێ ستەم و خراپەکانی داگیرکەرانی کوردستان لەبیر نەکەین ، پەند لە بەسەرهات و ڕووداوەکانی ڕابردوومان وەربگرێن .. بەسەر ڕابردوومان بەرز بینەوە و لە ئێستامان زاڵ بین ، نەخشە و بەرنامەمان بۆ ئایندەمان ببێ ، خەبات بکەین و ڕەنج و بەختکردنمان هەبێ .
ناخۆشی و ستەمکاری دەبێ قاڵتر و وریاترمان بکا .. خۆڕاگر و گورجتر و هەڵمەتبەرمان بکا .. لەسەر تێکۆشانی ڕزگاری و بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆییمان سوڕتر بین .. ڕەوی ژیانمان ڕەوی ژیانی نەتەوەیەکی ژێردەستی چەوساوەی داپڵۆسراوە .
پاش گرتنم لە بەغدا کە شوێنی تاوانباران بوو نەک گیراوی ڕامیار .. پاش چەند ڕۆژێ بە دەستبەستراوی پشت ، بە پەتی گونیری شەکر زۆر بەتوندی گەشتینە بەندینخانەی ڕومادی .. چەند مانگێکمان لە ئەو بەندینخانە بردەسەر و دواتر خۆم لە بەندینخانەی موسەیەب دێتەوە .
بەندینخانەی موسەیەب قشڵەی سەربازی ، دوو نهۆمی چوار لا .. ڕوبەرەکەی ١٠٠ مەتر بە ١٠٠ مەتر ( ١٠،٠٠٠ مەتر دووجا ) بوو .. سەرەتا خراینە چەند ژورێک و دەرگاکانیان داخست .. ژورەکەی ئێمە ٤ مەتر بە ٦ مەتر دەبوو ٤٠ کەس پتری خرابوویە .. لەبەر کەمی و پیسی هەوا هەناسەمان تەنگ ببوو .. ناچار بە نۆرە دەچوین لە درزی دەرگا هەوامان دەمژی .. پاشدان دابەشکراین کراینە سەر ژوورەکان .. من و هەڤاڵان جەلال عبدالڕحمان و عباس حوسێن کەوتینە ژورێکی بچووک .. بەندینخانەکە ئەفسەر و سەرباز بەڕێوەیان دەبرد و ڕێبازی سەربازیان بەسەرمان پەیڕەو دەکرد .
سەرەتا هەر ٤٨ سەعاتێک دەبراینە ئاودەست کە لە دەری قشڵەکە بوو .. ئاودەستەکان زۆر پیس و پونگاوە بوون ( عەرەب خاوێن نین ) کە بۆ مرۆڤ دەستیان نەدەدا . لە کۆی ٢٣٠٠ کەسێک ٤٠ کۆمەڵەیمان ( Communists ) لەگەڵ بوون کە ئەحمەدی بانی خێڵانی لێپرسراویان بوو .. ئەوانی دی ئەندام و پاڵێوراو و لایەنگر و دۆستانی پارتی بوون کە بەشێکی کەمی سەرباز بوون .
لەبەندین خانەکە توانیمان زۆر ڕاژەی هەڤاڵانمان بکەین .. دەستەی ڕێکخەری پارتیمان لەوێ سێ کەس بووین : جەلال عبدالرحمان شوانی ، عباسحوسێن و خۆم .. بەجۆش و گۆڕەوە ، بە دڵسۆزی و کوردایەتییەوە کاری چاکمان بۆ هەڤاڵانمان دەکرد ئەندام و پاڵێوراو و لایەنگرانمان بە جیا و بەشێوەی پەیوەندی هێڵی تاکەکەسی ڕێکمان خستن و بە ڕێکی کۆبوونەوەمان دەکرد .. (( سابیر شێخ جامی )) مان کردە چاودێری گشتی و چەند هەڤاڵێک یاریدەدەری بوون بۆ ڕێکخستنی کاروباری بەندینخانەکە و نامە گەیاندن .. زوو ناردمان بگیرێ دروومان و کوتاڵمان کڕی و هەڤاڵ عبدالله نیشتیمانی دروونەر ، بە شەڕواڵ و دەرپێ و کراس زۆر لە هەڤاڵانمانی پۆشتر کردەوە .. گاڤێکی دیمان چوار چایەخانەمان دامەزراند کە یەکی پێنج کارمەندی هەبوو .. حەفتانە دەمانگۆڕین و پارەی ڕۆژانەیان بۆ خێزانەکانیان دەنارد .. کارێکی باشی دیمان ٧٠٠ کەس پترمان فێری خوێندن و نووسینمان کردن و لە نەخوێندەواری دەربازمان کردن .. ئەوانەی کە خوێندەوارییەکی سەرەتاییان هەبوو کە ٦٨ کەس بوون ، من فێری پیتەکان و وشەی ئنگلیزیم کردن . ئەوانەی لە ناو ڕێکخستنی ئێمەبوون کوردانی کەرکوک و گەرمیان و هەندێ سەربازی پەڕاگەندە بوون .. برایانی پارێزگای هەولێر کە ٥٠ کەس دەبوون لە دەری بازنەی ڕێکخستنی ئێمە بوون و کەسی دیاریان سەید برایم سەید سەعید و سدیق صادق و کەسانی دی بوون .. لە ناو خۆیان ڕێک و گونجاو بوون .
