ژمارە یەكی گۆڤاری تێكۆشەر بڵاودەكرێتەوە

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە: هاوپەیمانان سیستمی پاتریۆت لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەگوازنەوە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان دەستیان کردووە بە گواستنەوەی سیستمی پاتریۆت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەشڵێت، پێکهاتەی هاوپەیمانێتییەکە هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو ئەرکیان لە عێراق تەواو دەبێت و لە ئوردن بنکەی سەرکیی دادەنێن.
لیوا بەختیار، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە بوڵتەنی کاتژمێر 12ـی کەناڵ8 وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


پرسیار: هیچ گرفتێک دروست دەبێت ئەگەر بێتو هێزەکانی هاوپەیمانان بکشێنەوە، بەتایبەت کە ناوچەکە لە ئێستادا لە دۆخێکی مەترسیداردایە؟

کشانەوەکە دەنگ و سەدای زۆری دەبێت


لیوا بەختیار: بەڵێ، لە کاتی ئێستادا بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیماناندا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و حکومەتی فیدڕاڵ واژۆ کراوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 30ـی ئەیلوول ئەرکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، بەڵام هاوپەیمانان دەستیان کردووە بە گواستنەوەی ئەو سیستمە بەرگرییانەی ستراتیجین وەک پاتریۆت و هەندێکی ماوەتەوە لەگەڵ هەندێک سیستمی بەرگریی ناستراتیجیی دیکەش.
ئەگەرچی بەگوێرەی ڕێککەوتن ئەو هێزانە دەکشێنەوە، بەڵام لەکاتی ئێستادا لەبەرئەوەی دۆخێکی نائارام لە ناوچەکەدا هەیە، دەنگدانەوە و سەدای زۆری دەبێت وەک خۆت ئاماژەوپێکرد.

پرسیار: کەواتە ئەو دەنگۆیانە ڕاستن کە ئەمریکا سیستمی بەرگریی پاتریۆتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشاندووەتەوە؟

لە کوێ پێویست بیت سیستمی بەرگری لەوێ دادەنرێت



لیوا بەختیار: بەڵێ ڕاستە، ئەوان ستراتیجی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوان دەڵێن ئێمە جێگۆڕکێ بە هێزەکان دەکەین و لە کوێ پێویست بێت سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەوێ دادەنێین یان زیادی دەکەین.
بە دڵنیاییەوە ئەو سیستمی بەرگرییانە بکشێنرێنەوە ئاسمان واڵاتر دەبێت ئەگەر بێتو هێرشیکی درۆنی هەبێت بۆ سەر کونسوڵخانە یاخود شوێنەکانی دیکە.

پرسیار: ئەمریکا هەمیشە کوژرانی سەربازێکی لەلا هێڵی سوور بووە، ئێستا چۆن بە بێ هیچ سیستمێکی بەرگری بەجێیان دەهێڵێت کە لەگەڵ ئەوەی ئاگربەست هەیە، هەزار هێرش کراوەتە سەری بە نموونە لە هەرێمی کوردستان؟

لەمەودوا پێکانی ئامانجەکان ئاسانتر دەبن

لیوا بەختیار: لە ڕاستیدا دەتوانین بەسێنتکۆم بڵێین بۆچی کاتی کشانەوەی ئەم چەکانە پێشخراوە؟ ڕێککاری گوستنەوەکەی چی دەبێت؟ بەڵام بە دڵنییاییەوە لەکاتی ئێستادا چ ئەو ئامانجانەی پێشتر پێکراون بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، ئاسانتر دەبن و واڵاتر دەبن، چونکە سیستمی پاتریۆت نییە.

پرسیار: پاش کشانەوەی تەواوەتی لە مانگی داهاتوودا، چ گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوودەدات؟

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەمێنێت


لیوا بەختیار: ئەو نا ئارامی و ناسەقامگیرییەی لە ناوچەکە هەیە، ڕوون نییە کە داهاتووەکەی بەرەو کوێ دەڕوات، بەرەو ڕێککەوتن یاخود بەرەو گرژیی زیاتر دەڕوات. بەگوێرەی ئەو خشتەیەی پێشتر هەبووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەبوو هاوپەیمانان لەگەڵ حکومەتی فدڕاڵدا لە 30ـی ئەیلوول ئەرکیان تەواو بێت و بگوازرێنەوە لە عێراقدا نەمێنن، بنکەی سەرەکیشیان بچێتە ئوردن، بە دڵنیاییەوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەمێنێت، بەڵام ئەرکی لە عێراقدا کۆتایی پێدێت، بەڵام لە ئوردنەوە بەردەوام دەبێت، چونکە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەڵنەوەشاوەتەوە.
بەڵام لە دوای 30ـی ئەیلوول و ئەو سەردانەشی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردی بۆ ئەمریکا لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتن و چوارچێوە ستراتیجیەی کە لەساڵی 2024دا واژۆکرا، دەبێت عێراق لە دوای 30ـی ئەیلوول هاوپەیمانیی دووقۆڵی لەگەڵ ئەو وڵاتانە ببەسترێت بۆ نموونە ئەمریکا یاخود بەریتانیا دەیەوەێت یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن لە بواری ئەمنی ببەستێت کە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش ئەوەیان دەوێت، دیارە هاوپەیمانییەکە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ لە ئاستی هاوپەیمانی دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی دوو قۆڵی، ئەمەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو حکومەتە نوێیەی لە بەغداد دروستبووە لەسەر ئەو بنەمایە ئەرک و گرنگی و شێوازی ئەو هێزانە دیاری دەکرێت.

پرسیار: بەشێکی زۆر لە هێزە عێراقییەکان لە سیاسییە عێراقییەکان بەتایبەت شیعە باس لەوە دەکەن، کە نا سەقامگیرییەکان لە عێراقدا هەموویان پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بە بوونی ئەم هێزەوەیە دەڵێن ئەگەر ئەوان عێراق بەجێبهێڵن ئێمە دەگەینە ئارامی، ئایا بە بەجێهێشتنی ئەوان عێراق دەگاتە ئارامی؟

گرەنتنی ناکرێت سبەینێ چی ڕوودەدات

لیوا بەختیار: بەدڵنیاییەوە دەکەوێتە سەر ئەو ڕێککەوتنانەی هەیە، لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرەنتیی ئەوە ناکرێت کە سبەینێ چی ڕوودەدات، کاتێک هێزی هاوپەیمانان لەم ناوچانە نامێنن بە دڵنیاییەوە ترسی سەرهەڵدانەوەی داعشیش دروستدەبێت، چونکە ئەم هاوپەیمانییە دروستبوو لەبەر داعش بوو، بەڵێ داعش لە عێراقدا لاواز و بێ توانا بووە، بەڵام شانە نوستووەکانی ماون لە عێراق، ڕەنگە لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ نموونە ئەم گرووپانە چەکداریان هەبێت، بۆیە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکشێتەوە بۆی هەیە جارێکیدیکە باسی داعش بێتەوە بەر باس ئەگەر بە ئەگەرێکی کەمیشەوە بێت، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کاتێک ئەم هێزانە دەکشێنەوە، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەت بێت، کەواتە ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت کار دەکەن، دەبێت چەک بکرێن یان چەکەکانیان لەژێر دەستی دەوڵەتدا بێت، بۆیە هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هاوپەیمانان دەبێت گرووپەکانیش چەکەکانیان لەژێر سەرپەرشتیی دەوڵەت بێت، دووەم دەبێت زەمانی ئەوە بکرێت کە داعش جارێکیدیکە سەر هەڵ نەداتەوە، سێیەم ئەوەیە دەبێت هاوکاری و هەماهەنگیی ناوخۆیی بەهێز بێت بۆ نموونە وەزارەتە ئەمنییەکان لە عێراقدا بەهێزبکرێت، هاوکاری و پەیوەندییەکی باش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقدا دروست بکرێت، ڕێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ دراوسێکانی عێراقدا بکرێت بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی پێشتر هەبوون، بەردەوام نەبێت یاخوود بووەستێنرێت، کە ئەوەش بیرو باوەڕ و ڕوئیایەکی ستراتیجی پێویستە.

پرسیار: بە کشانەوەی هێزەکان هیچ دۆخێکی جیاواز دێتە پێشەوە مەبەستم ئەوەیە هەرێمی کوردستان بە گشتی چی بەسەر دێت؟

نەمانی بیانوو بۆ گرووپە چەکدارەکان


لیوا بەختیار: دەکەوێتە سەر ئامانجی ئەو گرووپانەی هەرێمی کوردستانیان بە ئامانج گرتووە، کە ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە ئامانج گیراوە، بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیراوە، هەندێک شوێنی تایبەتی هێزەکان لە کوردستان بە ئامانج گیراوە، ئەگەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بنکەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر هەڵبگریت، ئەوکاتە بیانوویەک نامێنێت بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە بێن ئەو بنکانە بۆردوومان بکەن یاخود شوێنێکی دیکە لە سلێمانی بۆردوومان بکەن، دەکەوێتە سەر ئەو ئامانج و بیانووەی ئەوان بەکاریانهێناوە، هیچ گرنتییەکیش نییە کە لە داهاتوودا بە هەمان کردار هەڵنەستن، ڕەنگە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبەرئەوەی بڵێ هێزم لەسەر زەوی نییە ئەم سیستمە بەرگرییانەی لابردبێت بۆ ئەوەی چی دیکە ئەو گرووپانە هێرش نەکەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرەنتی نییە سەرەڕای ئەوەی بیانووش نەماوە.

پرسیار: کەواتە وەک باستکرد ئەو هێرشانەی کە دەکران بیانوویان هەبوو ئەی هێرش بۆ سەر هێزەکانی هەرێمی کوردستان بۆچی؟

 ئەیلوولی 2026 هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەواوەتی دەکشێنەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەکاتێکی گرژ و ئاڵۆزیدایە، بۆیە هەواڵەکە زەقتر دەردەکەوێت و کاریگەرییەکەی زیاترە، چونکە بوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاریگەریی هەبوو لەسەرهەڵنەدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا، وایکرد کەمترین دەستوەردان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بکرێت، ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دا دەکرا، کاریگەریی هەبوو لەسەر گفتوگۆی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان.


پرسیار: گوتت کە دۆخەکە دژراوە، کەواتە دەکرێت پلانێکی لەناکاو بێتە ئاراوە و داوا لە هاوپەیمانان بکرێت بمێننەوە؟

لیوا بەختیار: بەڵێ، هەموو شتێک ڕێی تێدەچێت، لەبەرئەوەی هیچ کام لە لایەنەکان هەست ناکەن گەیشتوونەتە ئامانج، هیچ کام لە لایەنەکان هەست بەوە ناکەن براوەن یاخود دۆڕاون، بۆیە لە ئێستاوە تاوەکو سەری ساڵ هەموو ئەگەرەکان کراوەن.

زیاتر پیشانبدە

وتارە پەیوەندیدارەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *