بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زێڕ بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز

نرخی نەوت و زێڕ بەرزبوویەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەروو 84 دۆلار و زێڕیش لە ئاستە بەرزەکانیدا جێگیر بووە.
- ئێران کردنەوەی گەرووی هورمز بە مەرجی هەڵگرتنی سزا و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەبەستێتەوە.
- پاشەکشەی بازاڕی کاری ئەمریکا و نەمانی هەلیکار بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
- هێرشکردنە سەر نەوتهەڵگرێکی ئیماراتی و پاڵاوگەی جیزان ترسی لە پەککەوتنی گواستنەوەی وزە دروستکردووە.
لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی جیهان ئەمرۆ دووشەممە دەریدەخات کە بازاڕەکانی جیهان بە دۆخێکی ناجێگیردا تێدەپەڕن، کاتێک نەوت بەهۆی هێرشە نوێیەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە و نەوتهەڵگرەکان گران بووە، هاوکات زێڕیش بەهۆی لاوازیی ئابووریی ئەمریکاوە پێگەی خۆی وەک پەناگەیەکی ئارام پاراستووە نرخی یەک ئۆنسە بە 4337 دۆلارە.
دۆخی بازاڕەکان و کاریگەریی ئابووریی ئەمریکا:
- نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 1 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 84 دۆلار، نەوتی ئەمریکیش 79 دۆلاری تێپەڕاند.
- ئابووریی ئەمریکا لە مانگی تەممووزدا 23,000 هەلیکاری لەدەستداوە، لەکاتێکدا پێشبینی دەدرا 80,000 هەلیکار زیاد بکات.
- ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی فیدراڵییەوە لە 67%ـەوە بۆ 44% دابەزیوە.
- کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی بەهۆی هێرشکردنە سەر نەوتهەڵگرێکی ئەبوزەبی لە ناو گەرووی هورمزدا لە دڵەڕاوکێدان.
مەرجەکانی تاران و ئاسایشی ناوچەکە:
تاران ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ عومان لە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوێکی نوێی دەریایی لە گەرووی هورمز نزیک بوونەتەوە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەمە بە واتای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووەکە نایەت. ئێران مەرجەکانی بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە بەستووەتەوە بە لادانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ. هاوکات حوسییەکانی یەمەن بانگەشەی هێرشکردنە سەر پاڵاوگەی جیزانیان لە سعودیە کردووە، ئەمەش ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکەی زیاتر کردووە.



