یادی 31 ساڵەی شەهید فەریق
شەهیدی فەرماندە فەریق عەبدولڕەحمان ناسراو بە فەریقە درێژ، تێكۆشەرێكی ماندووی كوردایەتی و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێیە، دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دەستی بە خەبات كردووە و لەو رێگەیەشدا گیانی بەختكرد، زۆر لە هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی باسی ئازایەتی و لە خۆبوردوویی شەهید فەریقیان كردووە.
شەهید فەریق، لەدایكبووی ساڵی 1950ی گوندی (تۆمار)ی ناحیەی شوانی پارێزگای كەركوكە، لە شۆڕشی ئەیلولدا بووە بە پێشمەرگە و لایەنگری باڵی مەكتەبی سیاسی بووە، بەهۆی ئازایەتی و دڵسۆزییەوە بۆ نەتەوەكەی، چەندین پلەی پێشمەرگایەتی بڕیوە تا سەرپەل لە هێزی رزگاری، دوای نسكۆ و لە سەرەتای دامەزراندنی ی.ن.ك-ەوە لە ساڵی 1975دا، پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، تا ساڵی 1991 بەردەوام بووە لە خەباتی نهێنی و رۆڵی گرنگی گێڕاوە لەو قۆناغەی خەباتدا، لە راپەڕیندا بووە بە پێشمەرگە و ئازایانە بەشداریی ئازادكردنی كوردستانی كردووە، 11/3/1991 لە هەڵمەتی پێشمەرگە بۆسەر دوژمن لە (لەیلان)ی نزیك كەركوك، بریندار بووە.
دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی سوپای یەكگرتووی كوردستان، كراوەتە جێگری فەرماندەی فەوج، لە زۆربەی شەڕەكانی ئەوكاتەی سنووری هەولێر و دەوروبەری بەشداریی قارەمانانەی كردووە، دوا پلەی فەرماندەی تیپی خاڵخاڵان بووە لە لەشكری ئامادەی هەولێر، بەداخەوە، شەوی 27\28/7/1995 لە چیای زەرتكان شەهیدكرا.




