بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

جیاوازیی لە نێوان بەنزینی نۆرماڵ، محەسەن و سوپەردا چییە؟

لە سەردەمی ئێستادا، بەنزین تەنها تێکەڵەیەکی سادەی هایدرۆکاربۆنی نییە، بەڵکو بەهۆی پێشکەوتنی بزوێنەری ئۆتۆمبیلەکان و توندبوونەوەی مەرجە ژینگەییەکانەوە، پاڵاوتنی بەنزین بووەتە زانستێکی ئاڵۆز. وەک کەسێک کە زیاتر لە دەیەیەکە لە بواری سووتەمەنی و گازدا کار دەکەم و ماوەی 10 ساڵە بەنزین لە سەرچاوەی متمانەپێکراو دەکڕین و رۆژانە بە پشتبەستن بە ئامێری پێشکەوتووی پشکنینی وەک: (Eralytics) پشکنینی بۆ دەکەین، بەڵگەنامە و ئەنجامی پشکنینی کوالێتیی سووتەمەنییەکان لامان پارێزراوە، رۆژانەش رووبەڕووی پرسیاری شۆفێران دەبینەوە سەبارەت بە جیاوازیی راستەقینەی نێوان ئەم جۆرە سووتەمەنیانە.

پاراستنی کوالێتیی سووتەمەنی، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی ژینگەیی و نیشتمانییە، لەبەر ئەوە پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان بەردەوام بە توندیی چاودێریی بکەن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ژینگە و سامانی هاووڵاتیان بکرێت

سەرەڕای ئەوەی لە کوردستاندا هەندێک جار قەیرانی سووتەمەنی دروست دەبێت و بەنزین بە زەحمەت دەست دەکەوێت، بەڵام لەو سەرچاوەیەی ئێمە بەنزینی لێ دەکەڕین، بە پشتبەستن بە پشکنینە رەسمییەکان، هێشتا کوالێتییەکەی لە ئاستێکی باشدا دەمێنێتەوە؛ بۆ نموونە لە کاتی پشکنینی نموونەکاندا، ژمارەی ئۆکتانی بەنزینی محەسەن (پریمیۆم) گەیشتووەتە سەرووی 96.7، هەروها بەنزینی نۆرماڵـیش لە ئاستێکی بەرزدا بووە و تۆمار کراوە بە دەوروبەری 95 ئۆکتان.
لەم راپۆرتەدا، بە پشتبەستن بە ئەزموونی کارکردنی رۆژانە و ستانداردە جیهانییەکان، وردەکاریی پێکهاتەی بەنزین و جیاوازییەکانیان دەخەینە روو.
1 – جیاوازیی نێوان بەنزینی (نۆرماڵ، محەسەن/پریمیۆم و سوپەر) لە رووی پێکهاتەوە: 
جیاوازیی بنەڕەتی لە نێوان ئەم جۆرانەدا دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەی ئۆکتانەکان (Octane Number) کە پێوەرە بۆ توانای بەرگەگرتنی بەنزین لە بەردەم گوشاردا پێش ئەوەی بە شێوەیەکی نەخوازراو بسووتێت.
 بەنزینی نۆرماڵ (Normal)
ژمارەی ئۆکتان:
 بە پشتبەستن بە پشکنینە رەسمییەکان، ژمارەی ئۆکتانی ئەم جۆرە بەنزینە لە دەوروبەری 88 بۆ 92 دایە.
پێکهاتە: بۆ ئەو بزوێنەرە کلاسیک و ئاساییانە گونجاوە کە رێژەی گوشار (Compression Ratio) تێیاندا نزمە. لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ جۆرەکاندا، دەبینین کە ئەم جۆرە بۆ ئۆتۆمبیلە ژمارە مامناوەندەکان گونجاوە، بەڵام لە بزوێنەری بەهێزدا دەبێتە هۆی دەنگ و لەرزین ئەگەر ستانداردەکان نەپارێزێت.
بەنزینی محەسەن
(Enhanced / Premium)
ژمارەی ئۆکتان:
 لە ئەنجامی پشکنینی تاقیگەییدا گەیشتووەتە سەرووی 96
پێکهاتە: ئەم جۆرە بەنزینە پێکهاتەی تێکەڵەی باشتر و بڕێکی کەمتر لە گۆگردی تێدایە، هەروها ماددەی دژەتەقین و پاککەرەوەی تێدا بەکار هاتووە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پۆستەی بزوێنەر و مژەرەکان (Injectors) بکات. بەپێی بەڵگەنامەکانی پشکنینی رەسمی، سووتانی پاکترە و کاریگەریی باشی لەسەر هێزی بزوێنەر هەیە.
بەنزینی سوپەر (Super):
 ژمارەی ئۆکتان: 98 یان زیاتر.
 پێکهاتە: خاوەنی بەرزترین ئاستی پاکژی و پێکهاتەی پێشکەوتووە، تایبەتکراوە بەو ئۆتۆمبیل و بزوێنەرە نوێ و وەرزشییانەی کە سیستمی توربۆ و رێژەی گوشاری بەرزیان هەیە.
2 – چۆن دەزانین کام جۆرە بەنزینە بۆ ئۆتۆمبیلەکەمان گونجاوە؟

