پەرلەمانتارێکی یەکێتی چوار ئامێری شۆردنی گورچیلە بۆ چەمچەماڵ دابیندەکات

لەسەر داواى پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەزیرى تەندروستى رەزامەندى دابینکردنى چوار ئامێرى پێویست و گرنگى بۆ “سەنتەرى گورچیلەی دەستکرد”ى قەزای چەمچەماڵ دەربڕى، هاوکات پەسەندى کرد مەڵبەندەکە بخرێتە ناو “پڕۆژەی نیشتمانی” ى بۆ شۆردنی گورچیلە.
پۆڵا شەهید سیروان دێڕەشەیی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دواى ئەوەى لە 28ى 7ى 2026 نوسراوى داواکاریم بۆ وەزیرى تەندروستى عیراق بەرزکردەوە بەمەبەستى دابینکردنى چوار ئامێری نوێی شۆردنی گورچیلە لە جۆری (Fresenius 5008)بۆ سەنتەرى گورچیلەی دەستکرد لە قەزای چەمچەماڵ، ئەمڕۆ پێنج شەممە 13ى8ى2026 وەزیرى تەندروستى رەزامەندى دەربڕى و ئەو چوار ئامێرەى داوامان کردبوو دابینی بکات.
ئاماژەى بە ئەوەش کرد: وەزیری تەندروستی عیراق رەزامەندی بۆ داواکاریەکى دیکەشم دەربڕى کە مەڵبەندەکە بخرێتە ناو پڕۆژەی نیشتمانی بۆ شۆردنی گورچیلە.
جێگای ئاماژەیە، نەخۆشانی گورچیلە لە قەزای چەمچەماڵ بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان ناچار دەبوون بۆ کەرکوک و سلێمانی بچن، ئەم حاڵەتەیش فشاری لەسەریان دروست دەکرد.




