هەولێر و بەغداد هاوکاریی جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەی ئاشتی دەکەن

هەرێمی کوردستان و عێراق وەک لایەنی سێیەم هاوکار دەبن لە جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەوەی شوێنە چۆڵکراوەکانی پەکەکە، کۆکردنەوەی چەکەکان و ڕێگریکردن لە هەر جموجۆڵێکی چەکداریی تر کە پڕۆسەکە تێکبدات.
ئەرکەکانی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور لە یاسای چوارچێوەدا
- پەکەکە لە ئێستاوە دەستیکردووە بە چۆڵکردنی دەیان سەنگەری سەربازی لەسەر هێڵی سنووریی نێوان عێراق و تورکیا.
- هێزەکانی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور بە هەماهەنگی جێگەی ئەو هێزانە دەگرنەوە کە ناوچە سنوورییەکان چۆڵ دەکەن.
- عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکار دەبن لە پرۆسەی کۆکردنەوە و گواستنەوەی ئەو چەکانەی تەسلیم بە دەوڵەت دەکرێنەوە.
- جێگرتنەوەی هێزە عێراقییەکان ڕێگە لە پێشڕەویی زیاتر یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێی سوپای تورکیا دەگرێت.
لێکگەیشتنەکانی بەغداد و هەولێر لەگەڵ ئەنقەرە
حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد لەگەڵ تورکیا گەیشتوونەتە لێکگەیشتن بۆ داخستنی یەکجاریی کەمپی مەخموور، بە جۆرێک کە هەرێمی کوردستان چوارچێوەی ئەمنی و لۆجیستی بۆ پۆلێنکردن و ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەمپەکە بۆ ناو خاکی تورکیا دابین دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق پێشتر پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو ناساندووە و تورکیاش بەڵێنی کشانەوەی هێزەکانی داوە بۆ ئەوەی دۆخی گوندە سنوورییەکان ئاسایی ببێتەوە.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پێویستی بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی هەولێر و بەغداد هەیە چونکە بنکە سەرەکییەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانن. بەپێی ئەم پڕۆسەیە، چۆڵکردنی بنکەکانی پەکەکە و جێگیربوونی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور دەبێتە هۆی کشانەوەی سوپای تورکیا لە ناوچەکە. هاوکات لایەنەکان لەسەر پرسی داخستنی کەمپی مەخموور و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ تورکیا بەپێی مەرج و گرەنتییەکانی ناو یاسای چوارچێوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.



