ئاراستە نوێیەکانی دەسەڵات لە خەون و واقیعدا

لە جیهانێکدا کە هاوسەنگیی هێز تێیدا لەسەر لێواری گۆڕانکاریی بنەڕەتییە، پرسیاری «چی روودەدات ئەگەر ئێران بڕوخێت؟» تەنها لێکدانەوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو سیناریۆیەکی هەستیارە کە سەرجەم جۆگرافیا و نەخشەی جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکە دەلەرزێنێت.
مێژووی سیاسەتی ئیقلیمی و هەڵسوکەوتی ئێستای هێزە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان پێماندەڵێت کە نەبوونی هاوسەنگیی هێز و سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی یەکڕەنگ و توندڕەو، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر مافە نەتەوەیی و قەوارە سیاسییەکانی وەک هەرێمی کوردستان
لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، نەک تەنها وەک کارەکتەرێکی سەرەکی، بەڵکو وەک بزوێنەرێکی مەترسیدار دەردەکەوێت کە دیدگا و ئارەزووی گەورەی بۆ سەرکردایەتی جیهانی سەدەی نوێی عەرەبی و سوننی هەیە.
چاودێرکردنی وردی جووڵە و لێدوانەکانی شازادەی جێنشین لە چەند ساڵی رابردوودا، وێنەی كەسایەتییەکمان پیشان دەدات کە لە رێگەی پراکتیزەکردنی سیاسەتێکی توند و یەک قۆناغییەوە هەنگاو دەنێت. ئەم پیاوە لە قۆناغە جیاوازەکاندا نیشانی داوە کە سڵ ناکاتەوە لە بەکارهێنانی هێزی رەها بۆ سەپاندنی نفوزی خۆی، لە هاوکاریکردنی لایەنە شەڕکەرەکان لە سوریا دژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و رۆژئاوا، تا بەشداری و پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانییەکان لە یەمەن و سودان و دواتریش لێدانی پێگەکانی (الحشد الشعبی) لە عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ئەم جووڵانە تەنها کاردانەوەی کاتی نین، بەڵکو بەشێکن لە نەخشە رێگایەک بۆ بوون بە «برا گەورە» و بڕیاردەری یەکلاکەرەوە لە ناوچەکەدا. هاوکات، دروستکردنی تۆڕێکی فراوان لە هاوپەیمانی لەگەڵ پاکستان، تورکیا، سوریا، ئەردەن و میسر، لە بەرامبەردا قووڵبوونەوەی کێبڕکێ و ناکۆکییە شاراوە و ئاشکراکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات، دەریدەخات کە بن سەلمان خەریکی داڕشتنەوەی سیستمێکی نوێی ئیقلیمییە کە تێیدا پێگەی رکابەرەکان بچووک دەکرێتەوە.
مەترسییەکان بۆ سەر قەوارەی
هەرێمی کوردستان
ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیک یان دووردا، کۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕانکاری بنەڕەتی تێدا بکرێت، بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات دروست دەکات. لەم دۆخەدا، بن سەلمان بە عەقڵییەتە نەتەوەییە توندە سوننەکەی و بەو ئاراستەیەی کە لەسەر بنەمای تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستا بەرەو پێشدەچێت، هەوڵدەدات بۆشاییەکە پڕ بکاتەوە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئەم باڵادەستییە سوننەیە چی بەسەر پێکهاتە بێ دایک و باوکەکان و کەمینەکاندا دێنێت؟
مێژووی سیاسەتی ئیقلیمی و هەڵسوکەوتی ئێستای هێزە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان پێماندەڵێت کە نەبوونی هاوسەنگیی هێز و سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی یەکڕەنگ و توندڕەو، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر مافە نەتەوەیی و قەوارە سیاسییەکانی وەک هەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا کە کورد هەمیشە وەک قوربانیی پیلانگێڕییە ناوچەییەکان بووە، لەژێر سایەی باڵادەستییەکی نوێی لەو شێوەیەدا، مەترسی تواندنەوە، سڕینەوەی قەوارەی سیاسی و کەمکردنەوەی رۆڵی کورد بۆ چەند مافێکی سنووردار و لاوەکی، زۆر زیاتر دەبێت.
بەرەو کام ئاڕاستە؟
سیاسەتی دەرەکی محەمەد بن سەلمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی رەها و لەناوبردنی هەڕەشەکان بنیات نراوە. لاوازیی ئێران، ئەگەر ببێتە هۆی سەرکەوتنی بێ مەرجی ئەم جۆرە لە حوکمڕانییە توندڕەوە لە ناوچەکەدا، ئەوا دەروازەیەک بۆ سەردەمێکی نوێ لە نادادپەروەری و سەرکوتکاری دەکرێتەوە کە تێیدا نەتەوە بێدەوڵەتەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە کورد، باجی قورسی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان دەدەن. بۆیە، هۆشیاربوونەوە لە ئاست ئەم نەخشە مەترسیدارانە و تێگەیشتن لە قووڵایی مەترسییەکانی داهاتوو، ئەرکێکی مێژووییە بۆ پاراستنی بوون و قەوارەی گەلی کورد لە قۆناغی داهاتوودا.



