ئەمڕۆ خۆرگیرانی تەواوەتی روودەدات

ئەمڕۆ 12ی8ی2026، دیاردەی خۆرگیرانی تەواو ڕوودەدات و لە چەند وڵاتێکی ئەروپا بە ڕێژەی سەداسەد ببینرێت، شارەزایەکی کەشناسیش ئاشکرای دەکات: ساڵی داهاتوو دیاردەیەکی دیکەی خۆرگیران عیراق و هەرێمی کوردستان روودەدات
ئەمڕۆ ملیۆنان دانیشتووی کیشوەری ئەوروپا خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە ڕووداوێکی گەردونی دەگمەن ئامادە دەکەن، ئەویش ڕوودانی خۆرگیرانی تەواوە کە لە ساڵی 2006ەوە ناوچەکە بەخۆیەوەی نەدیوە، لەم ڕووداوەدا بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئیسپانیا لە دەمەو ئێوارەدا دەکەونە ناو تاریکییەکی نائاساییەوە و خۆرگیرانی تەواو لەو وڵاتە روودەدات، هاوکات سەعات 5:00 بەکاتی گرینج، خۆرگیران لەگرینلاند و ئایسلاند روودەدات.
هاوکات، دانیشتووانی زۆربەی ناوچەکانی ئەوروپا، کەنەدا، باکووری ئەمریکا و باکووری ڕۆژئاوای ئەفریقا دەتوانن خۆرگیرانی نیوە ببینن.
ماوەی خۆرگیرانی تەواو لە ئیسپانیا پێش ئاوابوونی خۆر لە دوو خولەک تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا لە ڕوسیا و گرینلاند کەمێک زیاتر دەخایەنێت. بەڵام قۆناغەکانی خۆرگیرانی نیوە نزیکەی سەعاتێک و 45 دەقیقە بەردەوام دەبن.
دیاردەی خۆرگیران، لە عیراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە هەستی پێناکرێت، بەڵام ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: خۆرگیرانی داهاتوو لە 2ی8ی2026،ڕوودەدات، کە بە شێوەی تەواو لە وڵاتانی سعودیە و باکووری ئەفریقا دەبینرێت، هەروەها بە شێوەی نیمچەیی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت.




