وردەکاری رێکەوتنەکەی کورد و حکومەتی سوریا چییە
زانیارییەکان لە دیمەشقەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لێکگەیشتنەکانی نێوان وەفدی رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی راگوزەری دیمەشق بەرەو قۆناغێکی یەکلاکەرەوە هەنگاو دەنێن.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسی و سەربازییانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم و چوونە نێو ئەو “قۆناغە نوێیە” دێت کە مەزڵوم عەبدی پێشتر رایگەیاندبوو.
وەفدەکە کە لە مەزڵوم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، نەورۆز ئەحمەد و سەمیر ئۆسۆ پێکهاتبوون، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەر و وەزیری دەرەوە ئەنجامدا.
بەپێی لێکگەیشتنەکان، پێشنیازکراوە مەزڵوم عەبدی وەک “راوێژکاری سەرۆکایەتی بۆ کاروباری کورد” لە تیمی سەرۆکایەتی سوریادا دەستبەکار بێت، هەروەها ئیلهام ئەحمەد پۆستێکی باڵا و کاریگەر لە حکومەتدا وەربگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، رێککەوتن لەسەر ناساندنی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا کراوە، بەجۆرێک لە قۆناغی یەکەمدا 5 بۆ 6 بابەتی سەرەکی خوێندن وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی.
هاوکات لە وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بۆ تاوتێکردنی میکانیزمەکانی تێکەڵبوونی هێزەکان بەڕێوەچوو؛ بڕیار وایە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە نێو ئەو وەزارەتەدا بە رێکخستنێکی تایبەت جێگەیان بکرێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا مەرسوومە رەسمییەکان بۆ رای گشتی رابگەیەنرێن




