بەمزوانە گۆڤاری تێكۆشەر دێتە وەشاندن

بەسەرهاتی دووجار ناشتنی شەهیدێك

ئەرسەلان بایز

شەوێكی زستانی ئەنگوستە چاوی تۆف و زریان، لە سەردەمی حوكمڕانی ڕژێمی ئاگرو ئاسنی حیزبی بەعس، ساڵانی دەنگی مەترەلۆزو نەعرەتەی پێشمەرگە لە شاخەكان. من لەگەڵ (حەمەد عەلی) بە سواری ئۆتۆمبێلە بەڕازیلیەكەی خۆم سەردانی ماڵی (قادر بۆڵی)مان كرد. دوای چا خواردنەوەیەك، هەردووكیان ڕوخسەتیان لەمن خواست و چوونە ژوورەكەی ئەودیو. دوای چەند خولەكێك هاتنەوە. دیسان هەردووكمان سواری ئۆتۆمبێل بووین و بەرەو ماڵەوە گەڕاینەوە. ئەو ساڵانە مەفرەزەی هاوبەشی (ئەمن و ئیستخبارات و چەكدارەكانی حكومەت) بازگەی پشكنینیان لەسەر شەقامەكانی ناو شارو دەروازەكانی شار دادەنا. لە نزیك هۆتێل (قصر الشمال). كەوتینە نێو ئاپۆڕەی هێزەكان. زۆر بە وردی خەڵكیان دەپشكنی تەنانەت پێڵاویشیان لەپێ دەكردنەوە. بەدوای ڕاكردوی سەربازی و ڕێكخستنە نهێنیەكان و پێشمەرگە دەگەڕان. ئەفسەری لێپرسراوی هێزە هاوبەشەكە هێمای بۆ كردین كە لادەینە لای شەقامەكەو بوەستین بۆ پشكنین. كاتێ‌ نۆرەی ئێمە هات بۆ پشكنین (عادل هادی اغا دزەیی) كە بە (عادل أبو شوارب) ناسراوە، ئەوسا (مفوەز) پۆلیس بوو. لەگەڵ ئەو هێزە هاوبەشەی حكومەتدا بوو. كاتێ چاوی بە ئێمە كەوت چووە لای ئەفسەرەكەو پێیوت: ئەمانە لە بنەماڵەی دزەیین و خزمی منن بۆ سەردانی ماڵێك چوون. پێویست بە پشكنین ناكات. كابرای ئەفسەریش بە قسەكەی ئەو ڕازی بوو، بێ پشكنین ئێمەیان ئیزندا. هەر چەند سەد مەترێك لە هێزە هاوبەشەكە دوور كەوتینەوە. هەر هێندەم دیت. (حەمە عەلی) دەستی خستە باخەڵی و دوو بەستە كاغەزی دەرهێناو فڕێی دایە ئاسمان. بەهۆی ڕەشەباكەشەوە هەر كاغەزێك چووە لایەك. یەكێ لەو كاغەزانە بەڕێكەوت كەوتە باوەشی من. منیش گڵۆپی ناوەوەی ئۆتۆمبێلەكەم داگیرساندو سەیرم كرد. بە گەورەیی لەسەری سەرەوە نوسرابوو (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان). ئیتر من زانیم ئەمە بەیاننامەی (ی.ن.ك)ە كە لە شاخەكان شۆرششیان دەكرد. نایشارمەوە خیز لەناو دەمم وشك بوو. ڕووم لە (حەمە عەلی) كرد وتم: ئەمە چیە..؟ باشە ئەگەر بیانپشكنینایەو بیان دۆزیبایەوە. هەردووكمان لە سێدارە دەدراین. من ئەوسا نە حیزبی و نە (ی.ن.ك) بووم. بەڵام كورد پەروەر بووم و لە شۆڕشی ئەیلوولیش پێشمەرگە بووم. بەڵام ڕووم كردبووە كاسبی. شیاوی باسە كاك (حەمە عەلی) لەگەڵ كاك (قادر بۆڵی) كاتێ‌ چووبوونە ژوورەكەی ئەودیو ئەو بڵاوكراوانەی پێدابوو. بەڵام پێشتر دەمزانی (حەمە عەلی) سەر بە ڕێكخستنەكانی (ی.ن.ك)ە.

