هەنگاوێک بەرەو چارەسەری ئاشتییانە لە سوریا

شۆڕشی رۆژئاڤا کە لە ساڵی 2011ەوە سەریهەڵداوە و چەندین قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە، کە جگە لە هەڵبژاردنی قۆناغی خەباتی مەدەنی و پێکەوەژیان لەگەڵ نەتەوەکانی تردا، تووشی شەڕی ناچاریی تیروریزمی جیهانیش کران و دەیان هەزار شەرڤان که ژمارەیەکیان لە نەتەوەکانی تری ناوچەکەش بوون لەم جەنگەدا لەپێناوی داکۆکیکردن لە بوون و مانەوەیان شەهیدکران، هێزەکانی خۆسەری و بەشێک لە پێکهاتەکانی تری ناوچەکە توانیان ئەم ستاتۆیە بگەیەننە ئەم قۆناغەی ئێستا کە پێی دەڵێن (ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی) کە لە بنەڕەتدا ئەم چەمکە کۆمەڵگە و دەوڵەت بەشێوەیەکی دیموکراتی گرێ دەدات و گروپ و پێکهاتەکان لەگەڵ یەک دەگونجێنێت و بەشدارییان پێدەکات لەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، رێز لە کەمینەکان دەگرێت و تەنها وەک ژمارە نابن و وەک پێکهاتەی رەسەن سەیر دەکرێن، لێرەوە عەبدی و هاوڕێکانی دانوستان لەسەر مافەکانیان دەکەن، هەرچەندە بڕیاری زلهێزان و گوشاری تورکیا و ناڕەوایی بڕیاری نێردەی ئەمریکا تۆم باراک شتێکی تر بوو، بەڵام ملنەدان و کۆڵنەدان و سووربوونی مەزڵووم عەبدی لەسەر بەردەوامی تێکۆشان، دۆخەکەی پێچەوانە کردەوە و بۆ جیهانیان سەلماند کە خۆیان رادەست ناکەن، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ مۆراڵ و پەروەردە و ورەبەرزیی ئەوان، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و هاوپەیمانان لە سنوورەکانی رۆژئاڤا لە چەند مانگی رابردوودا کاریگەریی نەگەتیڤی لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دروستکرد، بەڵام چونکە ئیرادەیەکی پۆڵاینی گەل بوونی هەبوو، توانیان بە بە رەنگاریی و خۆڕاگریی و قوربانی خوێنی شەهیدان رۆژئاوای نیشتمان بپارێزن لە کۆمەڵکوژی و داگیرکاریی، لەئێستاشدا ئەم بەڕێوەبردنە چووەتە قۆناغی بونیاتنانەوە و دروستکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان، لە رووی سەربازیشەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەپێی رێکەوتنی 10ی ئازاری 2025 و رێکەوتنی 29ی کانوونی دووەم لەگەڵ حکومەتی راگوزەری دیمەشق لە دانوستاندان بۆ رێکخستنەوەی ئەم هێزانە و چەندین قۆناغی باشیان بڕیوە، رۆژئاڤا لە نەبوونی شوناس و ناسنامەوە دەباتە قۆناغی حوکمداریی لەگەڵ دیمەشق.
ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە رۆژئاڤا و هێزەکانی هەسەدە (یەپەگە، یەپەژە) لەناو سوپا و حکومەتی سوریادا درێژەی پێدەدرێت
ئیتر ناسنامە و زمانی کوردی، لەگەڵ مافی سەربازی و ئاسایش و سیاسەت و کارگێڕی تا دەگاتە مافە نەتەوەییەکانی کورد لە سوریای نوێدا رێکەوتنی لەسەر کراوە، بە زامنکاری نێودەوڵەتی بڕیارە لە ئایندەدا لە دەستووری سوریای نوێدا بچەسپێندرێت، ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە رۆژئاڤا و هێزەکانی هەسەدە (یەپەگە، یەپەژە) لەناو سوپا و حکومەتی سوریادا درێژەی پێدەدرێت.
ئەوەی لە رۆژئاڤا بەدەستهاتووە کەم نییە و دەستکەوتەکانی بەرخودان و شۆڕش بەرەو پێش دەبرێن، دەستکەوتەکان کە لەسایەی خوێنی شەهیدان و قوربانیەکان بەدەست هاتوون.
هێشتا سوریای نوێ دەستوورێکی فەرمی نوسراوی نییە تاوەکو پەیکەری سەرۆکایەتی و دەسەڵاتەکانی دیاری بکات، گرنگ ئەوەیە گەلی کورد لە رۆژئاوای نیشتمان لە نەبوونی شوناسەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی لە هەنگاوەکانی بەردەوامە، ئەم خەباتەی ئەمڕۆ هەمان ئەو بنەمایەیە کە لە پێناویدا تێکۆشاون واتە سوریایەکی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان، بە ئامانجی پاراستن و چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و دەستورییەکانی گەلی کورد لە سوریای نوێدا.

ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکانی جەنگ، هەموو کونجێکی سوریا بگرێتەوە بە یەکسانی




