ڕێڕەوی دیپلۆماسیی گەلی کورد و چین، چۆن بونیادنرا؟

ڕێڕەوی دیپلۆماسیی گەلی کورد و چین، چۆن بونیادنرا؟
هەمیشە چینییەکان شانازی بە پەیوەندیی باشی نێوان خۆیان و هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن. ئەو پەیوەندییەش بەردی بناغەکەی لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، لەلایەن سەرۆک مام جەلالەوە دانرا، و دواتر ئاستی پەیوەندییەکان فراوانتر بوو و بواری جۆراوجۆری بەخۆیەوە دی.
مام جەلال لە سێ وێستگەی جیاوازدا، یەکەم سەرۆکی عێراق بوو کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا سەردانی چین کرد و ئەو سەردانانە بوونە بەشێک لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و چین و هەروەها پەیوەندییەکانی گەلی کورد و چین.
لە دوای دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی نێوان عێراق و چین لە ساڵی ١٩٥٥ و دواتر لە قۆناغەکانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٧، ئەو هاوڕێیەتییە دێرینەی نێوان گەلی کورد و گەلی چین بە شێوەیەکی فراوانتر بەردەوام بوو.
ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٧، سەرۆک مام جەلال وەک یەکەمین سەرۆکی عێراقی نوێ، وەک عێراقییەک و کوردێکی ڕەسەن، سەردانی چین کرد.
ئەو پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ چین هەبوو و کاراکتەرێکی گرنگ بووە لە پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و کۆماری میللی چین.
لە ساڵی ٢٠١١، بەمەبەستی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی کۆماری میللی چین کرد و دیدار و گفتوگۆی جۆراوجۆریان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چینی ئەنجامدا.
لەو پەیوەندییەدا ڕۆڵی دیپلۆماتێکی کورد، باڵیۆز (دکتۆر محەمەد سابیر)، کە ئەوسا باڵیۆزی عێراق بوو لە کۆماری میللی چین، گرنگ و بەرچاو بوو. دانایی و لێوەشاوەیی ئەو لە کارە دیپلۆماسییەکاندا یارمەتیدەر بووە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و نزیککردنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆی هەمەلایەنەی دانپێدانراو.
بەم شێوەیە ئاستی پەیوەندییەکان گەورە و بەرز بوونەوە، ترافیکی دیپلۆماسیی هاتن و چوون گەرم و گوڕتر بوو لە زۆر بواردا پەیوەندییە ژیارییەکانیش فراوانتر کران. ئەمڕۆش چینییەکان بە شێوەیەکی جیاواز باس لە باشی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم پەیوەندییە لە کوێوە دەستی پێکرد؟
پەیوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری میللی چین، بەشێکی گرنگی دەگەڕێتەوە بۆ کاریزما و پەیوەندییەدیرۆکییەکانی سەرۆک مام جەلال، کە لە سەروبەندی جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورددا، لە ساڵی ١٩٥٥ سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و چاوی بە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای چین کەوت.
ئەوسا شۆڕشگێڕانی کورد بە کاریگەریی بیرۆکە و ئەزموونی شۆڕشەکانی جیهان، لەوانەش بیری ماویزم، دژی چەوسانەوە و ستەمی داگیرکەران دەجەنگان و گڕی شۆڕشیان فراوانتر دەکرد، بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و ڕزگاربوون لە ستەمکاری و ژێردەستەیی.
ئەم پەیوەندییە بوە سەرەتایەکی گرنگ و پڕمتمانە،دواتر لە قۆناغە جیاوازەکاندا بووە بە پەیوەندییەکی سیاسی و دیپلۆماسیی بەردەوامو دامەزراوە.
چینییەکان هەمیشە شانازی بە باشیی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەرێمی کوردستان دەکەن.
بۆ ئەوەش زۆرجار دەگەڕێنەوە بۆ گەورەیی ڕۆڵی سەرۆک مام جەلال لە دروستکردنی ئەو پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییە دوورمەودایە زیندوەدا.
ڕێڕەوی دیپلۆماسیی کورد و چین، ڕێڕەوێکە کە لە مێژوودا بونیادنراوە، بەڵام هێشتا دەتوانێت قۆناغ بە قۆناغ گەورەتر و فراوانتر بکرێت؛ چونکە پەیوەندییەکان کاتێک لەسەر متمانە، مێژوو و ناسینی یەکتر بونیاد دەنرێن، دەتوانن لە هەر قۆناغێکدا بەرهەمی سیاسی و ئابوری و ژیاریی زیاتر بەرهەم بهێنن.















