تێکۆشەر: ئەندازیاری مێژوو و پاسەوانی کەرامەتی نەتەوە
رێبوار ستار
سروشتی ژیان و مێژوو ئەوە دەسەلمێنن، کە نەتەوە ژێردەستە و چەوساوەکان، تەنانەت لە تاریکترین و سەختترین قۆناغەکانی بێهیواییدا، هەمیشە وێڵی تروسکای و ڕووناکییەکن بۆ گەیشتن بە لوتکەی ئازادی. ویستی ژیان و گەڕانەوە بۆ خاک و ناسنامە، هێزێکی ناوەکییە کە هەرگیز کپ نابێت و لە ناخی مرۆڤی ئازادخوازدا وەک کانییەکی پڕ ئەوین هەڵدەقوڵێت. لەم نێوەندەدا، کۆمەڵێک لاوی خوێنگەرم و بوێر، وەک پێشەنگ و سەرەمەشقی بەرگری، هەڵدەستن بە ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەم، بڵێسەی شۆڕشێک دادەگیرسێنن، کە ئامانجەکەی تەنیا شکاندنی زنجیرەکانی کۆیلایەتی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و کەرامەتمەندانەیە و نایانەوێت چیتر لر ژێر چەپۆکی دوژمن بمێننەوە.
لە نێو ئەو گەلانەشدا، گەلی کورد بە درێژایی مێژوو وەک نموونەی بەرگرییەکی نەپساوە بەرامبەر بە ستەم و داگیرکاری ماوەتەوە. کورد بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو، بەهۆی ناسنامە و کلتوورە تایبەتەکەیەوە، کەوتۆتە بەر شاڵاوی داگیرکاران و بە دڕندانەترین شێواز چەوسێنراوەتەوە، بەڵام هەستی قوڵی کوردایەتی، پاراستنی خاک و شانازی بە کوردبوون، ڕێگەی پێنەداون ئەم گەلە سەر دانەوێنێت و زوڵم و زۆر قبوڵ بکات. هەر بۆیە لە هەر قۆناغ و سەردەمێکدا، کاتێک ستەم لەوپەڕیدا بووبێت، ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بە ڕاپەڕین و شۆڕش وەڵامیان داوەتەوە.
لە ڕەوتی ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییەدا، دیارترین و کاریگەرترین وەرچەرخان، شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بوو. شۆڕشێک کە نەک تەنها وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە زوڵم، بەڵکو وەک بزووتنەوەیەکی فیکری و ڕێکخراوەیی بە ڕابەرایەتیی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال سەریهەڵدا. مام جەلال لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێ و تێکۆشەرانی خوێنگەرم و گیانباز، بە ئیرادەیەکی پۆڵایین مەشخەڵی شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساند. ئەوان نەک تەنها توانییان شۆڕشەکە سەربخەن، بەڵکو توانییان بەشێکی گەورەی کوردستان لە دەستی داگیرکاری ڕزگار بکەن و خاکی پیرۆزی نیشتمان بپارێزن. ئەو ڕاپەڕینەی کە ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەخۆین و ئەو دامەزراوە شەرعیانەی، کە لە سێبەرەکەیدا دامەزراون، هەمووی بەرهەمی گیانبازی و خوێن بەخشینی ئەو کەسانەیە کە ڕۆژگارێک تێکۆشەر بوون.
تێکۆشەر کێیە؟ تێکۆشەر ئەو مرۆڤەیە کە بەهاری تەمەنی خۆی بەخشی بە ڕەگەکانی ئەم خاکە. ئەوان ڕۆژگارێک بەگژ شاخ و کێوە سەختەکاندا دەچوونەوە، پۆڵاین بوون و لە ئاگری ستەم نەتساڵان. تێکۆشەرانی ئێمە، بەشێکیان بە خوێنی خۆیان ئازادییان نەخشاند، بەشێکیان لە پێناو کوردبوون و نیشتمانپەروەریدا جەستەیان بەخشیوە و بوونە قوربانیی جەنگ، بەشێکیشیان ئێستا تەمەنیان هەڵکشاوە و بە ڕێزەوە سەیری ئەم ئازادییە دەکەن کە خۆیان بۆیان چنیوین.
بەوانە دەوترێ تێکۆشەر، کە گەنجێتیی خۆیان کردە قوربانیی نیشتمان. ئەوان ڕۆژگارێک لە کەشوهەوایەکی سەختدا، بە بڕوایەکی قووڵەوە، ڕووبەڕووی دڕندەترین دەسەڵاتەکان بوونەوە. تێکۆشەر، واتە خەمخۆری بێوێنەی خاک، شکێنەری دیواری زوڵم و پاسەوانی کەرامەتی نەتەوەیی. ئەوان سمبوڵی شۆڕش و کوردایەتین و خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شانازین.
ئەوان شایستەی ئەوەن لە ڕێزی پێشەوەی میللەتەکەمان بن و وەک ئایکۆنی نیشتمانی لە هەموو بۆنەکاندا ناویان ببرێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە، هەرچەندە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانیان بگرین، هێشتا کەمە، چونکە ئەوان هەموو تەمەنی خۆیان بەخشی بە کوردایەتی و شایەنی باشترین خزمەت و بەرزترین ڕێزلێنانن. ئەم تێکۆشەرانە، ئەوانەن کە مێژووی کوردستانیان لە زوڵمەتەوە بەرەو ڕۆشنایی هێنا، بۆیە پاراستنی کەرامەتی ئەوان، پاراستنی کەرامەتی هەموو کوردێکە. با هەمیشە یاد و ناویان بە زیندوویی بهێڵینەوە، چونکە ئەوانن ئەو مێژووەیان نووسیوەتەوە کە ئەمڕۆ ئێمە شانازیی پێوە دەکەین.
ئەمڕۆ لە قۆناغێکی نوێی خەباتدا، لەژێر ڕابەرایەتیی سەرۆک بافڵ تاڵەبانیدا، تێکۆشەرانی دێرین و قارەمانانی ڕۆژە سەختەکان، پێگەیەکی شایستەیان هەیە. ئەوان لەم قۆناغەدا تەنها ڕابردوو نین، بەڵکو ئەڵقەی بەهێزی ئامۆژگاری و حیکمەت و دانایین. سەرۆک بافڵ تاڵەبانی بە تێگەیشتنێکی قوڵەوە لە گرنگیی بەها و ئەزموونی تێکۆشەران، ئەوانی کردۆتە ڕاوێژکار و پشتیوانی مەعنەوی لە پرۆسەی بڕیاردان و ڕابەرایەتیکردنی حزب و نیشتماندا. ئەم ئاوێتەبوونەی نێوان گیانی شۆڕشگێڕیی تێکۆشەران و دیدگای سەردەمیانەی سەرۆک بافڵ، زامنی بەردەوامبوونی ڕێبازی کوردایەتییە.


