بەهارى داهاتوو قۆناغى یەکەمى شەقامى 100 مەتریى سلێمانى بە تەواوى دەکرێتەوە

پووختەی هەواڵەکە
- خەرجیی پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى لەسەر داهاتى نانەوتیى سلێمانى بووە.
- حکومەت نەچووەتە ژێربارى خەرجیی پڕۆژەى شەقامى 100 مەترییەوە.
بڕیارە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانى، بەهارى ساڵى داهاتوو تەواو بکرێت. بودجەى پڕۆژەکەش لەسەر داهاتى نانەوتیی سلێمانى بووە و حکومەتى کاربەڕێکەر، یەک دینارى بۆ خەرج نەکردووە.
شاباز سدیق، سەرپەرشتیارى پڕۆژەى شەقامى 100 مەتریى سلێمانى:
- کۆمپانیای قەیوان جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە و کارکردن لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بەردەوامە.
- لە 1ـى تشرینى یەکەمى ساڵى ڕابردوو، 25 کیلۆمەترى شەقامەکە لە تاسوڵجە تاوەکو تانجەرۆ کە لەسەر ڕێگەى قەرەداغە، تەواو کرا.
- پاشان هەشت کیلۆمەترەکەى دیکە لە تانجەرۆ هەتاوەکو شەقامى عەربەت گوندى دەمرکان تەواو کرا.
- ئێستا 33 کیلۆمەترى شەقامەکە بەڕووى هاتوچۆى ئۆتۆمبێلدا کراوەتەوە بە هەردوو ئاڕاستەکەدا.
- ئەوەى لە ئێستادا کارى تێدا دەکرێت، دابینکردنى محاویلەى کارەبایە بۆ کارپێکردنى ڕووناکیى شەقامەکە.
- تەواوکردنى یەکتربڕى ژمارە 11ـى تاسوڵجە کە 95%ـى تەواو بووە و تەنیا 5%ـى ماوە.
- قۆناغى یەکەمى پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى، بەهارى ساڵى داهاتوو تەواو دەبێت.
- بودجەى ئەم پڕۆژەیە لەسەر داهاتى نانەوتیى پارێزگاى سلێمانى خەرجکراوە و حکومەت نەچووەتە ژێرباری ئەوەى هیچ بڕە پارەیەکى بۆ خەرج بکات.
شەقامى 100 مەترى یاخود ئوتوبانى بابان، سێ قۆناغە و درێژییەکەی 146 کیلۆمەترە، لە تاسڵوجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو درێژ دەبێتەوە، قۆناغی یەکەمی لە شارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات، تاوەكو دەگاتە گوندی دەمركان لە نزیک شارۆچكەی عەربەت.
ئوتوبانى بابان لە چوار سایدی هاتن و ڕۆشتن، حەوت یەكتربڕی دوو ئاستی و پێنج ئەندەرپاس پێکدێت، جگە لەوانەش لە پرۆژەکەدا 67 ڕێڕەوى کۆنکرێتی بۆ ڕێگری لە کۆبوونەوەی باراناو دروستدەکرێن.



