ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

هەناسەی شاخەکان، بیرەوەریەکانی د.خدر مەعسوم هەورامی

(هەناسەی شاخەکان) ناوی بیرەوەریەکانی د. خدر مەعسومە، کە ناونیشانێکی شیعرییە و دەرخەری ئەوەیە ئەم بیرەوەرییانە بە شێوەیەکی تایبەت و هونەریی نووسراونەتەوە. سەبارەت بە من و زۆر مامۆستای دیکەی زانکۆ، کە لە ساڵانی 2005 بە دواوە لە زانکۆی کۆیە بووین، د.خدر زیاتر وەک ئەکادیمییەک بینیومانە و بەرکەوتمان هەبووە لەگەڵیدا، بە تایبەتی ساڵی 2005 کە بوو بە سەرۆکی زانکۆی کۆیە و لەسەر دەستی ئەودا زانکۆی کۆیە لە هەموو روویەکی زانستی و کارگێڕییەوە گەشە و بەرەوپێشچوونێکی زۆری بە خۆیەوە بینیی، بۆیە ئەو وێنەیەی ئەو وەک سەرۆک زانکۆ و ئەکادیمییەک لەلای ئێمە چەسپابوو، بەڵام کاتێک ئەم بیرەوەرییانەی دەخوێنیتەوە، ئەوا وێنەیەک و دیوێک و دنیایەکی دیکەی ئەم پیاوە دەبینیت، کە تەواو جیاوازە لەو وێنە و دیوە ئەکادیمییەی هەیەتی، ئەویش بوونی ئەوە وەک پێشمەرگەیەک، کە شاخەوشاخ و دۆڵاودۆڵ و وڵاتەووڵات گەڕاوە، لەپێناو شۆڕش و نەتەوەکەیدا سنوورەکانی بڕیوە، یەکێک بووە لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی
(ی. ن. ک.)، وازی لە خۆشگوزەرانیی بەریتانیا و خوێندنی باڵا هێناوە و گەڕاوەتەوە بۆ ناو شاخ و دۆڵەکانی کوردستان و لەپێناو نەتەوەکەیدا خەباتی کردووە.

د.خدر لێرەدا تەنیا باسی خۆی ناکات و خۆی نەکردووە بە تەوەری سەرەکیی گێرانەوەکە، بەڵکو باسی رووداوەکان و بارودۆخ و کەسایەتییەکانی تری دەوروبەریشی کردووە و گرنگییەکی زۆری بەوانیش داوە

