تووشبونێک بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم دەستنیشانکرا

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند: حاڵەتێکی تووشبوو بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشاری دهۆک تۆمارکرا.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاندووە: حاڵەتێکی تووشبوو بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشاری دهۆک تۆمارکرا، کە پیاوێکی گەنجی تەمەن 23 ساڵە، دانشتووی گوندی بازێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو.
ئەوەش هاتووە: دوای سەردانی نەخۆشخانە لەشاری دهۆک و گومانلێکردن بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکی بۆیان گیراوەتەبەر، لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی تا ئێستا جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین و جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە و هاوڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
راشیگەیاندووە: تا ئێستا دوای بوونی چەندین حالەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها سێ حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە جگە لە دوو حالەتی دیکەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.



