شەهید حەمەكادر؛ لە پارتیزانییەوە بۆ بەربەرەكانێی تیرۆر.
شەهید محەمەد ئیبراهیم رەشید كەریم خاسە، ناسراو بە (حەمەكادر)، لەدایكبووی ساڵی 1966ی خێزانێكی جووتیار، هەژار و كوردپەروەری گوندی (قەڵاقۆچاغلی)ی ناحیەی شێروانەی سەر بە قەزای كەلارە، هەر لە منداڵییەوە بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانەكەیان، هاوشانی باوكی شانیداوەتە بەر كاری جووتیاری و كرێكاری.
بنەماڵەی (رەشیدخاسە) یەكێكە لە بنەماڵە دیار و نیشتمان پەروەرەكانی ناوچەی گەرمیان. لەو سۆنگەیەوە شەهید حەمەكادر هەمیشە بیری لە بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس لە (بە عەرەبكردن، بە بەعسیكردن و راگواستن) و ئازادكردنی خاكی كوردستان دەكردەوە، بۆیە ساڵی 1980 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1983 بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 51ی گەرمیان.
شەهید حەمەكادر، پێشمەرگەیەكی چوست و چالاك، ئازا و چاونەترس بوو، جێگەی متمانە و خۆشەویستیی فەرماندەكان، هاوسەنگەرانی و گوندنشینانی ناوچەكە بوو.
نەبەردییەكان، قۆناغی ئەنفال، پارتیزانی
شەهید حەمەكادر بەشداریی زۆربەی نەبەردیی و داستانە مەزنەكانی ناوچەكانی (گەرمیان، قەرەداغ، شارەزوور، دۆڵی جافایەتی، شینكایەتی و بیتواتە)ی كردووە. لە داستانی گۆمەزەردی كەماڵەیی، سەید خەلیل، گلەزەردە، دارەڕەش، داستانەكانی رزگاری، قەیوان-ماوەت نەبەردیی گەورەی تۆمار كردووە، هەروەها لە ئازادكردنی ناحیەكانی (سەنگاو، قەرەداغ، قادركەرەم و لە شەڕەكانی كۆڵەجۆ، قەلخانلو و چەرمەگا) رۆڵێكی دیار و كاریگەری گێڕاوە، لە هێرشەكانی بەعس لە قۆناغەكانی یەكەم تا حەوتەمی ئەنفالدا، تا دوایین ساتەكان لە سەنگەری بەرگریدا ماوەتەوە.
دوای تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە و هاوڕێ پێشمەرگەكانی بڕیاری خەباتی سەختی پارتیزانییاندا، لەو قۆناغە نوێ و پڕ لە مەترسییەدا، بە لێهاتووییەوە رۆڵێكی بەرچاوی لە هونەری خۆشاردنەوە، دابینكردنی خۆراك و پێداویستییەكان بۆ پارتیزانەكان گێڕاوە، لە راپەڕینی ساڵی 1991ی گەلەكەماندا وەك فەرماندەیەكی قارەمان بەشداریی لە رزگاركردنی شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا كردووە.
قوربانیی بنەماڵەكەی
دوای راپەڕین و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین ئەرك و بەرپرسیارێتیی پێشمەرگانەی پێسپێردرا و بە سەركەوتوویی جێبەجێی كردن.
لە قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەكانی بەناو (جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام)، فەرماندەی تیپ بوو لە (فەرماندەیی چواری گەرمیان) و رۆڵی سەرەكی هەبوو لە تێكشكاندنی تیرۆریستاندا.
بەداخەوە، رۆژی 4/11/2001 لە هەڵمەتێكدا بۆ تەمێكردنی تیرۆریستان لە لووتكەی (تاوێرەی چیای شنروێ)ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، لەگەڵ هاوڕێیانی (شێرەی نەقیب، خەلیل بەلەگەیی، عومەر زەینانەیی، ستار ئۆمەربلی) و چەند هاوڕێیەكی دیكەی، شەهید كران و چوونە كاروانی نەمرانەوە.
بەداخەوە، لە شاڵاوەكانی ئەنفالی بەعسدا بۆ سەر كوردستان، هەریەك لە:
ئیبراهیم رەشید كەریمی باوكی و سەیوانی برای و بەیخانی خوشكی، دەستگیر و شوێنبزركران.




