سەرۆک بافڵ: داوای یەکێتی داوای خەڵکە بۆ باشترکردنی حکومڕانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوو، دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان سەرجەم لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان و عیراق كرایەوە، لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.
بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان خرانەبەر باس و سەرۆك بافڵ رایگەیاند: داوای یەكێتی، داوای خەڵكە بۆ باشتركردنی حكومڕانی و گەیشتن بە حكومەتێكی دادپەروەر و بەهێز كە توانای خزمەتكردنی تەواوی ناوچەكانی هەبێت بەبێ جیاوازی. ئێمە دەمانەوێت هاوبەشیی راستەقینە بنەمای كاركردن بێت.






