عەلى زەیدى: رێگە نادەین خاکی عیراق بۆ هێرشکردن بەکاربهێنرێت


فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکات بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عیراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: عەلی فالح زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەمشەو شەممە 1ى8ى2026 سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە میانی کۆبوونەوەکەدا، عەلى فالح زەیدى جەختی لەسەر پێویستی رێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچی یان هەڕەشەیەک کردەوە کە لە خاکی عیراقەوە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ بکرێت، هەروەها فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و دانانی میکانیزمێکی کارا بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە یان هەر پێشێلکارییەکی پێشبینیکراو.
ئەوەش خراوەتەڕوو: عەلى فالح زەیدی دەزگا ئەمنییەکانی عیراقی راسپارد بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکان لە پێناو پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و پەیڕەوکردنی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش.
باسى لەوەش کردووە: لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکان دووپاتکرایەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک کە وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج، جەختیشکرایەوە لەسەر پابەندبوونی نەگۆڕی عیراق بەوەی رێگە نەدرێت خاکی وڵات ببێتە شوێنی هەڵدان یان رێڕەوێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی برا و دۆست، ئەمەش لە چوارچێوەی رێزگرتن لە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش و یاسا نێودەوڵەتییەکان.



