ژمارە دووی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاوكرایەوە

مۆزەخانەی شۆڕشی نوێ

بیرۆكە پرۆژەی ژمارە (1)

لە ژیانی هەموو نەتەوەیەکدا مۆزەخانەی شۆڕش تەنها ئەرشیفێکی کۆگاکراوی ڕابردوو نییە، بەڵکو پەیکەرێکی زیندووی ئازایەتی و قوربانیدانی گەلێکە، کە بە خوێن و ئیرادە مێژووی نوسیوەتەوە، ئەمجۆرە ناوەند و مۆزەخانانە پردێکی مەزنن لە نێوان نەوەی پێشوو و ئێستا، تێیدا چیرۆکی سەختیەکان، بەرخۆدان و هەڵمەتی نەبەردانە بە شێوازێکی پڕ لە هەست و سیمبولیی دەپارێزرێت بۆ ئەوەی یادەوەریی نەتەوەیی هەرگیز کاڵ نەبێتەوە. بوونی ئەم مۆزەخانەیە بۆ کورد و یەکێتی وەبیرهێنانەوەیەکی هەمیشەیی دەبێت، کە ئازادی و سەربەخۆیی بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون، بەڵکو بەرامبەر بەها بەرزەکان قوربانییەکی بێوێنە دراوە.

هەڵبەت زۆربەی ئەو حزبە شۆڕشگێرانەی جیهان، كە مێژوویەكی دوورودرێژی خەباتی چەكداری و سیاسییان هەبووە لەپێناو رزگاركردنی وڵاتەكەیان و رۆڵیان هەبووە لە بونیادنانی وڵاتەكەیاندا و لەدوای سەركەوتنی شۆڕشەكەیان مۆزەخانەی تایبەت بە مێژووی خەباتی شۆڕشەكەیان دروستكردووە لە نمونەی وڵاتانی جیهان (ئەمریكا، چین، ڤێتنام، ئێران، كوبا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەلەستین، جەزائیر) و  چەندان وڵاتی دیكە:

شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتی (ی.ن.ك) كە شۆڕشێكی (چەكداری، سیاسی، هزری، كۆمەڵایەتی) بوو، بە یەكێك لە دوورودرێژترین، كاریگەرترین، پڕ دەستكەوتترین شۆڕشەكانی گەلی كوردستان دادەنرێت كە قەوارەی هەرێمی كوردستان و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی لە دەستوری عێراقی نوێدا بەدوای خۆیدا هێناوە.

بۆیە ئەم شۆڕشە هاوشێوەی شۆڕشەكانی دیكەی جیهان پێویستی بە مۆزەخانەیەكی تایبەت هەیە.   

ئامانج لە مۆزەخانەكە:
ـ پاراستن و بەزیندووهێشتنەوەی ئەرشیف و بەڵگەنامە و كەرەستە و جیهاز و ئامێر و هەندێ چەكی ئەو سەردەمە.
ـ لە مۆزەخانەدا وێنەكان خۆیان دەدوێن. 
ـ وێنەی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر .  
ـ وێنەی شەهیدانی سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێ.
ـ هەڵواسینی تێكستی پەیامەكانی ئەو سەردەمە.   
ـ تێكستی بەیاننامەی دامەزراندنی (ی.ن.ك) بە چەند زمانێك و هەڵواسینی پەیامەكە بەشێوەی تابلۆ.
ـ وێنەی شوێنی دامەزراندنی یەكێتی و ساڵی دامەزراندنەكە.
ـ پیشاندانی وێنەی ئەو ئامێر و كەل و پەل و كەرەستە و چەك و ئامێرەکانی پەیوەندیكردنی ئەو سەردەمە.
ـ پیشاندانی جیهاز و ئامێر و میكسەر و كەل و پەلەكانی رادیۆی قۆناغی شۆڕش.
ـ پیشاندانی سەرجەم ئەو گۆڤار و رۆژنامە و پەرتوكانەی لەسەردەمی شۆڕشی نوێ بڵاوكراونەتەوە و هەروەها ئەو رۆنیو و ستێنسل و ئامێری چاپانەی چاپخانەکانی شۆڕش کە ئەو سەردەمە بەکارهێنراون.
ـ پیشاندانی تێكستی پەیامەكانی سەردەمی شۆڕش (بەیاننامە، بەلاغ، بانگەواز، ئاگاداری، بروسكە گرنگەكان).
ـ پیشاندانی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
ـ پیشاندانی بەڵگەنامە ڤیدیۆییەكانی ئەو سەردەمە. 
ـ پیشاندانی وێنەی شوێنی بارەگای هەڤاڵ سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی لە شوێنە جیاوازەكانی سەردەمی شۆڕش.
ـ بڵاوکردنەوەی پەیامەكانی هەڤاڵ سكرتێری گشتی بە شێوەی (ڤیدیۆیی) یان دەنگی.
 ـ خستنەرووی رێگا و پەیکەری ئەنجومەنی دێهاتەکان، کە لە سایەی شۆڕش هەڵبژێردرابوون.
ـ نمایشکردنی نەخشەی ناوچە رزگاركراوەكانی ئەو سەردەمە.
ـ پیشاندانی پەیكەری سەربازیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و جۆرەكانی خەباتی ئەو قۆناغە مێژووییە.
ـ نمایشکردنی وێنەی نەخۆشخانەی شۆڕش، دادگای شۆڕش، تیپی هونەری شۆڕش، قوتابخانەکانی شۆڕش، رێكخراوەكانی ژنان، مامۆستایان، نووسەران و ئەوانی دیكە.
ـ تۆماركردنی ناوی سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی نوێ لە مۆزەخانەكە لە رێگەی دیواربەندەوە.
ـ بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە لەرێی دەنگەوە، کە کاتی خۆی لەلایەن بێژەرەکانی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان خوێنراوەتەوە.
ـ پیشاندانی ئەو ژمارانەی كە بە نهێنی و جوفرە بەكاردەهێنران و لە رادیۆ بڵاو دەكرانەوە بۆ ئاگاداركردنەوەی هێزی پێشمەرگە و پەیوەندیکردن بە رێکخستنی نهێنی.
ـ پیشاندانی تێكستی داستانەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

