تۆڕێکی نێودەوڵەتی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر لە کەرکوک دەستگیردەکرێن

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای کەرکوک، توانی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکات و 20 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری ماریوانا دەستبەسەردا بگرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک توانی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ، دوای بەدواداچوونێکی هەواڵگریی ورد و هەماهەنگییەکی ئەمنی ئاستبەرز، گورزێکی توند لە تۆڕەکانی بازرگانی و قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر بوەشێنێت.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە دەستبەسەرداگرتنی 20 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری ماریوانا و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی نێودەوڵەتی بوو کە لە بواری بازرگانی و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکاندا چالاک بوون، هەروەها پووچەڵکردنەوەی پلاندانانەکانیان بوو کە ئامانجیان تێپەڕاندنی ژەهرەکان و فراوانکردنەوەی چالاکییە تاوانکارییەکانیان بوو.
ئەوەش هاتووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرهەمی هەوڵێکی هەواڵگریی بەردەوام و بەدواداچوونی وردی جووڵەی تێوەگلاوان بوو، تا دەگاتە دیاریکردنی چالاکیی تۆڕەکە و دەستگیرکردنی ئەندامەکانی، ئەمەش جەختکردنەوەیە لەسەر توانای دەسەڵاتە تایبەتمەندەکان بۆ بەدواداچوونی تۆڕەکانی ماددەی هۆشبەر و هەڵوەشاندنەوەیان، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانیش.



