ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

هونەرمەندی ناوداری کورد ( زەکەریا عبداللە ) لە ڕۆژی کۆچی دوایی سەرکردەی گەورەی کورد هەڤاڵی بەڕێز ( جەنابی مام جەلال ) ئەمەی نوسی :

هونەرمەندی ناوداری کورد ( زەکەریا عبداللە ) لە ڕۆژی کۆچی دوایی سەرکردەی گەورەی کورد هەڤاڵی بەڕێز ( جەنابی مام جەلال ) ئەمەی نوسی :

ماڵئاوا مامى خۆشەویست و مەزنمان جەنابى مام جەلال، ئەى ئەو مرۆڤە جوانەى کە هەمیشە لە دڵمان زیندووى، دەزانم ژیانى تۆ لە مردنەوە دەستپێدەکات. تۆ نیشتمانێکت خستە سەرپێ و مێژووى نەتەوەیەکت درەوشاندەوە، ماندوو نەناسێک بووى بێ پشوودان، پێشمەرگەیەک بووى بەردەوام لە نوێ بوونەوەدابووى، سیاسەتمەدارێک بووى بە ئاگا لە هەموو وەچەرخانەکانى جیهان.
تۆ کتێبخانەیەک بووى لە رۆشنبیرى و ڕووناکبیرى، ئەى نوێخوازى بێ هاوتای نیشتمان و هەموو شتێکى کوردەوارى بە تۆوە جوان بوو.
مامى خۆشەویستم نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم لەو چرکە ساتەى کە خودا چانسى ئەوەى پێبەخشیم بووم بە هاورێت و بووى بە هاورێم تۆ زۆر لە هاورێیەتى لێم نزیکتربووى، هەموو ئەو چرکەساتانەى دانیشتنەکانى نێوان خۆت و خۆم هەرگیز لە یادناکەم، کاتى دانیشتنمان و نانخواردن و حیوار و گفتوگۆكانمان و ئامۆژگاریت و قسەى خۆش و ناوە ناوەش دەستەکانت دەخستە سەرشانم و بە پێکەنینەوە من وەک قوتابیەکى گوێرایەڵ و تۆش وەک مامۆستا و مامێکى هەرە بەئەزموون شیعرى شاعیرانت بۆ دەخوێندمەوە بە کوردى و فارسى و عەرەبى و تورکى و هەرخۆشتان بۆتان شەرح دەکردم و چەند جوان باسى مۆسیقا و ئاوازى کوردى و هونەرمەندانت دەکرد، رۆژبەرۆژ و دەم بە دەم زرنگى تۆم بۆ دەردەکەوت، جگە لەو خۆشەویستییەى کە هەتان بوو بۆ من. بەراستى ئەمرۆ بەکۆچى ناوادەت هەست بە لەدەستدانى مەزنێکى هەر چوار پارچەى کوردستان بەتایبەتى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەگشتى دەکەم، مامى خۆشەویستم دەزانم رۆحى تۆ ئێستا بێ ئاگا نیە لە خەمبارى ئازیزانت، دەزانم ئێستا شەهیدانى کوردستان و ئازادی هەر هەموویان لە پێشوازى شکۆى تۆ وەستاون و گوڵى وەفاداریت پێشکەش دەکەن.
مامى ئازیزم ئەو کۆچەى تۆ داخێکى گەرمى نا بە جگەرمانەوە هێشتا زووبوو و پێویستى زۆرمان پێت بوو،
کەس نیە ئەو ڕاستیە نەزانێ کە تۆ ئەفسانەى سەدەى (21) بووى، ئێستاش هاورێى ئازیز و مامى من دەستى ئارامى لەسەر دڵت دابنێ بیرى نەتەوەیى و نیشتمانخوازى و دیموکراسى و ئازادى بە سەنگى بەهرە و رەنجى تۆ بەرەو لوتکە قۆناغەکانى بڕیووە.
دروود بۆ تۆ و بۆ شەهیدانى بزاڤى رزگارى خوازى کوردستان.

هاورێى نزیک و دڵسۆزتان
وەفادارى رەنج و خەباتى ئێوە

زەکەریا عبداللە

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *