حكوومەتی هەرێم 738 قوتابخانە و 15 هەزار و 943 مامۆستا لە ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوە دەبات

14 هەزار و 322 قوتابیی كورد لە قوتابخانەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەخوێنن، حكوومەتی عێراق نە قوتابخانەی نوێیان بۆ دەكاتەوە و نە كۆنەكانیشیان بۆ نۆژەن دەكات. بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی رای گەیاند، جگە لە حكوومەتی هەرێم، رێكخراوە خێرخوازییەكان وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی یارمەتیدەر بوون لە پرۆسەی خوێندنی سنوورەكەدا.
لە ساڵی 2003وە بەڕێوەبەرایەتییەك بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی لە كەركووك كە سەربە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كار دەكات.
بەگوتەی بەپرسانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، بەغدا جگە لەوەی پاڵپشتییان ناكات، كێشەشیان بۆ دروست دەكات.
بەپێی ئامارەكان،141 هەزار و 322 قوتابیی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، لە 738 قوتابخانە لە ژێر سەرپەرشتیی 15 هەزار و 943 مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنی كوردی دەخوێنن، نزیكەی 100 ھەزاریان لە 550 قوتابخانەی كەركووكن.
كەركووك، شنگال، خانەقین، مەخموور و چەند ناوچەیەكی تری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، ھەموو شایستە و پرۆگرامەكانیان لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ دابین دەكرێت.
بۆ ساڵی نوێی خوێندن، سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی كوردی لە كەركووك پابەندی ڕەنگەكانی جلی یەكپۆشیی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی كوردستان دەبن. ئەوە لە كاتێكدایە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك، ئەوەی رەت كردبووەوە و باسی لەوە كردبوو لە یەكپۆشیدا دەبێت ئەو قوتابخانانەی كوردیش بڕیاری ئەوان جێبەجێ بكەن.
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك گوتی: سەرجەم كارگێڕیی باخچەكانی ساوایان و قوتابخانەكان، پێویستە بە تەواوی پابەندی بڕیاری یەكپۆشی بن كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە دەرچووە.
كامەران عەلی بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك دەڵێت، ساڵانە ملیۆنێك پەرتووك لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێم وەردەگرن و بەسەر قوتابخانەكان دابەشی دەكەن، میلاك، بودجە و مووچە و ھەر پێداویستییەكی تر لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، ھەموو ئەو پاڵپشتییانەی سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتی پەروەردە، وایكردووە ئەو پرۆسەیە لە ھەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان درێژە پێ بدەن.
باسی لەوەش كرد، لە ڕێگەی ڕێكخراوە خێرخوازییەكانی وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند ڕێكخراوێكی تر، چەند قوتابخانەیەك نۆژەن كراونەتەوە، بەڵام قوتابخانەی نوێ دروست نەكراوە، ئەوەش بۆ ئێمە بووەتە كێشە.
ئەوەشی گوت، زیاتر لە 30 قوتابخانە ھەن سێ دەوامیان تێدا دەكرێت، 100 قوتابخانە پێویستیان بەوە ھەیە نۆژەن بكرێنەوە، بۆیە كێشەیەكی زۆرمان لەڕووی باڵەخانەوە ھەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت ئەم كێشانە ڕامان بگرێت، یان دەوامی پەكخستبێت، بەڵكو ساڵانە دەوامی خۆمان دەكەین.



