قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری هەردوو قەزای کفری و رزگاری کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی گەرمیان بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری هەردوو قەزای کفری و رزگاری کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی قەزای کفری، قوباد تاڵەبانی پاش گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانی قەزاکە رایگەیاند کفری شارێکی دێرین و مێژوویی کوردستانە و دەبێت بەشێوەیەکی شایستە خزمەت بکرێت. بەڵێنیشی پێدان هاوکارییان بێت لە خزمەتکردنی کفری و کێشە و کەموکوڕییەکان چارەسەر بکات.
لە کۆبوونەوەی دووەمدا لەگەڵ بەرپرسانی قەزاری رزگاری، جێگری سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی بە قەزابوونی لە بەرپرسانی رزگاری کرد و ئاماژەی بەوەدا بە قەزابوونی رزگاری هەنگاوێکەی گرنگە بۆ خزمەتکردنی زیاتری رزگاری.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند دانیشتووانی قەزاری رزگاری کەسوکاری شەهیدانی سەربەرزی ئەنفالن و دەبێت بە باشترین شێوە خزمەت بکرێن. بڕیاریشدا بۆردێک بەناوی بۆردی بووژانەوەی رزگاری دروست بکرێت بۆ چاودێریکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە قەزاکەدا. هەروەها بەڵێنیشی پێدان هاوکاربێت بۆ ئەوەی بە زووترین مۆنۆمێنتی شەهیدانی ئەنفال تەواو بکرێت.