* *
(حەمە عەلی) بە ڕەچەڵەك خەڵكی گوندی (هەرەجە)ی وراتی كۆیەیە. ماوەی چەندین ساڵ بوو هاتبوونە هەولێر. هەتا بڵێی باڵا بەرزو پیاوێكی قۆزو دەنگ خۆش و بە عیلاقات بوو. زۆربەی شەوەكان بە حەیران و لاوكەكانی دانیشتنەكانی گەرم دەكرد. زۆر هاوڕێی (ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی و شێخ لەتیف بەرزنجی) بوو. لەگەڵ ئەوان ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان « باڵی مەكتەبی سیاسی» بوو. هەر لەسەر داواكاری ئەوانیش دوای ڕێكەوتننامەی (11)ی ئازار، چووە بەغداو ماوەیەكی باش لەوێ‌ مایەوە. دوای یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتیش گەڕایەوە هەولێر. لە هەولێریش زۆر دۆست و برادەری (سەرهید جاراالله و حاجی عەباس و حاجی خولەو فەیزەی هادی ئاغا دزەیی) بوو. گەلێ جاریش ئێواران بەیەكەوە دادەنیشتن. (حەمە عەلی) حەیرانی دەوت. زۆربەی جارەكانیش بەسەر شۆڕش و كوردایەتی و فەرماندەكانی شۆڕشی هەڵدەدا.

* *
پێش ئەوەی پێوەندی بە شۆڕشەوە بكات و ببێ بە پێشمەرگە، بە تۆمەتی دۆستایەتی و پشتیوانی شۆڕش لەلایەن ئەمنی بەلدەوە ئەمری گرتنی (حەمە عەلی و ئەحمەدخان) دەرچوو بوو، بەڵام (حاجی خولەو فەیزەی هادی ئاغا دزەیی) پشتیوانیان لێكردن. ئەو دووە كە برادەری (حەمە عەلی) بوون لە ڕێگای دۆستایەتیان لەگەڵ پیاوێكی ئەمنی موسڵاوی بە ناوی (ئەحمەد شاكر). ئیشەكەیان بۆ چاككردن و نەیان هێشت بگیرێن. بەڵام بۆ جاری دووەم كاتێ‌ (كاك عوسمان سەر سۆرو كاك فاروق جەمیل) گیران. دیسان ناوی (حەمە عەلی) كەوتەوە بەر دەستی دائیرەی ئەمن. ئەمجارەیان خۆی شاردەوە. (خەجیج)ی خێزانی هەواڵی خۆ شاردنەوەكەی بۆ هێنام. كاتێ‌ چوومە لای داوای كرد ڕێگایەكی ئەمین بدۆزمەوەو بیگەیەنمە لای (حاجی محمەد)ی ئامۆزای لە گوندی (پۆڕیجە)، بەڵام بەهۆی سەختی ڕێگا بۆ چەند ڕۆژێك دەرچوونەكەی دوا كەوت. ئەو چەند ڕۆژە بردمە ماڵی (واحید شێخە) لە گەڕەكی (حی العمال). دوای چەند ڕۆژێك گەیاندمانە گوندی (پۆڕیجە). ئیتر لەوێوە لە ڕێگای مەفرەزەكانی (ی.ن.ك) پێوەندی بە شۆڕشەوە كرد لە سماقولی، كە ئەوسا بارەگای مەڵبەندی (3)ی لێبوو. پاش ماوەیەك لە ڕێگای (خەلیل عەدۆ) كە جێبێكی هەبوو سێ نامەی ساغ و سەلامەتی بۆ ناردم یەكێك بۆ (شێخ لەتیف بەرزنجی). ئەویتر بۆ (ئەحمەد مەولوود بندیان) سێیەمیش بۆ من. لەگەڵ تەسبێحێكی قەزوان كە ئێستاش وەكو دیاری پاراستوومە.

