قوباد تاڵەبانی: شانازی بە ستافی نەخۆشخانەی هیواوە دەکەم

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کرد لە دکتۆر هاژە عەبدوڵڵا پسپۆری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و لە دیدارێکیشدا دووپاتی کردەوە، هەمووان خۆشیان دەوێت و شانازی پێوە دەکەن، راشیدەگەیەنێت: شەرەفمەند بووم کە بە دیداری شاد بووم و پێی سەربەرزین.
قوباد تاڵەبانی لەو دیدارەدا رایگەیاند: ساڵی 2002 دەستپێشخەربوو لە کردنەوەی یەکەم بەشی شێرپەنجە لە تەندروستیی سلێمانیدا کە دواتر بووە بناغەیەکی پتەو بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوا.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، روونیشی کردەوە: لەو کاتەوە تا ئێستا بەوپەڕی خەمخۆری و پەرۆشییەوە خزمەتی تووشبووانی شێرپەنجە دەکات، لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەکانی هیوای ژیانیان بۆ هەزاران کەس گەڕاندووەتەوە، هەربۆیە هەمووان خۆشیان دەوێت و شانازی پێوە دەکەن و ناوی دکتۆر هاژە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و خانەوادەکانیان واتای متمانە و هیوا و بەردەوامیی ژیان دەدات.
لە بارەی دکتۆر هاژەشەوە، قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردەوە: ئێستا کە وەک یەکەمین ژن لەسەر ئاستی عیراقدا بەرزترین پلەی زانستی لە بواری شێرپەنجەدا بەدەستهێناوە، هەموو کورد و بە تایبەتیش ژنان پێی سەربەرزن، لەپاڵ ئەرکی قورسی رۆژانەی لە چارەسەرکردنی تووشبوواندا لە نەخۆشخانەی هیوا، هەوڵی بێ وچان و کۆڵنەدانی لە بەرزکردنەوی ئاستی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوەی بە نرخ، نموونەیەکی باڵا و مەزنە بۆ ژنان و هەموو زانستخوازان.
لە کۆتایشدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: شەرەفمەند بووم کە بە دیداری شاد بووم و پێی سەربەرزین. دڵنیاین تا بێت نموونەی زیاتر دەبێت. پیرۆزبایی لە خۆی و هەموو هاوپیشە دڵسۆزەکانی و ستاف و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەکەم و شانازی بە هەموویانەوە دەکەین.






