بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

یەکێتی لە پێکهاتە نوێیەکەیدا رۆڵی زیاتر دەداتە کۆمیتە و مەڵبەندەکان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچیوەی گۆڕانکارییە نوێیەکانی خۆیدا، لە ئاستی ئۆرگان و رێکخستنەکاندا، رۆڵی زیاتری بەخشیوەتە مەڵبەند و کۆمیتەکان. سنووری جوگرافی کۆمیتەکان فراوان کراوە و ئەو بەشانەی کۆمیتەکان پێکدەهێنن، زیاد کراوە. هەروەها دەسەڵاتی زیاتر دراوەتە کۆمیتەکان بۆ ئەوەی لە ئاست و بوارە جیاوازەکاندا سەرپەرشتیکردنی راستەوخۆی کادران و رێکخستنی کاروباری جەماوەری بگرنە ئەستۆ، هەروەها گەیاندنی راستەوخۆی داواکارییەکانی خەڵک بە لایەنی پەیوەندیدار و سەرپەرشتیکردنی چالاکییە مەیدانییەکان و بەهێزکردنی پێگەی حزب لەسەر ئاستی خۆجێی بەشێکی دیکەی ئەرکی کۆمیتەکانە.
وەڵامدانەوەی خێرای پێداویستییەکان
عومەر عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بەم گۆڕانکارییەنوێیانەی ناو ئۆرگان و رێکخستنی یەکێتی، بە کوردستانی نوێی راگەیاند:  ئامانجی سەرەکی لەم گۆڕانکارییانەی ناو ئۆرگانەکانی یەکێتی، بریتییە لە نوێبوونەوە و خۆڕێکخستنەوە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا بە پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە. ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەمانەوێت لە رێگەی داڕشتنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و هێنانەپێشەوەی وزە و خوێنی نوێوە کارایی ئۆرگانەکانمان بەرزتر بکەینەوە. هەروەها تا رادەیەکی باش تایبەتمەندیی سنووری گەرمیان لەم گۆڕانکارییانەدا لەبەرچاوگیراوە، بەڵام هێشتا هەنگاوی تریشی پێویستە. بەو پێیەی گەرمیان لای یەکێتی تەنیا سنوورێکی جوگرافی نییە، بەڵکو پێگەیەکی رەمزی و مێژوویی گەورەی هەیە، گەرمیان قەڵای خۆڕاگری و پایتەختی ئەنفال و قوربانیدانە، بۆیە لەم گۆڕانکارییانەدا، بە شێوەیەکی بەرچاو تایبەتمەندی و سەنگی ئەم ناوچەیە لەبەرچاو گیراوە و دەکرێت لە داهاتووشدا وردتر رەچاو بکرێت.
هاوکات لەبارەی پێکهاتە نوێیەکەی مەڵبەند و کۆمیتەکانی (ی.ن.ک) و کاریگەرییان بەسەر هەڵبژاردنەوە، لێپرسراوەکەی مەڵبەندی گەرمیان پێی وایە هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە تازەن و هێشتا پرۆسەیەکی وەک هەڵبژاردن نەهاتووەتە پێشەوە تا دەرەنجام و کاریگەرییەکانی بە کرداری لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ببینین، بەڵام ئەوەی جێگەی متمانەیە ئەوەیە، کە لەم پێکهاتە نوێیەدا، بە شێوەیەکی  ورد جێگە بۆ کادری بەئەزموون و شارەزا و دڵسۆز کراوەتەوە. ئێمە تەنیا بە دانانی کادرەکانەوە ناوەستین، بەڵکو پلانمان هەیە بۆ گەشەپێدانی توانا و فراوانکردنی شارەزاییان لەرێگەی خولی تایبەتەوە. بۆیە بە بوونی ئەم کادرە بە ئەزموونانە و ئەو بەرنامە بەردەوامەی بۆ پێگەیاندنیان هەمانە، گەشبینین و بڕوای تەواومان هەیە کە مەڵبەند و کۆمیتەکان دەتوانن کاریگەرییەکی ئەرێنی و گەورەیان لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هەبێت. هاوکات بەرنامەی ئێمە تەنیا مانەوە نییە لەناو بارەگاکان، بەڵکو کارکردنی مەیدانییە، پلانە سەرەکییەکەمان بریتییە لە دابەزینی ئەم کادرە نوێ و بەئەزموونانە بۆ ناو کۆمەڵانی خەڵک. لای ئێمە باشترین پلان و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، خزمەتکردنی راستەقینە و بەدواداچوونە بۆ کێشەکانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان لە رێگەی ئەم ئۆرگانە نوێیانەمانەوە.
