بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

ئاسۆی رێککەوتنی مەککە

لە ناوەڕاستی ئەو گێژاوە ئاڵۆزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و لە سایەی بەریەککەوتنە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش لەنێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان هاتە کایەوە. ئەم هەنگاوە بە تەنها پەرەپێدانی ئاسایی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان نییە، بەڵکو گوزارشتە لە هەوڵێکی ستراتیژی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز و دروستکردنی قەڵغانێکی ئەمنی لە ناوچەکەدا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنی رەها بە چەتری پاراستنی خۆرئاوا.
 پاڵنەر و تەواوکاریی ستراتیژی لەنێوان
سێ جەمسەرەکەدا
ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای یەکگرتنی سێ توخم و توانای جیاواز و تەواوکەری یەکتر بنیات نراوە، کە بریتین لە سەرمایە، تەکنۆلۆژیا، و هێزی سەربازی. لە لایەکەوە، سعودیە وەک خاوەن سەرمایەیەکی گەورە و پێگەیەکی گرنگی جیۆپۆلەتیکی، دەیەوێت لە رێگەی تەرخانکردنی بودجەیەکی تێروپڕ بۆ پیشەسازییە سەربازییەکان، ژێرخانی وزە و پرۆژەکانی بپارێزێت و جێگرەوەیەک بۆ دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بدۆزێتەوە. لە بەرامبەردا، تورکیا کە پێشەنگێکی ناوچەکەیە لە بواری تەکنۆلۆژیا و پیشەسازیی بەرگری، ئەم هاوپەیمانێتییە وەک دەرفەتێکی زێڕین دەبینێت بۆ بەبازاڕکردنی درۆن و سیستمە سەربازییەکانی و بەهێزکردنی پێگەی خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی. لە هەمان کاتدا، پاکستان بە سوپا گەورەکەی، ئەزموونە پراکتیکییەکانی لە مەیدانەکانی جەنگ و پێگەی وەک وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی، هێزێکی مرۆیی و سەربازیی تۆکمە دەبەخشێتە رێککەوتنەکە، لە بەرامبەریشدا سوود لە وەبەرهێنانە داراییەکانی سعودیە، بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی، وەردەگرێت.
 لەقبوونی هەژموونی ئەمریکا و بارگرانییەکان
دەرکەوتنی ئەم رێککەوتننامەیە رەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵی متمانەیە لەنێوان هاوپەیمانە مێژووییەکانی ناوچەکە و واشنتۆن. دوای ئەوەی دەرکەوت دامەزراوە هەستیارەکان و رێڕەوە ئاوییەکان بەتەواوی لە هێرشی میلیشیا و گروپە چەکدارەکان پارێزراو نین، ئەو وڵاتانە گەیشتنە ئەو بڕوایەی دەبێت بەدوای ئەڵتەرناتیڤی دیکەدا بگەڕێن. ئەم هەنگاوەش تا رادەیەک لەگەڵ تێڕوانینی نوێی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا یەکدەگرێتەوە، کە جەخت لەسەر چەمکی دابەشکردنی بارگرانییەکان دەکاتەوە. ئەمریکا خوازیارە هاوپەیمانەکانی ئەرکی زیاتر بگرنە ئەستۆ بۆ کەمکردنەوەی تێچووی مانەوەی هێزەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لە هەمان کاتدا، بە چاوی گومانەوە دەڕوانێتە ئەم جۆرە جووڵانە، نەوەک ببنە سەرەتایەک بۆ دەرچوونی یەکجاریی ئەو وڵاتانە لە ژێر هەژموونی سیاسی و ئەمنیی ئەمریکا و نزیکبوونەوەیان لە جەمسەرەکانی دیکەی جیهان.
 ئاستەنگەکان
سەرەڕای گەورەکردنی رێککەوتنەکە لە راگەیاندندا، چەندین ئاستەنگ لە بەردەم گۆڕینی بۆ هاوپەیمانێتییەکی ئۆپەراسیۆنیی هاوشێوەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ن. دیارترین ئەم ئاستەنگانە بریتییە لە دژبەیەکیی سەرەتا ستراتیژییەکانی هەر سێ وڵات، لە کاتێکدا سعودیە هەڕەشەی یەکەمی لە ئێرانەوە دەبینێت، تورکیا زیاتر سەرنجی لەسەر کێبڕکێکانیەتی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و بەرامبەر ئیسرائیل، پاکستانیش ململانێی سەرەکیی لەگەڵ هیندستاندایە. ئەم جیاوازییە وادەکات زۆر سەخت بێت لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی راستەوخۆدا، ئەم وڵاتانە بە سوپای خۆیان بەرگری لە یەکتر بکەن. سەرەڕای ئەوەش، جیاوازییە مێژوویی و ئایدیۆلۆژییەکانی نێوان مۆدێلی ئیسلامیی تورکی و نەریتیی سعوودی، لەگەڵ نەبوونی هیچ پێکهاتەیەکی یەکگرتووی سەربازی و سیستمێکی فەرماندەییی هاوبەش، رێککەوتنەکە زیاتر لە چوارچێوەی مانۆڕێکی سیاسی و ئامرازێک بۆ نمایشکردنی هێز دەهێڵێتەوە، نەک هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی تەواو، ئەمە جگە لەوەی تورکیا لەنێو قەیرانێکی سیاسیی ناوخۆیی قووڵدایە و چارەنووسی وەک دەوڵەتێکی یەکپارچە، لەژێر پرسیاردایە.
نەخشەی نوێی جەمسەربەندی
دەرەنجامی دروستبوونی ئەم هاوپەیمانێتییانە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو سیستمێکی فرەجەمسەریی ئاڵۆز دەچێت کە کۆتایی بە سەردەمی هاوپەیمانێتییە تەقلیدییەکان دەهێنێت. لەم نەخشە نوێیەدا، ناوچەکە بەسەر سێ تەوەری سەرەکیدا دابەش دەبێت؛ تەوەری یەکەم تەوەری مقاوەمەیە بە سەرۆکایەتی ئێران. تەوەری دووەم بلۆکی سوننیی سەربەخۆیە، کە دەیەوێت لە رێگەی پیشەسازیی بەرگری و ئابوورییەوە هاوسەنگیی هێز بپارێزێت. تەوەری سێیەمیش پێکهاتووە لە وڵاتانی ناو «پەیمانی ئیبراهیمی». لەم ژینگەیەدا، ئەگەری روودانی جەنگی گشتگیر و راستەوخۆی نێوان سوپاکان کەم دەبێتەوە، بەڵام لە جێگەی ئەوە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە گۆڕەپانی جەنگی سێبەر، ململانێی درۆن، هێرشی ئەلیکترۆنی و کێبڕکێی توند لەسەر خۆماڵیکردنی پیشەسازییە سەربازییەکان!

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close