لە رێكخستنی شارەوە تا تیپی 87ی قەرەچووغ
خانەوادەیەك لە پێشمەرگە و پێشمەرگەیەكی دڵسۆز لە ناو هەناوی خێزانێكی كوردپەروەردا، مام حەمەدەمینی باوكی شەهید ئەحمەد، تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرینی ئەو رۆژگارە، جگە لە خۆی، منداڵەكانیشی بە دروشمی (كەم بژی و كەڵ بژی) گۆش و پەروەردە كرد، خاوەنی دوو كوڕی شەهیدە و خۆشی پێشمەرگە و تێكۆشەرێكی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كوڕەكانی تریشی لە دوای راپەڕینەوە پێشمەرگە و رێبواری رێبازەكەی (مام)ن، لەسەر یەكێتی و كوردبوونیان، هەوراز و نشێوی زۆریان بینیوە.
ئەوەی مەبەستمە لەم چەند دێڕەدا دەربارەی شەهید ئەحمەد بیڵێم، ئەوەیە كە هەر لە تەمەنی هەرزەكارییەوە لەلایەن باوكییەوە رێكخرابوو بۆ كاری رێكخستن، ئەویش بەوپەڕی لەخۆبوردووییەوە ئەركەكانی سەرشانی جێبەجێ دەكرد، لە پێشمەرگایەتیشدا كەسێكی بێدەنگ، بە دیسپلین، خۆڕاگر و بە ئەمەك بووە.
ژیاننامەكەی
شەهید ئەحمەد حەمەدەمین رەزا ناسراو بە ئەحمەد تەلەلخێمی، لەدایكبووی ساڵی 1970ی گوندی تەلەلخێمی گەورەی ناحیەی گوێڕی قەزای مەخمورە و دەرچووی قۆناغی ناوەندییە، ساڵی 1984 لە رێگەی باوكییەوە پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1986 بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 87ی قەرەچوخ، بەشداریی چەندین شەڕ و نەبەردیی كردووە لە سنووری مەڵبەندی سێی هەولێر، جارێكیش برینداركراوە،
رۆژی 15/9/1988 لـــــە (تاتی دۆ)ی چیای قەندیل، شەهید كرا، برایەكی دیكەشی شەهیدی سەنگەرە.