لە نێو خۆمانن کێسەمان نەبوو ، کۆمەڵاییەکان هەوڵیان دەدا بەژداری چاودێری و هەڵسوڕاندنی کاروباری بەندینخانەکە بن ، بەڵکو گەر بۆیان کرابا هەمووی لە دەستی خۆیان بوایە ، بەڵام هیچیان بۆ نەکرا .
هەڤاڵانمان چەند کارێکی گرنگیان کرد ، لەوان دەربازکردنی هەڤاڵ جەلال عەبدوولڕحمان شوانی بوو .. لەجێی کەسێکی دی کە برووسکەی ئازادکردنی هاتبوو ئازاد کرا .. چەند هەڤاڵێکی دیمان کە ڕەوانەی کەرکووک کرابوون بۆ دادگای سەربازی نزیک خورماتوو پەلاماری پاسەوانەکانیان دابوو و چەکەکانیان لێسەندبوون و خۆیان گەیاندە ناو شۆڕش .. چەند هەڤاڵێکی دیمان بەشەو درەنگ لەسەربانی قشڵەکەوە چونە خوارەوە و خۆیان دەربازکرد .
پاش ئەو ڕووداوانەی فەرماندەی بەندیخانەکەیان گۆڕی ، (مولازیم) “حامید” یان لەجێ (مولازیم) ئەحمەد دانا کە خراپ بوو قیندار بوو و ڕەوشتی بەندینخانەکەی زۆر ناخۆشکرد .. هەموویانیان خستە ژوورەکە ، چوونە حەوش و پیاسەمان لێ قەدەغە کرا . پاشان دەربازبوونی هەڤاڵ جەلال شوانی ، دەستەی ڕێکخەر دووکەس ماینەوە : هەڤاڵ عەباس حسێن و خۆم .. بۆ پاراستنی تۆکمەیی وامان بە باش زانی ئەوها بمێنێتەوە .. ( مولازم ) حامید لەبەر خراپەکەی ناومان نا بە ( مولازم حاقید ) .. بڕیاری مانگرتنمان دا خۆراک وەرنەگرین و هاوکاری فەرماندەکە نەکەین .. بە زەبری هێز هەموومانیان لە ژوورەکە دەرهێنایە دەر و لە حەوشە ڕیزیان کردین .. بیست کەسیان لێمان جیا کردەوە ، لەوانە : عباس حسێن ، خۆم ، حمە نوری تۆفیق ، تەها تۆفیق و ناوی ئەوانەی دیم لەبیر نیە .. خراینە ژورێکی نهۆمی سەروو و هەر یەکە پەتۆیەکیان داینێ و نوێنی خۆمانیان نەداینێ .. ڕۆژانە چەند جارێ فەلاقەیان دەکردین و پێمان دەئاوسا وژان دەیدا و ناوهەناومان .. کە دەیهێناینەوە ژوورەکانمان هەڤاڵان خێرا پەتۆیان لە پێمان وەردەپێچا بۆ نیشتنەوەی ئاوسان و دامرکاندنی ئازارەکەی .. هەڤاڵێکمان لە هەمووان گەورەتر بوو بەتەمەن و هاوسەر و منداڵی هەبوو لەبەر ئازار دەگریا و هاواری دەکرد .. زۆرم پێناخۆشبوو سەرزەنشتم دەکرد و پێم دەوت شەرم بۆ ئەوەی نەتوانێ لە ڕووی ستەمی دوژمن خۆی ڕاگرێ.
ئەو لێدان و ئەشکەنجەیە بیست ڕۆژێکی خایەند تا لە ١٠ی شوباتی ١٩٦٤ لە نێوان شۆڕشی کوردستان و دەسەڵاتی بەغدا ڕێککەوتن کرا .. جەنگ ڕاگیرا و سەرۆک کۆماری عێڕاق لە ڕادیۆ دەربارەی ڕێککەوتن نامەکە و بجێ گەیاندنی لە خواستەکانی کورد قسەی کرد .. بەهۆیەوە ئازاد کراین .. من و عەباس و حسێن بۆ ئەوەی نەگیرێینەوە نەچوینەوە کەرکوک .. لە ڕێی دەربەندیخان چوینە سلێمانی و لەوێوە بۆ ماوەت .. هەڤاڵ جەلال شوانی کرا بە لێپرسراوی لقی دوو ( هەولێر ) ، منیش کرامە کارگێڕی دەستەی ناوچەی کۆیە .
*جەلال عبدالڕحمان شوانی هەڤاڵێکی خەبات کاری خۆڕگر و بوێر بوو توانادار و چالاک بوو .. خۆی بۆ کوردایەتی و پارتێتی تەرخان کردبوو دێوانەیان بوو .. خەمی کوردستان و جگەرەکێشان تەمەنی کورت کرد .. گلەیی بێ دەبوایە ئەو کەڵە کورد پەروەرە یاد بکرابایەو ڕێزی لێ نرابا .



