وەزیری نەوت: هەرێمی كوردستان بە ئێمەی وت خۆمان بەنزین دابین دەكەین

باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عیراق دەڵێت، ئامادەییان دەربڕیووە بەنزینی پاڵپشتیكراو بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی داوای 50 هەزار بەرمیل نەوتی كردوەو وتوویانە خۆیان بەنزین دابین دەكەن.
وەزیری نەوتی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی گرانیی نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان وتی، لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان بۆچوونیان وابوو بەو بڕە نەوتە كە 50 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا، دەتوانن سوتەمەنی پێویست بۆ پارێزگاكانی هەرێم دابین بكەن، كە نرخەكەی هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق بێت.
ئێستاش ئامادەن ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ هەرێمی كوردستانو كۆمپانیاكانی نەوت كردوویانە هەمواری بكەنەوەو لە بەرانبەر ئەو 50 هەزار بەرمیلە نەوتەی پێیانی دەدەن، حكومەتی فیدراڵ راستەوخۆ سوتەمەنی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوتیش وتی، عیراق رۆژانە دوو ملیۆنو 700 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەو بڕەش نیوەی هەناردە دەكرێت، بەشێكی زۆریشی لە گەرووی هورمزەوە دەگوازرێتەوە كە مانگانە لە 106 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 22 ملیۆن بەرمیل كەمیكردووە.
وەزیری نەوتی عیراق دووپاتی كردەوە، یەكێك لە پڕۆژەكانی حكومەت ئەوەیە نەوتی بەسرە لەڕێگەی بۆرییەوە ببەستێتەوە بە فیشخابوورەوە، تاوەكو هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا بكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە لە سەرەتای ئەم مانگەوە توركیا و عیراق ڕێككەوتن ڕۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت لە بۆریی كەركوك-
جەیهانەوە هەناردە بكرێت و هەنگاو بەهەنگاو هەناردە زیاد بكرێت، هاوكات لەڕێگەی بەسرە – حەدیسە هەناردەی نەوتی عێراق بە گشتی بگاتە یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.