باشترین پێوەر بۆ دیاریکردنی جۆری بەنزین، رێنمایی رەسمیی دروستکەری ئۆتۆمبیلەکەیە کە لەسەر دەرگای تانکیی بەنزین یان ناو دەفتەری رێنماییەکە بە ژمارەی ئۆکتان نووسراوە.
ئۆتۆمبیلی ئاسایی و بێ توربۆ: بەنزینی نۆرماڵیان بۆ گونجاوە.
ئۆتۆمبیلی پێشکەوتوو و توربۆدار (رێژەی گوشار بەرز): پێویستە محەسەن، یان سوپەر بەکاربهێنن.
زیانی بەکارهێنانی بەنزینی هەڵە: ئەگەر ئۆتۆمبیلێک بەنزینی محەسەن/پریمیۆمی ویست و بەنزینی نۆرماڵت تێکرد، دەبێتە هۆی تێکچوونی پرۆسەی سووتان و دروستبوونی دەنگ (Engine Knocking)، دابەزینی هێز و زیانگەیندن بە بزوێنەر لە درێژخایەنیدا. لە بەرامبەردا، بەکارهێنانی بەنزینی بەرز (وەک محەسەن یان سوپەر) بۆ ئۆتۆمبیلی ئاسایی هیچ زیانێکی نییە، بەڵکو بزوێنەریش پاکتر رادەگرێت.
3 – تێڕوانینی هەڵە و ئاستەنگەکان لە بازاڕدا:
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، جێگەی ئاماژەیە کە جارجارە هەندێک کەس، یان تەنانەت هەندێک لەو کەسە پیشەوەرانەی (وەک فیتەرەکان) کە زانیاریی وردیان لەسەر پێکهاتە و کوالێتیی سووتەمەنی نییە، هەر کێشەیەک لە ئۆتۆمبیلێکدا دروست ببێت، بێ ئەوەی بنەمای زانستی، یان بەڵگەی پشکنینیان هەبێت، یەکسەر خەتاکەی دەخەنە ملی بەنزین و هەموو بەنزینخانەکان دەخەنە یەک تەرازووەوە، لە کاتێکدا کێشەی ئۆتۆمبیل زۆر جار پەیوەندیی بە سیستمی ناوخۆیی، هەستیارەکان، یان پێکهاتەی خودی بزوێنەرەوە هەیە، نەک سووتەمەنی، بە تایبەتی کاتێک لە بەنزینخانەکاندا بەڵگەی رەسمی و پشکنینی تاقیگەیی لەبەردەستدا بێت.
4 – سنووری یاسایی و تەکنیکی بوونی ئیسانۆل (Ethanol) و ماددە کیمیاییەکانی دیکە:
یەکێک لە پرسە گەرمەکانی جیهانی یاسادانان، بەکارهێنانی ئیسانۆل (Ethanol) و ماددە زیادکراوەکانی وەک MTBE و Tolueneـە بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی ئۆکتان.
رادەی گونجانی یاسایی ئیسانۆل: لە زۆرینەی وڵاتانی پێشکەوتوو (وەک یەکێتیی ئەوروپا و ئەمەریکا)، یاساکان رێگە بە تێکەڵکردنی رێژەیەکی دیاریکراوی ئیسانۆل دەدەن، کە زۆر جار لە نێوان %5 تا %10 یاخود (E5 تا E10) پێک دێت. لەم رێژەیەدا، نە بزوێنەری ئۆتۆمبیل زیانی پێ دەگات و نە کاریگەریی نەرێنی گەورەی دەبێت.
ئەو سنوورانەی کە رێگە پێدراو نیین لە ستانداردی جیهانیدا
رێژەی بەرزی ئیسانۆل، بێ ئاگاداری: تێکەڵکردنی ئیسانۆل لە سەرووی رێژەی %10وە لە بەنزینی ئاساییدا زیان بە بزوێنەر دەگەیەنێت، چونكە ماددەیەکی هەڵمژەری شێدارە و دەبێتە هۆی ژەنگاویبوونی بەشی ناوەوەی تانکی و شوشتنەوەی لولەکان.
رێژەی بەرزی گۆگرد (Sulfur): بە گوێرەی ستانداردە جیهانییە توندەکان وەک: (Euro 5 و Euro 6)، رێژەی گۆگرد لە بەنزیندا دەبێت لە خوار 10پپم (ppm) بێت، هەر بڕێکی بەرزتر لەوە وەک پێشێلکارییەکی گەورەی ژینگەیی و تەکنیکی هەژمار دەکرێت.
ماددەی MTBE و Toluene
MTBE: لە ئەوروپا و ئەمریکادا بەهۆی کێشە ژینگەیییەکان و خێرا تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاوی ژێرزەوی سنووردار، یان بە تەواوی قەدەغە کراوە، بەڵام لە هەندێک بەنزینی بازرگانیدا لە ژێر چاودێریی تونددا بەکار دەهێنرێت.
Toluene: هایدرۆکاربۆنێکی ئارۆماتیکییە، لە ستانداردە جیهانییەکاندا رێگەپێدراوە، بەڵام رێژەکەی زۆر بە توندی سنووردار کراوە، چونكە زیادبوونی دەبێتە هۆی دەرچوونی گازی ژەهراوی و زیان بە تەندروستی و ژینگە دەگەیەنێت.
ئەنجام
دەتوانین بڵێین پاراستنی کوالێتیی سووتەمەنی نەک تەنها ئەرکێکی بازرگانییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەی ژینگەیی و نیشتمانییە، لەبەر ئەوە پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان بەردەوام چاودێریی توند و وردبینییان لەسەر هاوردەکردنی بەنزین هەبێت، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو سووتەمەنییەی دەگاتە دەست شۆفێران، لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا یەکدەگرێتەوە و پارێزگاری لە ژینگە و سامانی هاووڵاتیان دەکات.

بەنزینێک قوڕقشمی زۆر و ئۆکتانی کەم بێت، زیان بە ژینگە دەگەیەنێت

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *