شەش پرۆژەی نوێی وەبەرهێنان بۆ سلێمانی ئامادەدەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند: کار لەسەر ئامادەکردنی شەش پڕۆژەی نوێی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریدا دەکرێت کە دەبنە هۆی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دیمەن و ژێرخانی گەشتیاریی شارەکەدا.
هەنگاوەکانی پێشخستنی پڕۆژە نوێیەکان
شاناز عامر، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشکرای کرد: ڕەزامەندی لەسەر شەش پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری دراوە و لە ئێستادا لە قۆناغی دیزاین و ئامادەکردنی نەخشەی بنەڕەتیدان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە سلێمانی دەباتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر لە ڕووی ڕاکێشانی گەشتیاران و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییەوە.
گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار بە شێوازێکی هاوچەرخ
ئەم پڕۆژانە لە ڕێگەی کەرتی وەبەرهێنانەوە بە شێوازێکی سەردەمیانە و بەپێی بەرزترین پێوەرەکان ئەنجام دەدرێن، بەڕێوەبەری گەشتوگوزار جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکییان پێشکەشکردنی پڕۆژەی جۆری و هاوچەرخە کە شایستەی ناو و پێگەی سلێمانی بن، تاوەکو بتوانن بە باشترین شێوە پێداویستییەکانی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە دابین بکەن.