گرنگی مۆزەخانە:
دەبێتە ناوەندێكی گرنگی پاراستنی مێژوویی شۆڕشی نوێ و یەكێتی و نەوە لە دوای نەوە بەشێوەی (بینراو، بیستراو، خوێنراو) بە مێژووی شۆڕشی نوێ ئاشنا دەبن.  
ـ دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ و لەبەردەست بۆ توێژەران.
ـ شاندی میوان بە بەسەركردنەوەی مۆزەخانەكە، ئاشنای مێژووی شۆڕشی نوێو خەباتی خەڵکی کوردستان دەبن.    
ـ دەبێتە ناوەندێكی گرنگ بۆ گەشتی زانستی خوێندكارانی كۆلێژ و پەیمانگاكان.
ـ هێشتا وەكو پێویست مێژووی یەكێتی و شۆڕشی نوێ نەنووسراوەتەوە، ئەم مۆزەخانەیە دەبێتە ناوەندێكی سەرەكی بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم كەرەستە و بەڵگەنامەی تایبەت بە رووداوەكانی سەردەمی شۆڕشی نوێ.
ـ تێكۆشەرانی دێرینی یەكێتی و نەوەكانیان بە كردنەوەی ئەو مۆزەخانەیە شانازی بە رابردووی خۆیانەوە دەكەن   .
ـ ئەمە بەشێكی گرنگی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستانە و لەرێی مۆزەخانەوە رێكدەخرێت و بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
ـ پۆلێنکردنی بەشەکانی مۆزەخانەکە (سیاسی، سەربازی، شەهیدان، رێکخستنی نهێنی، دادگای شۆڕش، راگەیاندن، پەروەردەیی، رێکخراوەیی و ئەوانی دیکە).
ـ گرنگییەكی دیكەی مۆزەخانە ئەوەیە وەك ئەوەی لە ئەمنەسورەكەی شاری سلێمانی لەسەر دەستی ژنە سیاسەتمەدار و شۆڕشگێر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كراوە ئەویش كۆكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی كە تایبەتن بە تاوانەكانی رژێمی بەعس كە لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامدراون.

بیرۆكەی پرۆژەكە:
ـ بیرۆكەی ئەم پرۆژەیە لەوە سەرچاوەی گرتووە كە دووجار لە وڵاتی چین سەردانی مۆزەخانەی تایبەت بە حزبی كۆمۆنیستی ئەو وڵاتەم كردووە و یەكێكە لە مۆزەخانە گرنگ و سەرنجراكێشەكان و کاریگەری مۆزەخانەکە لەوەدایە، کە ئەوەی بەچاو دەبینرێت زیاتر كاریگەری درێژخایەن دروست دەكات.
لە كۆتاییدا هیوادارین ئەم بیرۆكە پرۆژەیە ببێتە جێگای رەزامەندی و كاری پێویستی لەسەر بكرێت چونكە ئەمە بەشێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمانە كە لە قۆناغێكی سەخت و دژواردا تۆمار كراوە و هەروەک ببێتە پرسێک بۆ گفتوگۆی هەڤاڵانە و دەوڵەمەندکردنی پرۆژەی مۆزەخانەی شۆڕشی نوێ.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close