پێدانی رۆڵ بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵات
عومەر عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی (ی.ن.ک) سەبارەت بەو رۆڵە نوێیەی دراوەتە مەڵبەند و کۆمێتەکان، رایگەیاند: دەتوانین بڵێین ئەم گۆڕانکاریانەی ئێستا لە بنەڕەتدا بۆئەوە بووە رۆڵ بدرێت بە ئۆرگانەکانی خوارەوە، بەتایبەت مەڵبەند و کۆمیتەکان،  بۆیە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان  هەنگاوێکی دڵخۆشکەر و  گرنگە و کارایی ئەدەنە ئۆرگانەکان بۆ مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ کێشە و قەیرانە ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانی سنوورەکەیان.
خۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخی ئێستا
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هاوڕێ جەبار، لێپرســراوی میدیـــایی نــوێ لە مەڵبەندی (1)ی سلێمانی (ی.ن.ک) بە کوردستانی نوێی وت: جگە لەوەی گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی پێداچوونەوەیە بەتوانا مرۆییەکانی یەکێتی و پەیکەری حزب؛ هاوکات بۆ گونجاندنێتی لەگەڵ دۆخی ئێستا و ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە کوردستان و عیراق و تەنانەت ناوچەکەش هاتووەتە کایەوە. هەروەها لەبەرئەوەی کۆمیتە ئۆرگانی جەماوەری گرنگ و بەستەرەوەی ئەندام و لایەنگر و جەماوەری یەکێتییە بە ئۆرگانەکانی سەرووی خۆیان کە مەڵبەندەکانە؛ بەهەمان شێوە رۆڵدان بە کۆمێتە و لێپرسراو و ستافی کۆمیتە، لەسەر بنەمای کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو ئەم ئۆرگانە بە‌هێز و کارا دەکات و دەبێتە کۆڵەکەی پتەویی بەرز راگرتنی باڵەخانەی یەکێتی.
مەڵبەند خۆی هەموو یەکێتییە
لەبارەی گۆڕینی ناوی مەڵبەندی رێکخستنی یەکێتی بۆ مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی، هاوڕێ جەبار وتی: رێکخستن لای یەکێتی وشەیەکی پێرۆزە، لابردنی لە ئێستادا بەمانای بێڕۆڵکردنی رێکخستن نییە، بەڵکو گرنگیدانی زیاتر و فراوانکردنیەتی، جاران لە پۆل و کەرت و کۆمیتە و مەڵبەندەکان، رێکخستن بەسترابووەوە بە مەکتەبی رێکخستنەوە. ئێستا رێکخستن لەناو رێکخراوەکان، کەسوکاری شەهیدان، کادرانی کۆمەڵایەتی، یەکێتییەکانی ناو حکومەت کاراتر و رێکخراوتر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. مەڵبەند تەنیا قەتیس نییە لە بۆتەی کاری رێکخستنی ئۆرگانە تەقلیدییەکان. مەڵبەند لە سنوورێکی جوگرافیدا، خۆی هەموو یەکێتییە، پارێزەری بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و بەرپرسە لە مانەوەی پێگەی بە‌هێزی جەماوەر و گەشەپێدانی زیاتری؛ کۆکەرەوەی سەرجەم چین و توێژەکانە لە سنورەکەی خۆی.
لەبارەی پرسی دابەشکردنی ئەرک لەنێوان کۆمیتەکاندا و خۆ ئامادەکردنیان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، هاوڕێ جەبار ئاماژەی بەوەدا کۆمیتەکان سنووری جوگرافی جیاوازیان هەیە. بەڕەچاوکردنی پڕنسیپە جێگیرەکانی یەکێتی توانای گۆڕانکارییان هەیە لە شێوازی جێبەجێکردنی بەرنامەی کار و چالاکییەکاندا، لەسنووری کۆمیتەیەک زۆربەی جوتیار و دێنشین بێت جیاوازە لە کۆمیتەیەکی ناو شار. پێداویستییەکانی شار جیاوازترە لە پێداویستی خەڵکی دەرەوەی شار، کەواتە حەتمییە دەبێت مامەڵە و پەیکەر و کادرانی کۆمیتەیەک لەگەڵ کۆمیتەیەکی تر، رەچاوی ئەو جیاوازیانە بکات.
هەروەها هەوڵی گۆڕانکارییەکان ناڕازیی بوونە لەئەنجامی دەنگی یەکێتی لە هەڵبژاردنە گشتییەکان، کەواتە ئامانجی ستراتیجی بەرزکردنەوەی پێگەی یەکێتییە لە فەزای سیاسی لە کوردستان و عیراق و دەرەوەی عیراقیش. هەنگاوەکان بەو ئاراستەیە دەڕۆن گۆڕانکارییەکان خزمەتی ئامانجە ستراتیجییەکانی یەکێتی بکات؛ لەبەرئەوەی هەنگاوی گۆڕانکارییەکان بەردەوامن، ئومێدمان زۆرە کە تواناکانمان بەو ئاراستەیە یەک بخەین و کاریگەری زۆر باش دروست بکەین لەپڕۆسەکانی تری هەڵبژاردن کە دێنە پێشەوە. ئیستا هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کاریگەریی دروستبکەین، خول و وۆرکشۆپی بەردەوام بۆ دانانی پلان دەستی پێکردووە، مەڵبەندی دیراساتی گشتی لە رێی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی کادرانەوە پلانێکی زانستی دەستپێکردووە، مەڵبەند و بۆرد و سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی پاڵپشت و بەشدارن لە سەرخستنی ئەم هەنگاوانە بە مەبەستی ئامادەکردنی پلانی زانستی دروست و ئامادەکردنی کادری شارەزا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە بەئامانجی بەدیهێنانی سەرکەوتنی زیاتر لە هەڵبژاردنەاکنی داهاتوودا.
کۆمیتە، هێڵی پێشەوەی حزبایەتییە
هاوکات لەبارەی پرسی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی یەکێتی و پێدانی رۆڵی گەورەتر بە کۆمیتەکان، حسێن عەبدوڵڵا لێپرسراوی کۆمیتەی کفری (ی.ن.ک)، بە کوردستانی نوێی راگەیاند: پێدانی رۆڵی زیاتر بە کۆمیتەکان هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگە، چونکە کۆمیتە هێڵی پێشەوەی پەیوەندی نێوان حزب و کۆمەڵگایە و راستەوخۆ بە دەم داواکارییەکانی خەڵکەوە دێت. ئەم بڕیارە نەک هەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بڕیاردانی خێراتر دەداتە کۆمیتەکان، بەڵکو توانایەکی راستەقینەشیان پێدەبەخشێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاووڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە واقیعی. گۆڕانکارییە نوێیەکان لە ئاستی کۆمیتەکان خۆی دەبینێتەوە لە: سەرپەرشتیکردنی راستەوخۆی کادران و رێکخستنی کاروباری جەماوەری، گەیاندنی راستەوخۆی داواکارییەکانی خەڵک بە سەرکردایەتی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری، سەرپەرشتیکردنی چالاکییە مەیدانییەکان و بەهێزکردنی پێگەی حزب لەسەر ئاستی خۆجێی.
وەڵامدانەوەی رەخنە و نیگەرانییەکان
لەبارەی رەچاوکردنی سنووری کۆمیتە و مەڵبەندەکان لەم گۆڕانکارییانەدا، لێپرسراوی کۆمیتەی کفری پێی راگەیاندین: رەچاوکردنی تایبەتمەندی کفرى و ناوچە دابڕێنراوەکان لەم گۆڕانکارییانەدا، زیاتر وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ وەڵامدانەوەی رەخنە و نیگەرانییە کەڵەکەبووەکانی کادران و لایەنگران. هەرچەندە ئامانجی راگەیەندراوی پەیکەربەندییە نوێیەکە لادانی مەرکەزیەت و هێنانەپێشەوەی خوێنی نوێیە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییانە لەسەر ئەرزی واقیع بەستراوەتەوە بە رادەی جددیبوون لە گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردن و تێپەڕاندنی ئەو پشتگوێخستنە ئیداری و خزمەتگوزارییەی کە ساڵانێکە کفری پێوەی دەناڵێنێت. بۆیە، رازیبوونی تەواوی کادر و خەڵکی ناوچەکە تەنیا بە گۆڕینی ناو و دەموچاوەکان نابێت، بەڵکو بەستراوەتەوە بە دەرئەنجامە کردارییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر ژیانی رۆژانەیان.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە لە سنووری کۆمیتەی کفری، پێکهاتەی تورکمان و ئاوارەی ناوەڕاست و باشووری زۆر لێیە بەڵام بەشی پێکهاتەکان نەکراوەتەوە و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم خاڵەدا دەکەن؟ حسێن عەبدوڵڵا وتی: نەبوونی بەشێکی سەربەخۆ بەناوی بەشی پێکهاتەکان لە پێکهاتەی کارگێڕی ئێستای کۆمیتەکەماندا، بە مانای پشتگوێخستن یان کەمکردنەوە لە پێگە و گرنگی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ئەوان لێک نادرێتەوە، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە وەک چەترێکی نیشتمانی و کۆکەرەوەی تەواوی پێکهاتە، ئاین و نەتەوە جیاوازەکان بەبێ جیاوازی کاری کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە، کۆمیتەکەمان لە رێگەی بەشە کاراکانی دیکەیەوە، بە شێوەیەکی رۆژانە و راستەوخۆ، پێشوازی لە برا تورکمانەکان و هاووڵاتیانی ئاوارەی ناوەڕاست و باشووری عیراق دەکات و کاروبارەکانیان رادەپەڕێنێت، دەرگای کۆمیتەشمان هەمیشە بۆ هەمووان وەک یەک کراوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە رەچاوکردنی تایبەتمەندی دیموگرافی و پێگەی جوگرافی شاری کفری، کە تێیدا پێکهاتەی تورکمان و ئاوارەکانی خوارووی عیراق رێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی شارەکە پێکدەهێنن، دروستکردن و کردنەوەی بەشێکی تایبەت و سەربەخۆ بە پێکهاتەکان لەناو کۆمیتەدا بە پێویستییەکی گرنگ و قۆناغێکی نوێی کارکردن دەزانین بۆ زیاتر خزمەتکردنیان، کرانەوەی ئەم بەشە نوێیە لە رووی کارگێڕییەوە دەبێتە هۆی رێکخستن و خێراکردنی راییکردنی مامەڵە و پێداویستییەکانی ئەم توێژە گرنگە، وەک ناوەندێکی رەسمی و تایبەتمەندیش متمانەیەکی قووڵتر لەنێوان هاووڵاتیان و یەکێتیدا بنیاد دەنێت. لە رەهەندی سیاسی و جەماوەریشەوە، ئەم هەنگاوە پێگەی سیاسی یەکێتیی لە شاری کفری بەهێزتر و فراوانتر دەکات، بە تایبەت کە ئەزموونی سەرکەوتووی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راستی ئەم بۆچوونەی سەلماند؛ کاتێک یەکێتی پاڵپشتی لە کاندیدێکی پێکهاتەی تورکمان کرد و توانی کورسیی کۆتای پارێزگای سلێمانی بەدەستبهێنێت، ئاماژەیەکی روون بوو بۆ ئەوەی کە متمانەکردن و رۆڵدان بە پێکهاتەکان هەمیشە ئەنجامی ئەرێنی و دەستکەوتی گەورەی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هاوکات ئەم کارە پەیامێکی بەهێز لەسەر ئاستی عیراق و هەرێم دەگەیەنێت کە یەکێتی نەک تەنیا لە دروشمدا، بەڵکو لە رووی کرداری و فەرمییەوە پێگەی پێکهاتەکان بەرز دەنرخێنێت. لەسەر بنەمای ئەم دیدگا قووڵە، کۆمیتەکەمان لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشنیار و پڕۆژەیەکی ورد پێشکەشی سەرکردایەتی دەکات بۆ بە رەسمیکردنی ئەم بەشە، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و رەنگدانەوەی راستەقینەی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال لە شاری کفریدا.
رەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجان و وزەی نوێ
‎لەم گۆڕانکارییە رێکخراوەییەدا، دەرفەتی زیاتر دراوەتە گەنجان و ئەوانەی ئەرکیان پێ سپێردراوە بەشێکیان گەنجن. لەبارەی ئەم پرسەوە، لێپرسراوی کۆمیتەی کفری کە گەنجترین لێپرسراوە لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتیدا، بە کوردستانی نوێی وت: ئەمە باوەڕبوونی یەکێتییە بە داهاتوو و نوێگەری. هەروەها پێشوازی هاووڵاتیان، کادران و لایەنگران لەم بڕیارە زۆر گەرم و هاندەرانە بوو. ئەوان ئەم هەنگاوە بە دەرفەتێک دەبینن بۆ هێنانی وزەی نوێ و دیدگایەکی هاوچەرخ بۆ ناو کایەی حزبی و کارگێڕی. تێکەڵکردنی ئەزموونی تێکۆشەرە دێرینەکان و وزەی گەنجان، متمانەیەکی گەورەی لای جەماوەر دروستکردووە. پێدانی رۆڵ و پێشکەشکردنی لێپرسراوێتی بە گەنجان، تەنیا گۆڕانکارییەکی رواڵەتی یان دروشم نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمی سەردەمەکەیە بۆ نوێکردنەوەی خوێنی رێکخراوەیی. گەنجان خاوەنی بیرۆکەی داهێنەرانە و وزەیەکی بێپایانن کە دەتوانن بە خێرایی لەگەڵ تەکنەلۆجیا و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا خۆیان بگونجێنن. کاتێک دەرفەتی بڕیاردانیان پێ دەدرێت، دەیسەلمێنن کە دەتوانن بە دیدگایەکی هاوچەرخەوە کارەکان رێکبخەنەوە و باشتر لە پێویستییەکانی نەوەی نوێی کۆمەڵگە تێبگەن.
ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی دەروونی و پراکتیکی یەکجار گەورەی لەسەر لاوانی دیکە دروست کردووە و بووەتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی زیاتر خۆیان ماندوو بکەن. کاتێک گەنجان دەبینن هاوتەمەنێکی خۆیان متمانەی پێ کراوە و ئەرکێکی گرنگی پێسپێردراوە، ئەو باوەڕەیان لادروست دەبێت کە دەرگاکان کراوەن و ئیدی هیچ شتێک مەحاڵ نییە. ئەم بڕیارە ئەو تێڕوانینە کۆنەی کۆتایی پێهێنا کە پێی وابوو پێگەی سەرکردایەتی و لێپرسراوێتی تەنیا بۆ تەمەنێکی دیاریکراوە. ئێستا هەموو کادر و لایەنگرێکی گەنج دەزانێت کە ئەگەر هێز و توانای خۆی پێشکەش بکات، دڵسۆزی و ماندووبوونی لە چاوی سەرکردایەتیدا ون نابێت و پاداشت دەکرێت. ئەمەش وزەیەکی بێوێنەی بەخشیوەتە ئۆرگانەکان و هیوایەکی راستەقینەی لای جەماوەر چاندووە کە داهاتووی حزب لە دەستێکی نوێخوازدایە. هەروەها کاتێک هاووڵاتیان دەبینن حزبەکەیان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و چاکسازی کار دەکات، زیاتر پاڵپشتی لێ دەکەن، ئەمەش لە سندوقەکانی دەنگداندا لە بەرژەوەندی رێبازی یەکێتی رەنگدەداتەوە

Screenshot
زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *