ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

مرۆڤ وەک خۆی ٬ خەو و خەوتن

خەو چییە؟
خەو دۆخێکی سروشتیی خۆبەخۆیە، واتە بە ویست و ئارەزو و بڕیاری تۆ روونادات، بەڵکو خۆی دێت، بەڵام تۆ دەتوانی هاوکاریی بکەیت کە بە رێک و دروستی رووبدات، لە کاتی خەودا مێشك بەردەوامە لە چالاکی، بەڵام تۆ ئاگات لێ نییە. خەو بە بەردەوامی لە مرۆڤدا روودەدات و دێت و دەڕوا و  تێیدا ئاگایی و کاردانەوەی مرۆڤ بەرامبەر رووژێنەرەکانی ناوەوە و دەرەوەی جەستەی کەم دەبێتەوە، دۆخی خەو جیایە لە دۆخی بوورانەوە و بێهۆشی، لە کاتی خەودا مێشک ئارام دەبێتەوە و خۆی رێکدەخاتەوە و ئەو زانیارییانەی هاتۆتە ناوی، تاووتوێی دەکات و دەیانپاڵێوێ و گرنگ و پێویستەکانی لە شوێنی تایبەتی مێشکدا وای هەڵدەگرێ کە لە ئایندەدا کاتێ کاری پێیانبوو بتوانێ بیانگێڕێتەوە بۆ هۆش و ئاگایی و بەکاریانبێنێت، بەمە توانای فێربوون و بیرهاتنەوە و بیرکەوتنەوە و لەبەرکردنمان زیاد دەبێت، هەروەها هەست و سۆزەکانیشـمان خۆیان رێکدەخەنەوە. ئەندامەکانی دیکەی جەستەش وەک مێشك، بە هەمان پرۆسەی خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوە و خۆچاک و خۆڕاستکردنەوەدا تێدەپەڕن، وەک: دڵ و پەستانی خوێن کە کەمدەبنەوە، پرۆسە کیمیاوییەکان و هۆرمۆنەکان و کۆئەندامی بەرگری و هەرس و جگەر.
خەوی تەندروست چییە؟
خەوی باش تەنیا بە ژمارەی سەعاتەکانی خەوتن نییە، بەڵکو چۆنێتی و بەردەوامی و رێکیی کاتی خەو، ماندووبوون بە رۆژ و باشی و سازگاریی کەشی دەروونی (میزاج)،  پێوەرن بۆ چۆنێتیی خەو و خەوێکی باش. 
لە زۆرینەی خەڵکدا خەوی تەندروست بەم جۆرەیە: شەش تا نۆ سەعات بخایەنێت (لە هەندێ کەسدا کەمتریش و زۆرتریش هەر ئاساییە)، دەستپێکی خەو (خەولێکەوتن) ئاسان بێت و کاتی زۆری نەوێت، هەستان و بەئاگاهاتنەوەی کاتی لە خەودا کەم و کورتخایەن بێت، واتا زوو خەوی لێبکەوێتەوە و نەبێتە خەوزڕانی تەواو. بەیانی کە هەستایت توانا و وزەی دەروونی و جەستەییت باش بێت، لە رۆژدا زیت و وریا بیت و توانای کارکردنت هەبێ نەک خەواڵوو و شەکەت و ماندوو بیت، کاتی خەوت سازاندبێت لەگەڵ کاتەکانی خواردن و خواردنەوە و سێکس و کارکردن و وەرزش و پشوودان و کات بەسەربردنی جۆراوجۆر، ژیان بەردەوام لە گۆڕان و گۆڕین و رووداوی نوێدایە، بۆیە جار جار بە هۆی جۆراوجۆرەوە و بە شێوەیەکی کاتی کەم خەوتن و خراپ خەوتن، یا تەنانەت نەخەوتن ئاساییە و سەیر نییە، خەوی بەردەوام باش و بێ وێنە و ئایدیال (perfect) بوونی نییە!

بیروباوەڕی ناڕاست و ئەفسانەئاسا دەربارەی خەو 
گوایە هەموو کەسێک هەشت سەعات خەوی پێویستە؛ ئەگەر شەوێک کەمتر لە هەشت سەعات خەوتیت دەبێت شەوانی داهاتوو قەرەبووی بکەیتەوە بەوەی لە هەشت سەعات درێژتر بخەویت، یان دەڵێن دەتوانی خۆت رابێنی لە پێویستیی سروشتی خۆت بۆ خەو کەمتر بخەوی بێ ئەوەی زیانت پێبگەیەنێ، ئەمەش راست نییە و زیان بە کار و کارەکانی مێشک و ئەندامەکانی تری جەستەت دەگەیەنێت. 
پرخە پرخ لە کاتی خەودا بی زیانە، ئەمە راست نییە، بە تایبەتی ئەگەر بەردەوام بێت و لە گەڵیشیدا جار جار بۆ چەند چرکەیەک هەناسەدان بوەستێ و لە رۆژیشدا کەسەکە زۆر ماندوو و خەواڵوو و بێ وزە بێت. گوایە مەی بۆ خەو باشە، ئەمە راست نییە، لەوانەیە بۆ خەولێکەوتن و دەستپێکی خەو لە هەندێ کەسدا و لە هەندێ دۆخی ژێر پەستان و گوشاری جۆراوجۆردا بە شێوەیەکی کاتیی کورتخایەن کەمێک مەی باش بێت، بەڵام شەوانە و بەردەوام مەی خواردنەوە بۆ خەولێکەوتن، دواتر خەو دەشێوێنێ و دەبێتە نەخۆشی. 
گوایە مرۆڤ کە پیر بوو کەمتر پێویستیی بەخەو دەبێت، ئەمە راست نییە ، پێکهاتە و شێوازی خەو لە پیردا دەگۆڕێ، دەشێ پیر لە لاو خەوی سووکتر بێت و بچڕ بچڕ بێت، بەڵام پیرەکان پێویستیی تەواویان بە خەو هەیە و ئەم پێویستییەش هەر دەمێنێت. 
ئەگەر خەوم لێنەکەوت باشترە هەر لە ناوجێدا بمێنمەوە و زۆر لە خۆم بکەم تا خەوم لێ دەکەوێت، ئەمەش راست نییە، چونکە مرۆڤ زۆرتر دەهەژێنێ و دەورووژێنێ، زیز و تووڕەی دەکات و ناچاری دەکات بە بیرکردنەوەی زۆر.
یاسا و رێساکان بۆ خەوێكی باش  ئەوانەن کە بوون بە خوو و نەریت و کرداری رۆژانە و مرۆڤ بێ بیرکردنەوە لێیان دەیانکات و دەبنە بناغەی خەوی تەندروست، وەک: هەموو شەوێک لە یەککاتدا بچۆرە ناوجێ و بەیانیش بە رۆژانی پشووشەوە لە یەککاتدا لە خەو هەستە. 
دەبێت بە رۆژ ماڵەکەت رووناک بێت و بە شەو ژووری خەوەکەت تاریک و نە گەرم و نە سارد بێت، تەنیا بۆ خەوتن بەکاربێت نەک بۆ سەیری تەلەفیزۆن و بەکارهێنانی مۆبایل و چالاکایی  جۆراوجۆری تر. وەرزش بە رۆژ بکە، وەرزشی قورس و پڕ لە جووڵە پێش ئەوەی بچیتە ناوجێ خەولێکەوتنت دوادەخات.  
پێش چوونە ناوجێ هەر شتێک، هەر چالاکییەک بۆ نموونە مۆسیقای نزم و ئارامکەرەوە، یان سێکسکردن کە ئارام و خاوت دەکاتەوە بیکە و بەردەوام بە لەسەری تا رادێیت و دەبێتە خووی شەوانە.  با نانی ئێوارەت سووک بێت و شەو شلەمەنی و ئاوی زۆر مەخۆرەوە، چای رەش و قاوە و هەر شتێ ماددەی کافایینی تێدا بێت، یان جگەرەکێشان و مەیخواردنەوەی بەردەوامی شەوانە خەو دەشێوێنن.
ئەگەر بە رۆژ پێویستت بە خەو هەبوو با لە یەک سەعات کەمتر بێت و نزیکی ئێوارە نەبێت. کە شەو خەوت زڕا زوو زوو سەیری سەعاتەکەت مەکە، لە جێی خەو وەرە دەرەوە و لە شوێنێکی کەمێک تاریک چالاکییەکی جەستەیی، یان هزری بکە و تا خەواڵوو نەبیتەوە مەچۆرەوە ناو جێی خەوەکەت.

