په‌رله‌مانتارێك: كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان پەیوەستە به‌چه‌كدانانی گروپه‌كانەوە

به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مریكا و عیراق، هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له رۆژی 30ی9ی2026 به یه‌كجاری له عیراق ده‌كشێنه‌وه، په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتیش رایده‌گه‌یه‌نێت: پێویسته گروپه چه‌كداره‌كانیش له‌و واده‌یه‌یه چه‌ك دابنێنن، ئه‌گه‌ر نا عیراق ده‌چێته دۆخێكی ناهه‌مواره‌وه، دەشڵێت: بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان عیراق پاڵپشتی لۆجستی و ئاسمانی لەدەستدەدات.
كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان په‌پێی قۆناغ بەندییە
وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق رۆژی 18ی1ی2026، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، دوا به‌شی ڕ‌اوێژكارانی ئه‌مریكی بنكه‌ی ئاسمانیی “عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د”یان له پارێزگای ئه‌نبار له ڕ‌ۆژئاوای عیراق جێهێشت، كه زیاتر له دوو ده‌یه میوانداری هێزه‌كانی ئه‌مریكای كردووه، ئه‌م كشانه‌وه‌یه دوای ئه‌وه هات، كه هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عیراق له ساڵی 2023، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا به‌پێی قۆناغبەندی ده‌ستیان به كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاماده‌یی خۆیان كرد و به‌پێی رێككه‌وتنی هه‌ردوولاش، رۆژی 30ی9ی2026، دواین هێزی بیانی له عیراق ده‌كشێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م كشانه‌وه‌یه په‌یوه‌سته به چه‌كدانانی گروپه چه‌كداره‌كان، كه ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌لی زه‌یدی كاری له‌سه‌ر ده‌كات و بووه‌ته كاری له پێشینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی.
هه‌مووان پاڵپشتی له چه‌كدانانی گروپه‌كان ده‌كه‌ن
له باره‌ی چه‌كدانانی گروپه‌كانه‌وه، مازن غه‌ریب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له فراكسیۆنی یه‌كێتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش، له لێدوانێكیدا به PUKMEDIA ی راگه‌یاند: بابه‌تی چه‌كدانانی گروپه چه‌كداره‌كان و بوونی چه‌ك ته‌نها له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا، ئه‌مه بابه‌تێكه زۆر گرنگه، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان و به‌ڕ‌ێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌تا 30ی9ی2026، نابێت هیچ چه‌كێك له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی عیراقدا بمێنێت، ئه‌مه كارێكی زۆر باشه بۆیه پێویسته ئه‌و خاڵانه‌ی په‌یوه‌سته به‌م پرسه‌وه جێبه‌جێ بكرێن.
بوونی هێزی بیانی و گروپی چه‌كداری عیراقی رووبه‌ڕ‌ووی هێرش كردووه‌ته‌وه
بوونی هێزه بیانییه‌كان و گروپی چه‌كداری له عیراق و رۆڵیان له ململانێكانی ناوچه‌كه، عیراقی خستووه‌ته دۆخێكی نه‌خوازراوه‌وه، چونكه ئێران له رابردوودا چه‌ندینجار هێرشی كردووه‌ته سه‌ر عه‌ین ئه‌سه‌د كه دیارترینیان له مانگی كانوونی دووه‌می 2020، كه هێرشێكی مووشه‌كی بالیستی كرده سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عه‌ین ئه‌سه‌د وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك بۆ هێرشی فڕ‌ۆكه بێفڕ‌ۆكه‌وانه‌كه‌ی فڕ‌ۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كه بووه هۆی كوژرانی قاسم سلێمانی،له به‌رامبه‌ریشدا گروپه چه‌كداره‌كانیش كه به به‌ره‌ی مقاوه‌مه ناسراون، چه‌ندین هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت به فڕۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش دۆخێكی ناسه‌قامگیری بۆ عیراق هێنایه كایه‌وه، كه حكومه‌ت هیچی رۆڵێكی تێدا نه‌بوو، ئێستاش كه باس له كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان ده‌كرێت، ترس هه‌یه گروپه چه‌كداره‌كان پابه‌ندی چه‌كدانان نه‌بن.
عیراق ده‌چێته قۆناغێكی ئاڵۆزه‌وه
له باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر گروپه چه‌كداره‌كان پابه‌ند نه‌بوون، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه وه‌كخۆی جێبه‌جێ نه‌كرێت، ئه‌وه عیراق ده‌چێته قۆناغێكی زۆر ئاڵۆزه‌وه، چونكه رێككه‌وتنه‌كه به‌و شێوه‌یه‌یه كه له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان، ده‌بێت گروپه‌كانیش چه‌ك دابنێن، بۆیه ئه‌گه‌ر هێزه بیانییه‌كان كشانه‌وه، به‌ڵام گروپه چه‌كداره‌كان پابه‌ندی چه‌كدانان نه‌بن، ئه‌وه له‌و كاته‌دا عیراق ده‌چێته دۆخێكی ناله‌باره‌وه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش عیراق توشی گرفتی گه‌وره ده‌بێت.
عیراق پاڵپشتی لۆجستی و ئاسمانی نامێنێت
په‌یوه‌ست به كاریگه‌ری كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان له‌سه‌ر توانای هێزه ئه‌منییه‌كان، مازن غه‌ریب، ئاشكرایكرد: هاوپه‌یمانان له ئێستادا پاڵپشتی لۆجستی زۆری عیراق ده‌كه‌ن، كه زیاتر له رووی راهێنان و به پیشه‌یی كردنی دام و ده‌زگا سه‌ربازییه‌كانه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له پاڵپشتی ئاسمانی هێزه‌كانیش ده‌كه‌ن، بۆیه زۆربه‌ی بۆردومانكردنی گروپه تیرۆرستییه‌كان له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام دوای كشانه‌وه‌یان ئه‌م پاڵپشتیانه نامێنن.
هێزه‌كانی ئه‌مریكا زیاد و كه‌می كردووه
ئاماده‌یی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له عیراق، له دوای ساڵی 2003وه تووشی به‌رز و نزمی گه‌وره بووه‌ته‌وه، له‌سه‌ره‌تادا ژماره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یشتبووه 170 هه‌زار سه‌رباز، به‌ڵام له ساڵی 2011، باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا هێزه‌كانی له وڵاته‌كه كشانده‌وه، دواتر له ساڵی 2014دا ،به‌هۆی دۆخی ئه‌منی و سه‌رهه‌ڵدانی گروپی تیرۆرستی داعش، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار سه‌رباز له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عیراق دووباره جێگیر كرانه‌وه به مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی عیراق له شه‌ڕ‌ی دژی داعش، هه‌روه‌ها له مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2021 ه‌وه، كاتێك سوپای ئه‌مریكا كۆتاییهاتنی ڕ‌ۆڵی جه‌نگیی خۆی له وڵاته‌كه ڕ‌اگه‌یاند، نزیكه‌ی دوو هه‌زار و 500 سه‌ربازی ئه‌مریكی بۆ پێشكه‌شكردنی ڕ‌اوێژ و هاوكاری له عیراقدا مانه‌وه، دواتریش ژماره‌كه به قۆناغبه‌ندی كه‌مكرایه‌وه، بۆیه ئێستا كه هێزه بیانییه‌كان ده‌كشێنه‌وه، پێویسته گروپه‌كانیش چه‌كدابنێنن، به‌پێچه‌وانه‌وه به یاسای تیرۆر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
به یاسای تیرۆر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت
مازن غه‌ریب ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له فراكسیۆنی یه‌كێتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش، رایگه‌یاند: ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بڕ‌یاریداوه، كه له‌دوای ئه‌و به‌رواره‌وه، هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی گروپه چه‌كداره‌كان به یاسای تیرۆر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، په‌یوه‌ست به رۆڵی په‌رله‌مانیش، ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم، هه‌ر بڕ‌یارێك حكومه‌ت بیه‌وێت به یاسایی بكات و به یاسا مامه‌ڵه بكات، ئه‌وه پێویسته بگه‌ڕ‌ێته‌وه په‌رله‌مان و ئه‌و بابه‌ته به لیژنه تایبه‌تمه‌ندییه‌كاندا تێپه‌ڕ‌ێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕ‌یارێك به تاكڕ‌ه‌وی بێت یان به نایاسایی بێت، ئه‌وه نایه‌ته په‌رله‌مانه‌وه.
كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان و چه‌كدانانی گروپه چه‌كداره‌كان، له كاتێكدایه، هێشتا ئه‌مریكا و ئێران له دۆخی نه ئاشتی و نه جه‌نگدان و عیراقیش ده‌یه‌وێت له ململانێكه‌دا بێلایه‌ن بمێنێته‌وه، به‌ڵام بوونی گروپی چه‌كداری و هێزی بیانی، هه‌موو كات بیانوویه‌ك بووه بۆ ئه‌وه‌ی هێرشی بكرێته سه‌ر، بۆیه ئه‌م پرۆسه‌یه بۆ عیراق چاره‌نوسسازه، ئه‌گه‌ر وه‌كخۆی جێبه‌حێ نه‌كرێت، دیار نییه دۆخی وڵاته‌كه به‌كوێ ده‌گات.