شەهید حەمە عەلی
شەهید حەمە عەلی

* *
ئێوارەیەك كاك (شێخ لەتیف بەرزنجی) ناردی بە دوامدا تاكو سەردانێكی بكەم. كاتێ‌ چوومە ژوورەوە كاك (نامق سمكۆ سنجاوی) و (شێخ ڕەزا)ی برازای لای دانیشتبوون. ژوورێكی بێدەنگ هەرسێكیان نیگەران و دۆش دامابوون. لەپڕ هەرسێكیان دەستیان بە گریان كرد. من حەپەسام و لە شوێنی خۆم وشك بووم. پرسیم: چ قەوماوە وتیان وەڵڵا چیت لێ بشارینەوە (حەمە عەلی) شەهید بووە، جەنازەكەشی كەوتۆتە دەست هێزەكانی ڕژێم. بۆ ئەوەمان بانگ كردویت تەكبیرێ‌ بكەین چۆن بزانین ئەو جەنازەیە لە كوێ نێژراوە.

* *
دۆڵی سماقووڵی خۆشناوەتی، جیا لەوەی ناوەندی كارو چاڵاكیەكانی مەڵبەندی هەولێری (ی.ن.ك) بوو. جێی بایەخ و نیگەرانی حكومەتی بەعسیش بوو. چونكە مەفرەزەكانی پێشمەرگە شەوانە ڕێگاو بانەكانیان دەگرت، دەچوونەوە ناو شاری هەولێرو شارۆچكەكان و چاڵاكیان ئەنجامدەدا. بۆ كەمكردنەوەی فشاری پێشمەرگە هەندێ جار حكومەتی چ لە ڕێگای هەواڵگرییە جاسوسەكانی لە ناوچەكە، یان بۆ فشارو زیان گەیاندن بە پێشمەرگە پەلاماری بارەگاكانی دەدا، جارە جارەش بۆسەی بۆ پێشمەرگە دەنایەوە یەكێ لەو جارانە، دوای گەیاندنی هەواڵی بوونی چەند پێشمەرگەیەك لە گوندی (زیارەت)، هێزێكی هاوبەشی جاش و سوپای عێراق بە پاڵپشتی چەندین زریپۆش، پەلاماری ئەو ژمارە پێشمەرگەیاندا. شیاوی باسە ڕێگای هەولێریش بۆ گوندی (زیارەت) كراوەو هیچ بەربەستێكی لە پێش نەبوو. بەداخەوە پێشمەرگەكان لە بەیانیەكی زوودا غافلگیر دەكرێن. دوای شەڕێكی قوڕس سێ پێشمەرگە شەهید دەبن كە یەكێكیان شەهید (حەمە عەلی) بوو. (حەمە عەلی) پاش ماوەیەكی كەم لە پێشمەرگایەتی بە دەستی دوژمن شەهید كرا. جەنازەی هەر سێ پێشمەرگە دەست دوژمن كەوت. هەرسێ جەنازەكەیان بردبووە ئیستخباراتی فەیلەق لە هەولێر. (شێخ لەتیف بەرزنجی) وتی ئەبێ جەنازەكەی وەربگرینەوە. ئەوساش وەرگرتنەوەی ئەو جۆرە جەنازانە نەك هەر ئاسان نەبوو. بەڵكو مەترسیەكی گەورە بوو، چونكە حكومەت بە پێشمەرگەی ئەوت (مخرب-تێكدەر). (كاك حاجی عەباس) ئەڵێ لە شێخم پرسی جا چۆن دەتوانین ئەو كارە بكەین. شێخ وتی: بڕۆ لای (سەرهید جارا الله) كە ئەفسەری پۆلیسەو برازای (هادی حسین كاكە خانی دزەیی)ە. (سەرهید) جیا لەوەی زۆر برادەری (حەمە عەلی) بوو. وەكو براشمان وایە. دوور نیە ئەو بتوانێ‌ ڕێگا چارەیەك بدۆزێتەوە. كاتێ‌ چوومە لای (كاك سەرهید) و هەواڵەكەم پێوت. جارێ ماوەیەك گریا. ئینجا بەیەكەوە چوینە لای (مستشار)ێك. ماڵەكەی پڕ بوو لە چەكدار. ئەفسەرێك لەوێبوو، دیار بوو (سەرهید) برادەری ئەفسەرەكە بوو. هەردووكیان بەیەكەوە چونە ژوورێكی تر. كاك (سەرهید) بابەتەكەی پێوتبوو، كە گوایە هاوڵاتیەك بۆ كاسبی چۆتە گوندی (زیارەت) لەوێ‌ لەو شەڕە كوژراوە. ئەفەسەرەكە وتبوی ڕاستە سێ جەنازەمان دەست كەوتووەو یەكێكیان ناوی (حەمە