خەو دۆخێکی سروشتیی خۆبەخۆیە، واتە بە ئارەزو و ویست و بڕیاری تۆ روونادات، بەڵکو خۆی دێت، بەڵام تۆ دەتوانی هاوکاریی بکەیت کە بە رێک و دروستی رووبدات، لە کاتی خەودا مێشك بەردەوامە لە چالاکی، بەڵام تۆ ئاگات لێ نییە

جۆرەکانی خەوشێوان
 کەمخەوی: بریتیە لە خەوزڕان و درەنگ خەولێکەوتن، نەخەوتن و کەمخەوتن و خەوی پچڕ پچڕ، بەیانی زوو هەستان و خەولێنەکەوتنەوە، یان بڕ و کاتی خەوەکەت تەواوە، بەڵام جۆری (کوالێتیی) خەوەکە تێرت ناکات. 
زۆرخەوی: کەسەکە لە پێویستیی خۆی زۆرتر دەخەوێت و دەبێتە هۆی سستی و خاوی و ناچالاکی و خەواڵویی بە رۆژ و کار دەکاتە سەر ژیانی رۆژانەی و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی.
خەوی ناسروشتی: بۆ نموونە کەسێک ئەوەندە خەوی شێواوە کە بە رۆژ بەردەوام خەواڵووە و کاری پێ ناکرێت و ئەمە تووشی رووداوی سەیارە و رووداوی دیکەی کردووە، یان کەسێک بێ ئەوەی هۆشی بە خۆی بێت لە خەو هەڵدەستێ و دەکەوێتە گەڕان و چالاکیی بێ ئامانج و تووشی رووداوی دەکات، یان شەو بە دەم تۆقین و هاوار و ناڵە و راچڵەکینەوە بە ئاگادێت و خەوی لێ ناکەوێتەوە، کەسێک پێش ئەوەی تەواو خەوی لێ بکەوێت، یان بەیانی کە لە خەو هەڵدەستێ هەستەکانی دەشێوێ، بۆ نموونە شت دەبینێ و دەنگ دەبیسێ کە بوونیان نییە لەو شوێن و کاتەدا، یان کەسێک بەردەوام خەوی زۆر ترسناک و تۆقێنەر دەبینێ. لە نەخۆشیی مانیادا کەسەکە کەمخەو نییە، بەڵکو پێویستیی بە خەو زۆر کەم بۆتەوە، یان بۆ چەند رۆژێک هەر پێویستیی  بە خەو نییە. هەموو ئەمانە و جۆری تریش کە بەردەوامبوون و ژیانی رۆژانەی کەسەکە و دەوروبەرەکەی شێواند، ئیتر دەبنە نەخۆشی و دەبێت کەسەکە بچێتە لای دوکتۆر بۆ چارەسەرکردنی. 
هۆیەکانی خەوشێوان: دەشێ جەستەیی (نەخۆشییەکانی دڵ و سی و…هتد)،  یان دەروونی (خەمۆکی، ترس، شیزۆفرینیا و…هتد)، یان کۆمەڵایەتی (شەڕ و ئاژاوەی ناو خێزان و هەژاری و دوژمنایەتی و توندوتیژی و دەنگە دەنگی دەرەوەی ماڵ و پیسبوونی ژینگە و…هتد)، یان تێکەڵەیەک لەم هۆیانە بن، بەڵام هۆیەکیان، یان دووانیان زەقتر و سەرەکیتر بن.

چارەسەریی خەوشێوان
چارەسەریی ئەم حاڵەتە بە پێی هۆکانێتی. دەرمانی خەو گیایی، یان کیمیاوی، حەب، یان شروب، یان شاف، یان دەرزی، یان تۆز نابێت بێ رێنمایی پزیشک بخورێت، بە تایبەتی سەربەخۆ و بێ رەچەتەی پزیشک حەبی خەو کە ماددەکەی کیمیاوی بێت، یان مەیخوارنەوە بۆ چارەی کەمخەوی هەڵەی گەورەن و دەبنە هۆی راهاتن پێیان و دوایی ناتوانن بە ئاسانی و بێ کۆمەکی دوکتۆر وازی لێ بێنن، یان ئەمانە بە شێوەیەکی کاتی بێخەوییەکە چارەسەر دەکەن، بەڵام هۆی بێخەوییەکە و نەخۆشییەکەی پشتەوەی، بۆ نموونە خەمۆکی  و ترس و دووجەمسەری و شیزۆفرینیا دادەپۆشێ و بێدەنگی دەکات و چارەسەری زانستیی دوادەخات و قورستری دەکات.

خەو لە خۆراک و خواردنەوە زیاتر کاریگەریی لەسەر لەشساغی هەیە

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *