وەزارەتی نەوت پلانێکی نوێ بۆ زیادکردنی بڕی هەناردە ئاشکرا دەکات
وەزارەتی نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا کار بۆ تەواوکردنی هێڵی بۆری نەوتی بەسرە- کەروکوک- جەیهان دەدەن، دەشڵێت:رێککەوتنێکی کاتیی یەک ساڵەیان لەگەڵ تورکیا ئیمزا کردووە بەمەبەستی زامنکردنی هەناردەکردنی 750 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی بەندەری جێهانەوە، کە توانای زیادکردنیشی هەیە.
سەلیم روکابی، وتەبێژی وەزارەت روونی کردەوە کە کارکردن بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پڕۆژەی هێڵی بۆڕی (بەسرە – حەدیثە – کەرکووک – جەیهان) و رێڕەوی دیکە بەرەو بەندەرەکانی بانیاس و عەقەبە، بەئامانجی هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن.
لەلایەکی دیکەوە، ئاماژەی بە هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان عیراق، ئەمریکا و سوریا کرد بۆ دروستکردنی هێڵی (حەدیثە – بانیاس)، و جەختیشی کردەوە کە زیادبوونی بڕی هەناردەکردن بەندە بە باشتربوونی باری ئاسایش و گەڕانەوەی تەواوەتیی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لە بارەی بری بەرهەمهێنانیشەوە،وتەبیژەکەی وەزارەتی نەوت، رایگەیاند: ناسەقامگیری بازاڕی جیهانی کاریگەری کردووەتە سەر بڕی بەرهەمهێنان، بەڵام جەنگی ناوچەکە کاریگەری زیاتری کردووەتە سەر هەناردەی نەوت.