عەلی)ە. بەڵام ئەوانە ئاژاوەگێڕن. تۆ چۆن باسی ئەوانە دەكەیت. دیارە كاك (سەرهید) زۆر برادەری ئەفسەرەكە بووە. هەر چۆنێ‌ بێ قەناعەتی پێ كردووە، ئەفسەرەكە هەر هێندەی پێوتبوو كە جەنازەكان دراوەتە شارەوانی هەولێر ئەوان ناشتوویانن. كاتێ‌ گەڕامەوە لای شێخ و بەسەرهاتەكەم بۆ باس كرد. وتی: كارەكە ئاسان بوو. بڕۆ بۆ تەكیەی خاڵم (شێخ عەبدوالكەریم بەرزنجی) دەروێشێكی ڕیشداری لێیە ئەو جەنازەكانی شارەوانی دەشواو بە خاكیان دەسپێرێ. منیش لەسەر ڕاسپاردەی شێخ مام دەروێشم دۆزییەوەو باسەكەم لەگەڵ كردەوە. دەروێش ترساو هەڵوەستەیەكی كرد. وتی تۆ كێی…؟ بابە ئەوە زۆر ترسناكە. ئەوانە (مخرب)ن. من پیاوێكی خواییم. ڕۆژانە چەند كەس دەشۆم و بە خاكیان دەسپێرم. نازانم كێ كێیە. من تكام لێكر دكە یەكێكیان خزمی منەو وەعد بێ نهێنیەكەش دەپارێزم. هەر چۆنێ‌ بوو قەناعەتم بە دەروێش كردو وتی: بڕۆ لە گۆڕستانی (معمل قیر) لە فلان شوێن نێژراون.
هەر وەكو كاك (حاجی عەباس) دەڵێ: شێخ لەتیف پیاوێكی كورد پەروەرو خزمەتگوزار بوو. ڕایسپاردین بچینە سەر گۆڕەكە. بۆ دڵنیایی و گواستنەوەی جەنازەی شەهید (حەمە عەلی) بۆ گۆڕستانێكی تر. پێش هەمووان (شێخ ڕەزا)ی برازای خۆیی لەگەڵ ناردم. ئێمە ئەو كورد پەروەرو برادەرانەی حەمە عەلی (نامیق سمكۆ سنجاوی عاڵڵایی، حەسەن ساڵح كاریتانی، یابە عومەر كاریتانی، هادی ئەحمەد مولود بندیان) شەوێكی ساردو درەنگ بەدزی و ترسەوە چووینە گۆڕستانی (معمل قیر). یەكێ لە گۆڕەكانمان هەڵدایەوە. (حمە عەلی) نەبوو. لەسەر سنگی نووسرابوو (مهندس چەتۆ) سەر لەنوێ ناشتمانەوە. دواتر برادەران منیان ڕاسپارد (ئەلحەد)ی گۆڕی دووەم هەڵبدەمەوە. كاتێ‌ كفنەكەم كردەوە. (حەمە عەلی) وەك بڵێی خەتووە. لە پڕمەی گریانمدا ئەوانیش لەگەڵ من دایانە گریان. دواتر لەسەر ڕێنمایی (شێخ لەتیف) جەنازەكەمان بردە گوندی لەتیفاوا. شەوی پاشتر جەنازەكەمان بردە گۆڕستانی گردی پیراودو لەوێ‌ بە خاكمان سپارد.
دیارە ئەو ساڵانە كەس نەیدەوێرا پرسە بۆ پێشمەرگە شەهیدەكان دابنێ. چونكە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە دەخرایە لیستی دۆستانی (مخرب)ەكان. بەڵام ڕۆحی كورد پەروەرانەو خۆشەویستی نیستیمان. ئینجا ڕۆحی برادەرایەتی هەزاران كەسی بێ ترس و لە هەڕەشەكانی دوژمن بێ منەت كردبوو. كاك (حەسەن ساڵح كاریتانی) لە ماڵی خۆی پرسەی بۆ دانا. ڕاستە پرسەكە ڕانەگەیەنرابوو. بەڵام دۆست و برادەران دەیانزانی و ژمارەیەكی زۆر بەشدارییان تێدا كرد. (مام حەسەن و ئەحمەد محمود دیبەگەیی و مام یابە عومەر) بەردەوام لە پرسەكە دانیشتبوون. دوای شەهیدبوونی كاك (حەمە عەلی) (محەمەدی سمایل اغاو شێخ لەتیف بەرزنجی) تا كۆچی دواییان كرد. ژیان و گوزەرانی خێزان و مناڵەكانی شەهیدیان گرتبووە ئەستۆ. مانگانە پێداویستیەكانیان بۆ دابین دەكردن.

