قوباد تاڵەبانی: خانەقین مەڵبەندێکی گرنگی یەکێتییە

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ لێپرسراو و ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کاروان یاروەیس، لێپرسراویی نوێی مەڵبەند و ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی مەڵبەندی خانەقین کرد و هیوا سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکەکەیاندا.
لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەیدا بە گرنگیی خانەقین بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رایگەیاند: هەر لە دەستپێکی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانەوە خانەقین مەڵبەندێکی گرنگی یەکێتی بووە و لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەمان گرنگی بۆ یەکێتی هەیە.
وتیشی بۆ لەمەودوا ئەندامانی مەڵبەندی خانەقین دەبێت بە خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی نوێی یەکێتی هەموو توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی یەکێتی لەم سنوورەدا و لەم چوارچێوەیەشدا بەڵێنی پێدان بە هەموو شێوەیەک هاوکاریان بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە سیاسەت و پێگەی یەکێتی لەم قۆناغەدا کرد و روونیکردەوە: یەکێتی بە سەرکردایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەردەوام پێگەی لە کوردستان و عێراق و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر دەبێت، بە جۆرێک لە هەموو ئاستەکاندا لەسەر پرسە جیاوازەکان حیسابی تایبەت بۆ سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی دەکرێت.
پاش گوێگرتن لە بۆچوون و داواکارییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بەڵێنی پێدان بەدواداچوون بۆ هەموو کێشە و کەموکوڕییەکان دەکات. وتیشی یەکێتی و نوێنەرانی یەکێتی لە بەغداد هەموو توانای خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی کێشەکانی خەڵکی خانەقین چارەسەر بکرێن.









