بەراوردکاریی نرخی کارەبای ماڵان لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە

پسووڵەی کارەبا و هاتنەوەی پارەی کارەبا بۆ هاونیشتمانیان
پووختەی هەواڵەکە:
- نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان چەند هێندەی عێراق و وڵاتانی دراوسێیە.
- سعوودیە و عێراق کەمترین و هەرێمی کوردستان بەرزترین نرخی کارەبایان هەیە.
- لە هەرێمی کوردستان نرخی یەک کیلۆوات کارەبا دەگاتە 350 دینار.
- حکومەت لە وڵاتانی دراوسێ پاڵپشتی نرخ دەکات بەڵام لە هەرێم کەرتی تایبەت ڕۆڵ دەگێڕێت.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 کە تێیدا جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نرخی کارەبای ماڵان لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەردەکەوێت؛ لە کاتێکدا لە هەندێک وڵاتی دراوسێ نرخەکان بە پاڵپشتی حکومەت لە ئاستێکی زۆر نزمدا هێڵدراونەتەوە، لە هەرێمی کوردستان نرخەکە بۆ چەند هێندە بەرزبووەتەوە.
نرخی کارەبا لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە:
- لە عێراق نرخی یەک کیلۆوات کارەبا لە 10 دینارەوە دەستپێدەکات و بەپێی زیادبوونی بەکارهێنان لە 120 دینار تێپەڕ ناکات.
- لە ئێران بەهۆی پاڵپشتی حکومەتەوە، هەر کیلۆواتێک کارەبا بە نزیکەی 55 بۆ 60 دیناری عێراقی دەدرێتە هاوڵاتییان.
- لە سعودیە نرخەکان کەمترینن و بۆ هەر کیلۆواتێک تەنیا 7.5 دیناری عێراقی وەردەگیرێت.
- لە تورکیا سەرەڕای ئەوەی وڵاتێکی هاوردەکاری وزەیە، نرخی یەک کیلۆوات کارەبا یەکسانە بە 105 دیناری عێراقی.
دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان:
لە هەرێمی کوردستان نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە 72 دینارەوە دەستپێدەکات و لە کاتی زیادبوونی بەکارهێناندا دەگاتە 350 دینار. بە پێچەوانەی وڵاتانی دەوروبەر، حکومەتی هەرێم پاڵپشتی نرخەکان ناکات و لە ڕێگەی کەرتی تایبەت و پڕۆژەی “ڕووناکی”یەوە کارەبا بە هاوڵاتییان دەفرۆشرێت. ئەم نرخە بەراورد بە داهاتی تاک و نرخەکان لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری غازی سروشتی بە ئاستێکی زۆر بەرز هەژمار دەکرێت.