شەهید حەمە عەلی
شەهید حەمە عەلی

* *
(قادر موختار) موختاری گەڕەكەكەمان بوو. لە عەشیرەتی (بلباس) بوو. هەتا بڵێی پیاوێكی باش بوو. بێ جیاوازی زۆر هاوكاری كەس و كاری پێشمەرگەی دەكرد. ڕۆژێك هاتە ماڵەوەو پێیڕاگەیاندم. دوای بەدواداچوونی دائیرەی ئەمن زانیویانە جەنازەی (حەمە عەلی) دەرهێنراوەو گواستراوەتەوە. دواتریش پرسەی بۆ دانراوەو ناوتان لای دائیرەی ئەمنە. تكایە چارەسەرێكی خۆتان بكەن. سەر لە نوێ ترسێكی گەورە دایگرتم. لە ترسێكەوە بۆ ترسێكی تر. ئاخر ئەو كارانەی ئێمە كردمان بێ گومان سزای لە سێدارەدان بوو. بۆیە سەر لە نوێ شەو بە شپڕزەیی ڕام كردەوە لای (شێخ لەتیف بەرزنجی). هەواڵەكەم پێ گەیاند لە ڕاستیدا ئەویش شڵەژا. هەر بەو شەوە تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەمنی هەولێر كرد، كە دیار بوو ئەو پیاوە زۆر هاتووچۆی تەكیەی (شێخ كاكە)یان دەكرد. چووە لای و لە ڕێگای ئەوەوە كارەكەی چارەسەر كرد. ژیان و خەباتی ئەو ساڵانە بەو جۆرە بوو.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید حەمە عەلی و هەموو شەهیدانی كوردستان. سەربەرزیش بۆ ئەو جوامێرانەی ئەو كارەیان ئەنجامدا.
كاك حاجی عەباس ئەو بەسەر هاتەی بۆ گێڕامەوە.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەمەش تەماشاكە
Close