ئەگەر سەیری ناونیشانە لاوەکییەکەی ئەم کتێبە بکەین دەبینین نووسراوە (بیرەوەریەکانی د.خدر مەعسووم هەورامی)، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت نووسەر ویستوویەتی بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە، بیرەوەری یاخود یادەوەریش بریتییە لە گێڕانەوە و نووسینی ئەو رووداوانەی لە سەردەمی ژیانی نووسەردا روویان داوە. (بڕوانە: جبور، 1984، ص 246)، واتە نووسەر لە یادەوەریدا زیاتر چوارچێوەی مێژووی گشتی و کۆمەڵگە و ژینگەکەی باس دەکات، بۆیە زیاتر جەخت لەسەر دەوروبەری مرۆڤ دەکاتەوە؛ لێرەدا دەبینین یادەوەری لە رێگەی ژیانی تایبەتیی نووسەرەوە گرنگی بە ژیانی گشتی دەدات. د.خدر لەم بیرەوەرییانەیدا گرنگیی بە دۆخە گشتییەکە داوە و لە رووداو و کەسایەتییەکانی ئەو سەردەمە دەدوێت. لێرەدا وا دەردەکەوێت ئۆتۆبایۆگرافیا، یاخود ژیاننامەی خودیی تایبەت بە خۆی نانووسێتەوە، چونکە لە ژیاننامەی خودیدا کەسەکە باسی ژیان و بەسەرهاتەکانی خۆی دەکات و لە روانگەیەکی تەواو خودییەوە شتەکان دەگێڕێتەوە و خۆی تەوەری سەرەکیی هەموو رووداوەکانە، بەڵام د.خدر لێرەدا تەنیا باسی خۆی ناکات و خۆی نەکردووە بە تەوەری سەرەکیی گێرانەوەکە، بەڵکو باسی رووداوەکان و بارودۆخ و کەسایەتییەکانی تری دەوروبەریشی کردووە و گرنگییەکی زۆری بەوانیش داوە. 
لەلایەکی ترەوە ئەگەر سەیری پێناسەی ژیاننامەی خودیی بکەین، کە  گێڕانەوەیەکی پەخشانئامێزە، کەسێکی واقیعی لەبارەی بوونی تایبەتی خۆیەوە ئەنجامی دەدات، ئەمەش کاتێک تەرکیز دەکاتە سەر ژیانی تاکەکەسیی خۆی و مێژووی کەسێتییەکەی بە شێوەیەکی تایبەت دەگێڕێتەوە (بڕوانە: لوجون، 1994،22)، یاخود بەدواداچوون دەکات بۆ ژیانی نووسەر لە منداڵییەوە تا کۆتایی (العامری، 2013، ص 57)، واتە ژیاننامەی خودی، یاخود ئۆتۆبایۆگرافیا جۆرە نووسینێکە چاو دەخاتە سەر مێژووی ژیانێکی  تایبەت، یان چیرۆکی ژیانی کەسێک، یان گێڕانەوەی ژیانی کەسێکە و بەدواداچوون دەکات بۆ ژیانی نووسەر لە منداڵییەوە تا کاتی نووسینی ژیاننامەکە و ئاماژە بە سەرجەم ئەو رووداوە مێژووییانە دەدات کە نووسەر بەشداریی تێیاندا کردووە، یان بینیونی، یاخود لە کەسانی ترەوە بیستوونی و کاریان کردووەتە سەر رەوتی ژیانی (بڕوانە:  عبد النور، 1984، ص 246)، بەم پێیە لە ژیاننامەی خودییدا، بابەتی بنەڕەتی کەس و گۆڕانکارییەکانییەتی لە سەردەمی منداڵییەوە تا گەورەبوون و پێگەیشتن، تەنانەت لە ژیاننامەی خودیدا گرنگی دەدرێت بە «ناوی باوک، پاشان ناوی کەسیی خۆت کە جیات دەکاتەوە لێی، بێگومان ئەم دووانە دوو پێدراوی سەرەکیی مێژووی منن» (لوجون، 1994، ص 50.)، د.خدر لەم کتێبەیدا هەم ناوی خۆی و هەم باوکی و تەنانەت باپیرە و ناوی دایک و خانەوادەی دایکیشی نووسیوە و لە سەرەتای دەستپێکردنی کتێبەکەوە باسی لەدایکبوون و ژیانی منداڵی و دەستکردن بە خوێندنی حوجرە و پاشان خوێندنی قوتابخانە و بڕینی هەموو قۆناغەکانی خوێندن و تەواوکردنی بەشی پزیشکیی لە قاهیرە کردووە. ئەمەش کتێبەکە بەرەو ئۆتۆبایۆگرافی دەبات. کەچی لە دوای ئەوەی دەبێت بە پێشمەرگە و دەچێتە ناو شۆڕشەوە، ئەوەندەی باس لە خەباتی گەلی کورد و پاشان هەرەسی شۆڕش و دواتر سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ و دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، ئەوەندە باسی ژیانی تایبەتی خۆی ناکات. لەو شوێنانەشدا کە باسی خۆی دەکات، باسکردنەکە پەیوەست دەبێتەوە بە شۆڕش و (ی. ن. ک) و کەسایەتییەکانی ترەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم کتێبەی د.خدر ناچێتە ناو یەک ژانرەوە و لەنێوان هەر دوو ژانری بیرەوەری (یادەوەری) و ئۆتۆبایۆگرافیادا خۆی دەبینێتەوە. چونکە لە بیرەوەریدا گرنگی بە باسکردنی سەردەمی منداڵیی نووسەر نادرێت و باسی ناکات. (بڕوانە: بەدەل، 2009، ل38ـ 39)، بەڵام د. خدر باسی سەردەمی منداڵی و ژیانی تایبەتی خۆی کردووە، بۆیە ئەمە بەرەو ژیاننامەی خودی دەیبات، کەواتە ئەم کتێبەی د.خدر تایبەتمەندییەکانی هەر یەک لە بیروەری و ئۆتۆبایۆگرافیاشی تێدایە.

مام جەلال داوای لێ دەکات بگەڕێتەوە و دەست دەکەن بە دامەزراندنی (ی. ن. ک) و سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ، لێرەدا بە وردی باسی دامەزراندنی (ی. ن. ک) دەکات و روونکردنەوەی ورد دەدات لەسەر (دەستەی دامەزرێنەر) و (دامەزرێنەران)ی یەکێتی

بەشێوەیەکی گشتی ئەم کتێبەی د.خدر بەسەر دوانزدە بەشدا دابەشکراوە، کە هەندێک بەشیان سروشتی ئۆتۆبایۆگرافیایان هەیە، هەندێک بەشیش زیاتر وەک بیرەوەری، یاخود یادەوەری دەردەکەون، بەشەکان و ناوەڕۆکی بابەتەکانیان بەم جۆرەن:
لە بەشی یەکەمدا باسی مێژووی لەدایکبوون و سەردەمی منداڵی و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە کۆیە دەکات و پاشان بۆ خوێندنی ئامادەیی دەچێتە بەغداد، دواتر دەچێت بۆ میسر و لەوێ دەچێتە کۆلیژی پزیشکی و بە سەرکەوتوویی تەواوی دەکات.
* لە بەشی دووەمدا باسی گەڕانەوەی خۆی دەکات بۆ کوردستان دوای تەواوکردنی کۆلیژی پزیشکی لە میسر. گەڕانەوەکەی بەجۆرێک بووە سەرەتا چووەتە بەیروت لە لوبنان، پاشان لەوێوە چووە بۆ تاران، پاشان دەگەڕێتەوە کوردستان و دەچێتە ناو شۆڕش و لە «شێروان مەزن» دەبێت بە دکتۆر، لەم کارەی بەردەوام دەبێت تا شۆڕش هەرەس دەهێنێت، بۆیە ناچار دەبێت دووبارە کۆچ بکاتەوە بۆ میسر.
* لە بەشی سێیەمدا باسی چوونی دەکات بۆ میسر و لەوێشەوە بۆ لەندەن، بۆ ئەوەی لە خوێندنی باڵا بخوێنێت و بڕوانامەی بەرزتر لە بواری پزیشکیدا بەدەستبهێنێت، بەڵام مام جەلال داوای لێ دەکات بگەڕێتەوە و دەست دەکەن بە دامەزراندنی (ی. ن. ک) و سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ، لێرەدا بە وردی باسی دامەزراندنی (ی. ن. ک) دەکات و روونکردنەوەی ورد دەدات لەسەر (دەستەی دامەزرێنەر) و (دامەزرێنەران)ی یەکێتی و لەمڕووەوە بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازی هەیە لەوانەی پێش ئەم باسی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانییان کردووە.
* لە بەشی چوارەمدا باسی گەڕانەوەی خۆی دەکات بۆ کوردستان لەگەڵ وەجبەی دووەمی ئەوانەی لە سوریاوە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان بۆ درێژەدان بە خەبات دژی رژێمی بەغداد.
* لە بەشی پێنجەمدا بە وردی و بە دوور و درێژی باسی یەکەم گفتوگۆی نێوان 
(ی. ن. ک) و رژێمی عیراق دەکات لە ساڵی 1977دا و زانیاریی وردی لەسەر ئەو گفتوگۆیانە باسکردووە.
* بەشی شەشەمی تەرخانکردووە بۆ گەڕانەوە بۆ پارێزگای هەولێر و لێرەدا باسی رۆژانی پێشمەرگایەتی و گەڕانەکانی دەکات بە ناوچە جیاوازەکاندا بۆ روونکردنەوەی ئامانج و مەبەستەکانی شۆڕش و راکێشانی خەڵک بەلای شۆڕشدا. هەر لەم بەشەدا باسی گەشتێکی خۆی دەکات بۆ سوریا و گەڕانەوەی بە سەلامەتی لە کاتێکدا گەشتەکە زۆر پڕ مەترسی بووە.
* بەشی حەوتەمی تەرخانکردووە بۆ دامەزراندنی یەکەم ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان، لێرەدا باسی هێنانی ئێزگەکە دەکات لە سوریاوە بۆ کوردستان، کە بە چ دەردەسەرییەک هێنراوە و شێوازی گێڕانەوەی رووداوەکان لێرەدا تا رادەیەک شێوازێکی کۆمیدییە، لە کاتێکدا رووداوەکان خۆیان زۆر قورس و پڕ لە ناڕەحەتین. ئەمەش وایکردووە گێڕانەوەی رووداوە ناخۆشەکان، تام و چێژێکی هونەرییان بەبەردا بکرێت و خوێنەر لە خوێندنەوەی بابەتەکان بێزار نابێت.

* بەشی هەشتەمی تەرخانکردووە بۆ باسکردنی باڵەکانی ناو یەکێتی، لێرەدا زۆر زانیاریی ورد و نەبیستراوی خستووەتەڕوو، باسی سەرجەم شەپۆل و ئاراستە و باڵەکانی ئەو کاتەی ناو (ی. ن. ک) دەکات، چونکە خۆی یەکێک بووە لە کارەکتەرەکان و بە باشی ئاگاداری کێشە و گرفتەکان و ئاراستە جیاوازەکان بووە.
* بەشی نۆیەمی تایبەت کردووە بە باسکردنی لقی (3)، کە لەم کاتەدا خۆی ئەندامی سەرکردایەتی بووە و کراوە بە بەرپرسی ئەم لقە و باسی ئەزموونی خۆی دەکات لە بەڕێوەبردنی ئەو لقەدا، کە ئەزموونێکی گەش و جوان بووە.
* بەشی دەیەمی تایبەت کردووە بە باسکردنی دەستلەکارکێشانەوەکانی مام جەلال لە سکرتێری یەکێتیی نیشتمانی و زۆر بابەتی نەبیستراو و سەرنجڕاکێسی باسکردووە.
* لە بەشی یانزدەیەمدا لە بواری پسپۆڕییەکەی خۆیەوە باسی نەخۆشخانە و دکتۆرەکانی شۆڕش دەکات، لێرەدا دوو جۆر پزیشک لەناو شۆڕشدا دیاری دەکات، کە بە (دکتۆر) و (دختۆر) ناویان دەبات و جیاوازیی هەریەکە لە دکتۆر و دختۆریش دەخاتەڕوو.
* بەشی دوانزدەیەمی تەرخانکردووە بۆ باسکردن لە دووەم گفتوگۆی (ی. ن. ک) لەگەڵ رژێمی عیراق، کە لە هاوینی 1982 دەستی پێکردووە و تا مانگی دووی ساڵی 1985 بەردەوام بووە. د. خدر خۆی ئەندامی وەفدی گفتوگۆکە بووە، بۆیە ئاگای لە زۆر وردەکاری هەبووە و باسی چەندین بابەتی جۆراوجۆری ئەو سەردەمەی کردووە. لە کۆتاییدا گفتوگۆکان شکستیان هێناوە و بە روونی هۆکارەکانی شکستی گفتگۆکانی خستووەتەڕوو. 
لە کۆتایی ئەم دوانزدە بەشەدا سەدان دۆکیۆمێنت و وێنەی جۆراوجۆری داناوە، کە هەموویان پەیوەستن بەو بابەتانەی بە درێژایی کتێبەکە باسی کردوون.
لە کۆتاییدا و بۆ بەستنەوەی کۆتایی ئەم باسە بە سەرەتاکەوە، کە د. خدر لای ئێمە زیاتر وەک ئەکادیمییەک بینیومانە و ناسیوومانە، ئەم بەسەرهاتەی ناو بیرەوەرییەکانی وەک خۆی دەگێڕمەوە، کە لە لاپەڕە (220)دا هاتووە، بابەتەکەش لەنێوان د.خدر و د.کەمال خۆشناوی رەحمەتی دایە. د.خدر دەڵێت: جارێکیان پێکەوە لەسەر شاخی باواجی دانیشتبووین (مەبەستی خۆی و د.کەمال)ە، تاریک دابێ و بۆ دەشتی کۆیە بپەڕینەوە. د.کەمال وتی: ئارەزوومە ئەگەر سەرکەوتین بگەڕێمەوە وەک مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی دەوام بکەم، منیش گوتم ئارەزوومە ببمە مامۆستا لە زانکۆی کۆیە. زۆر تووڕە بوو، وتی سندان لە خۆم و لە زانکۆ دا، ئەوەشم ناوێت… زانکۆ لە کۆیە؟! کەچی زەمان سووڕاوە، ئەو بوو بە سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و زانکۆش لە کۆیە کراوە و من بوومە سەرۆکی زانکۆی کۆیە). (220-221)
لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات: بڵێی د.خدر لەو هەڵوێستەدا هەستی شەشەمی کاری کردبێت، یان هەر خۆزگەیەک بووە و وەک خەونێکی خۆش بە خەیاڵیدا هاتووە؟ ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بە هەستی شەشەمیشەوە نەبێت، ئەوا چەرخی رۆژگار سوڕاوە و ئەو خۆزگە و خەونە خۆشەی ئەوی هێناوەتە دی.

سەرچاوەکان:
1.گولستان بەدەل محەمەد حەسەن، ژینناما خەویی وەک جورەکێ ئەدەبی (نورەدین زازا) وەک نموونە، نامەی ماستەر، زانکۆی دهۆک، کۆلیژی ئاداب، 2009.
2.هەناسەی شاخەکان، بیرەوەرییەکانی د. خدر مەعسوم هەورامی، 2026.
3.جبور عبد النور، المعجم الا‌دبی، دار العلم للملایین، گ 2، لبنان، 1984.
4.فیلیب: لوجون، السیرة‌ الذاتیة‌، المیثاق والتاریخ الادبی، ترجمة عمر حلی، دار النهضة‌ العربیة، بیروت، گ1 ، 1994.
5.کامل عوید العامری، معجم النقد الا‌دبی، دار المأمون، بغداد، 2013.

د.خدر مەعسوم هەورامی

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *