بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

کەرکوک.. کەمیی کارەبای نیشتمانی هاووڵاتییانی بێزارکردووە

بەهۆی کەمتەرخەمی لایەنی بەرپرس و هەوڵنەدان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی لە کەرکوک گرفت بۆ پێدانی سەعاتی کارەبای نیشتمانی لە کەرکوک دروست دەبێت، بەتایبەت لە وەرزەکانی هاوین و زستان و ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتیانی لێدەکەوێتەوە.

دۆخەکە ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت

لەو بارەیەوە محەمەد عەلی دانیشتووی گەڕەكی ئیسكان لە كەركوك، رایگەیاند: هەموو ساڵێك لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمیی کارەبای نیشتمانی دووبارە دەبێتەوە و دۆخەکە ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت، پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس کێشەکە بەهەند وەربگرێت و چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بدۆزێتەوە، لەبەرئەوەی کارەبا یەکێک لە مافە بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی هاووڵاتییە و دابینکردنی ئەرکی حکومەتە.

لایەنی بەرپرس، پلانی هەبێت و کێشەی کارەبا  چارەسەر بکات

لەلایەکی ترەوە شۆڕش ئەحمەد نیشتەجێی گەڕەكی دەروازە لە شاری كەركوك، وتی:  لە پاڵ کەمیی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانیدا لە کەرکوک، كارپێكردنی موەلیدەكانیش ئاستەنگێكی ترن بۆ هاووڵاتی، لەکاتێکدا هەموو دەزانن لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما لە کەرکوک زۆر بەرز دەبنەوە، موەلیدەکانیش لەکاتی خۆیدا و بەباشی کارناکەن، پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس، پلانی هەبێت و کێشەی کارەبا لە شارەکەدا چارەسەر بکات.

بودجەیەكی زەبەلاح لە بەغدادەوە بۆ كارەبا دادەنرێت

هەر لەو بارەیەوە ئەندازیار مەحمود عەلی جێگری بەڕێوەبەری كارەبای رۆژئاوای كەركوك، ئەوەی وت: هەموو ساڵێك بودجەیەكی زەبەلاح لە بەغدادەوە بۆ كارەبا دادەنرێت، بەڵام تائێستا دۆخی کارەبا لە شارەکەدا وەک خۆیەتی و نەتوانراوە بە ئاراستەی باش بوون چەند هەنگاوێک بچێتە پێش، بەشێک لە گرفتەکانی زیادنەبوونی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانی لە کەرکوک هونەرین و بەشێكی دیکەشی بەهۆی گەندەڵییەوەیە لە بە دەستهێنانی سووتەمەنیدا، ناتوانرێت ئەم گرفتانە چارەسەر بکرێن و وەك پێویست هەنگاو بۆ نوێکردنەوەی ئەو پرۆژانە بنرێت کە لە رابردوودا دروستکراون، لەبەرئەوە هەموو ساڵێك كێشەی كارەبا وەک مۆتەكە بەرۆكی هاووڵاتی دەگرێت و تائێستا حکومەت بۆی چارەسەر نەکراوە.

وتیشی: فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك لە توانایدایە رۆژانە نزیكەی 10 سەعات كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، ناتوانین سەعاتەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەین لەبەرئەوەی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان لە رێگەی تۆڕی نیشتمانییەوەیە كە ئەویش لە بەغدادەوە سەرپەرشتی دەكرێت و نا هاوسەنگی هەیە لە دابەشكردنیدا، بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا رێژەی پێدانی وزەی كارەبا كەمدەكەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: جگە لەوەی تیمەكانمان بەردەوام سەرقاڵی لابردنی زیادەڕۆییەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبان، ئێستا بڕیارێك لە حكومەت دەرچووە بۆ دانانی پێوەر بۆ كارەبای ماڵان، بەهیواین ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی زیادبوونی پێدانی سەعاتەکانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان لە کەرکوک.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *