هەینی فێستیڤاڵی هەنجیر بەڕێوە دەچێت

بڕیارە رۆژی هەینی پێنجەمین فێستیڤاڵی هەنجیر لە قەزای تەقتەق دەست پێ بكات، جووتیاران هەنجیرێكی زۆریان ئامادە كردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 27ـی ئاب، دانا رەمەزان جووتیاری بەشداربوو لە فێستیڤاڵی هەنجیری تەقتەق، بە “وشە”ـی راگەیاند، هەینی پێنجەمین فێستڤاڵی هەنجیر لە تەقتەق، لە پاركی گوڵی ماناز بەڕێوە دەچێت.
زیاتر گوتی، چالاكییەكان دوو رۆژ دەخایەنن؛ رۆژی یەكەم زیاتر بۆ جووتیاران، بەرهەمە خۆماڵییەكان و كارە دەستییەكان تەرخان دەكرێت، لە رۆژی دووەمیشدا چالاكیی منداڵان و لایڤ موزیكی بۆ زیاد دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، زیاتر لە 100 كەپر ئامادە كراون و 70 جووتیار بەشداریی تێدا دەكەن. زیاتر لە 15 تۆن هەنجیر ئامادە كراوە، هەروەها ماسی، نەوتی تەقتەق و هەر بەرهەمێك كە پێوەندی بە قەزاكەوە هەبێت، نمایش دەكرێت.



